بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِیمِ
إِذَا السَّمَاءُ انشَقَّتْ (1)
کاتێک دێت ئاسمان لەتوپەت دەبێت.
وَأَذِنَتْ لِرَبِّهَا وَحُقَّتْ (2)
گوێڕایەڵی فەرمانی پەروەردگاری دەبێت، حەق وایە و پێویستە لەسەری ئاوا فەرمانبەردار بێت.
وَإِذَا الْأَرْضُ مُدَّتْ (3)
هەر وەها کاتێک دێت زەویش پان و بەرین دەبێتەوە (تا جێگەی هەمووانی لەسەر ببێتەوە، کە ئەمە ئاماژەیە بۆ تەختبوونی لەو کاتەدا).
وَأَلْقَتْ مَا فِيهَا وَتَخَلَّتْ (4)
هەر چی لەناویدا هەیە فڕێی دەداتە سەر ڕووکاری و خۆی خاڵی دەکات.
وَأَذِنَتْ لِرَبِّهَا وَحُقَّتْ (5)
گوێڕایەڵی فەرمانی پەروەردگاری دەبێت، حەق وایە و پێویستە لەسەری ئاوا فەرمانبەردار بێت.
يَا أَيُّهَا الْإِنسَانُ إِنَّكَ كَادِحٌ إِلَىٰ رَبِّكَ كَدْحًا فَمُلَاقِيهِ (6)
ئەی ئینسان بەڕاستی تۆ خۆت زۆر ماندوو دەکەیت، زۆر ڕەنج و زەحمەت دەکێشیت، سەرەنجامیش دەبێ بگەڕێیتەوە بۆ لای پەروەردگارت (تا پاداشتی ڕەنج و هەوڵەکەت وەربگریت).
فَأَمَّا مَنْ أُوتِيَ كِتَابَهُ بِيَمِينِهِ (7)
جا ئەوەی دۆسییەی کردەوەکانی درایە دەستی ڕاستی...
فَسَوْفَ يُحَاسَبُ حِسَابًا يَسِيرًا (8)
ئەوە لەمەودوا لێپرسینەوەیەکی زۆر ئاسانی لەگەڵدا دەکرێت.
وَيَنقَلِبُ إِلَىٰ أَهْلِهِ مَسْرُورًا (9)
بە دڵی خۆش و ڕووی خۆشەوە دەگەڕێتەوە بۆ ناو کەسوکاری چاک و خواناسی، بۆ ناو ئیمانداران (سەرەڕای حۆری و غلمان و ولدان).
وَأَمَّا مَنْ أُوتِيَ كِتَابَهُ وَرَاءَ ظَهْرِهِ (10)
(بەڵام) ئەوەی دۆسییەی کردەوەکانی لە پشتییەوە درایە دەستی.
فَسَوْفَ يَدْعُو ثُبُورًا (11)
ئەوە لەمەولا هاوار و دادی لێ بەرز دبێتەوە و دەڵێت: خوایە مەرگ، خوایە بمکوژە، خوایە لەناوم بەرە.
وَيَصْلَىٰ سَعِيرًا (12)
دەخرێتە ناو دۆزەخ.
إِنَّهُ كَانَ فِي أَهْلِهِ مَسْرُورًا (13)
چونکە بەڕاستی ئەو جۆرە کەسە کاتی خۆی لەناو ماڵ و خێزانیدا بە کەیف و ئاهەنگی ناشەرعی، بە بەرپاکردنی سفرە و خوانی حەرام دڵی خۆش بوو (مەستی ڕابوواردنی حەرام بوو).
إِنَّهُ ظَنَّ أَن لَّن يَحُورَ (14)
بڕوای وا بوو کە هەرگیز زیندووبوونەوە و گەڕانەوە و لێپرسینەوە نییە.
بَلَىٰ إِنَّ رَبَّهُ كَانَ بِهِ بَصِيرًا (15)
نەخێر بە گومانی ئەو نەبوو، پەروەردگاری چاک ئاگاداری کار و کردەوەکانی بوو و دەیبینی چی دەکات.
فَلَا أُقْسِمُ بِالشَّفَقِ (16)
سوێندم (بەو کاتەی دوای خۆراوابوون) ئاسۆ سوور هەڵدەگەڕێت.
وَاللَّيْلِ وَمَا وَسَقَ (17)
بە شەو و ئەوەی کە کۆی دەکاتەوە (شەوگار ئادەمیزاد لە ماڵی خۆیدا و گیانداران لە شوێنی خۆیان و باڵندەکان لە هێلانەکانیاندا کۆ دەکاتەوە).
وَالْقَمَرِ إِذَا اتَّسَقَ (18)
بە مانگی چواردەش کاتێک تێروتەواو و گەورە و درەخشان دەبێت.
لَتَرْكَبُنَّ طَبَقًا عَن طَبَقٍ (19)
ئێوە تێ دەپەڕن و گۆڕانکاری و حاڵاتی زۆرتان بەسەر دێت (بۆ نموونە: لە مناڵی بۆ لاوی، بۆ پیری، بۆ مەرگ، بۆ بەرزەخ، بۆ قیامەت، لەوەودواش بۆ بەهەشت یان دۆزەخ)، یاخود لە ساغی بۆ نەخۆشی یان بەپێچەوانەوە. لە هەژاری بۆ دەوڵەمەندی یان پێچەوانەوە، لە قیامەتیشدا لە بەهەشتدا ئیمانداران بەردەوام بەرەو تەواوتر و چاکتر دەبرێن).
فَمَا لَهُمْ لَا يُؤْمِنُونَ (20)
کە واتە ئەو خوانەناسانە چییانە و بۆ چی ئیمان ناهێنن؟
وَإِذَا قُرِئَ عَلَيْهِمُ الْقُرْآنُ لَا يَسْجُدُونَ ۩ (21)
کاتێک قورئانیش بەسەریاندا دەخوێنرێتەوە، سوژدە نابەن و ملکەچ نابن؟
بَلِ الَّذِينَ كَفَرُوا يُكَذِّبُونَ (22)
دیارە کە بێباوەڕان بەردەوام ڕاستییەکان بەدرۆ دەزانن، بەڵکوو باوەڕی پێ ناکەن.
وَاللَّهُ أَعْلَمُ بِمَا يُوعُونَ (23)
خوایش چاک ئاگا و زانایە بەوەی کە لە دڵ و دەروونیاندا شاردوویانەتەوە (لە بوغز و کینە و پیلان، دژی ئیسلام و موسوڵمانان).
فَبَشِّرْهُم بِعَذَابٍ أَلِيمٍ (24)
(کە واتە) مژدەی ئازار و سزایەکی بەئێشیان پێ بدە!
إِلَّا الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَهُمْ أَجْرٌ غَيْرُ مَمْنُونٍ (25)
جگە لەوانەی کە ئیمان و باوەڕیان هێناوە و کار و کردەوەی چاکیان ئەنجام داوە، پاداشتی نەبڕاوە و بێمنەت چاوەڕێیانە.