بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِیمِ
الم (1)
چەند پیتێک لە سەرەتای هەندێ لە سووڕەتەکانی قورئاندا هاتوون کە ژمارەیان «14» پیتە. نیوەی کۆی پیتەکانی زمانی عەرەبین؛ بۆ سەلماندنی «اعجاز» و مەزنی و گرنگیی قورئان کە لە توانای هیچ کەسدا نییە بەو پیتانە کتێبێکی ئاوا بێوێنە دابنێت؛ بەڕادەیەک کە ئەگەر هەمووی گرۆی ئادەمیزاد و پەری کۆ ببنەوە بۆ ئەو مەبەستە بێگومان ناتوانن. هەر وەها چەندەها نهێنیی تریشی تیایە، زاناکان لە هەندێکی دوواون، هەندێکیشیان وتوویانە: هەر خوا خۆی زانایە بە نهێنیی ئەو پیتانە.
أَحَسِبَ النَّاسُ أَن يُتْرَكُوا أَن يَقُولُوا آمَنَّا وَهُمْ لَا يُفْتَنُونَ (2)
ئایا خەڵکی وایان زانیوە، وازیان لێ دەهێنرێت و پشتگوێ دەخرێن کە بڵێن ئیمان و باوەڕمان هێناوە، لە کاتێکدا ئەوان تاقی نەکرێنەوە و تووشی سزا و ئازار نەکرێن؟
وَلَقَدْ فَتَنَّا الَّذِينَ مِن قَبْلِهِمْ ۖ فَلَيَعْلَمَنَّ اللَّهُ الَّذِينَ صَدَقُوا وَلَيَعْلَمَنَّ الْكَاذِبِينَ (3)
سوێند بە خوا بێگومان ئێمە ئەوانەی پێش ئەمانمان تاقی کردۆتەوە بە جۆرەها شێوە، تا خوای گەورە (لە جیهانی واقیعدا) ئەوانەی ڕاستیان کردووە بیانناسێت و دەرکەون، هەر وەها درۆزنەکانیش دەبێت بناسێت و دەرکەون.
أَمْ حَسِبَ الَّذِينَ يَعْمَلُونَ السَّيِّئَاتِ أَن يَسْبِقُونَا ۚ سَاءَ مَا يَحْكُمُونَ (4)
ئایا ئەوانەی خراپە و نادرووستی دەکەن وا دەزانن کە لە دەستمان دەردەچن و دەرباز دەبن؟! ئای چەندە خراپە ئەو بڕیارەی کە دەیدەن.
مَن كَانَ يَرْجُو لِقَاءَ اللَّهِ فَإِنَّ أَجَلَ اللَّهِ لَآتٍ ۚ وَهُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ (5)
ئەوەی کە ئاواتەخوازە بە دیداری خوا شاد ببێت، با دڵنیا بێت کە کاتی دیاریکراوی خوا و ساتی سەرەمەرگ هەر دێت (تا بە دیداری شاد ببێت)، ئەو خوایە زۆر بیسەرە (بە گوفتاری بەندەکانی) و زانایە بە حاڵیان.
وَمَن جَاهَدَ فَإِنَّمَا يُجَاهِدُ لِنَفْسِهِ ۚ إِنَّ اللَّهَ لَغَنِيٌّ عَنِ الْعَالَمِينَ (6)
ئەوەش کە هەوڵ دەدات و کۆشش دەکات لە پێناوی گەیاندی ئایینی خوادا، بێگومان قازانج و سوودی هەوڵ و کۆششەکەی هەر بۆ خۆیەتی، چونکە بەڕاستی خوا بێنیازە لە هەموو خڵکی. (بەڵام لە قیامەتدا ئەو زاتە زۆر سوپاسگوزاری ئەو کەسانەیە کە هەوڵ و کۆششیان داوە لە پێناوی ئایینەکەیدا).
وَالَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَنُكَفِّرَنَّ عَنْهُمْ سَيِّئَاتِهِمْ وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَحْسَنَ الَّذِي كَانُوا يَعْمَلُونَ (7)
ئەوانەی کە ئیمان و باوەریان هێناوە و کار و کردەوە چاکەکانیان ئەنجام داوە، بەڕاستی هەڵە و گوناهەکانیان دەسڕینەوە و بە چاکتر لەوەی کە دەیانکرد پاداشتیان دەدەینەوە.
وَوَصَّيْنَا الْإِنسَانَ بِوَالِدَيْهِ حُسْنًا ۖ وَإِن جَاهَدَاكَ لِتُشْرِكَ بِي مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ فَلَا تُطِعْهُمَا ۚ إِلَيَّ مَرْجِعُكُمْ فَأُنَبِّئُكُم بِمَا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ (8)
ئێمە فەرمانمان داوە بە ئادەمیزاد کە چاکرەفتار بێت لەگەڵ دایک و باوکیدا، خۆ ئەگەر زۆریان لێ کردیت تا هاوەڵ و هاوبەشم بۆ بڕیار بدەیت، بێ ئەوەی زانست و زانیاریت هەبێت دەربارەی، ئەوە ملکەچیان مەبە و بەگوێیان مەکە، دڵنیاش بن کە گەڕانەوەتان بۆ لای منە، ئەو کاتە ئاگادارتان دەکەمەوە لەو کردەوانەی کە ئەنجامتان دەدا.
وَالَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَنُدْخِلَنَّهُمْ فِي الصَّالِحِينَ (9)
جا ئەوانەی کە ئیمان و باوەریان هێناوە و کار و کردەوە چاکەکانیان ئەنجام داوە، ئەوە بێگومان دەیانخەینە ڕیزی چاکەکارانەوە.
وَمِنَ النَّاسِ مَن يَقُولُ آمَنَّا بِاللَّهِ فَإِذَا أُوذِيَ فِي اللَّهِ جَعَلَ فِتْنَةَ النَّاسِ كَعَذَابِ اللَّهِ وَلَئِن جَاءَ نَصْرٌ مِّن رَّبِّكَ لَيَقُولُنَّ إِنَّا كُنَّا مَعَكُمْ ۚ أَوَلَيْسَ اللَّهُ بِأَعْلَمَ بِمَا فِي صُدُورِ الْعَالَمِينَ (10)
هەندێک لە خەڵکی هەن کە دەڵێن: باوەڕمان بە خوا هێناوە، جا کاتێک یەکێک لەوانە لەبەر خوا و لە پێناوی خوادا تووشی ئازار و ناخۆشی کرا، وا دەزانێت سزا و ئەشکەنجەی خەڵکی وەک سزای خوا وایە (وەک چۆن لە دۆزەخدا پەشیمانە لێرەش بەهۆی ئەشکەنجەی خەڵکییەوە لە دین پەشیمان دەبێتەوە)، بەڕاستی ئەگەر پەروەردگارت سەرکەوتنێکی بەخشی، دووڕووەکان بەگەرمی دەڵێن خۆ ئێمەش بێگومان هاوکارتان بووین، مەگەر خوا خۆی نازانێت چی حەشار دراوە لە دەروونی هەموو خەڵکیدا (بەتایبەت لە دڵی ئەو جۆرە کەسانەدا)؟
وَلَيَعْلَمَنَّ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا وَلَيَعْلَمَنَّ الْمُنَافِقِينَ (11)
سوێند بێت، خوا ئاگادارە بەوانەی باوەڕیان هێناوە، هەر وەها بەوانەش کە دووڕوون (جیایان دەکاتەوە).
وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لِلَّذِينَ آمَنُوا اتَّبِعُوا سَبِيلَنَا وَلْنَحْمِلْ خَطَايَاكُمْ وَمَا هُم بِحَامِلِينَ مِنْ خَطَايَاهُم مِّن شَيْءٍ ۖ إِنَّهُمْ لَكَاذِبُونَ (12)
ئەوانەی کە بێباوەڕ بوون وتیان بەوانەی کە باوەڕیان هێناوه: وەرن شوێنی ڕێبازی ئێمە بکەون (ئەگەر شوێنکەوتنی ڕێبازی ئێمە هەڵە بێت) ئەوە گوناهتان بە ئەستۆی ئێمە، ئەڵبەتە ئەوانە لە قیامەتدا ناتوانن هیچ گوناهـ و تاوانێکی ئەوان بگرنە ئەستۆ، بەڕاستی ئەوانە هەر درۆ دەکەن و درۆزنن.
وَلَيَحْمِلُنَّ أَثْقَالَهُمْ وَأَثْقَالًا مَّعَ أَثْقَالِهِمْ ۖ وَلَيُسْأَلُنَّ يَوْمَ الْقِيَامَةِ عَمَّا كَانُوا يَفْتَرُونَ (13)
سوێند بە خوا سەرەنجام گوناهی سەنگینی خۆیان و ئەو کەسانەش کە گومڕایان کردوون دەبێتە سەرباریان، لە ڕۆژی قیامەتیشدا پرسیاریان لێ دەکرێت لەو درۆودەلەسە و تەڵەکەبازییەی کە هەڵیان دەبەست.
وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا نُوحًا إِلَىٰ قَوْمِهِ فَلَبِثَ فِيهِمْ أَلْفَ سَنَةٍ إِلَّا خَمْسِينَ عَامًا فَأَخَذَهُمُ الطُّوفَانُ وَهُمْ ظَالِمُونَ (14)
سوێند بە خوا ئێمە «نوح» ـمان ڕەوانە کرد بۆ سەر قەوم و هۆزەکەی، هەزار ساڵ پەنجا کەم لەناویاندا مایەوە، سەرەنجام لافاو و زریان هەموویانی پێچایەوە لە کاتێکدا ئەوان ستەمکار بوون.
فَأَنجَيْنَاهُ وَأَصْحَابَ السَّفِينَةِ وَجَعَلْنَاهَا آيَةً لِّلْعَالَمِينَ (15)
ئەو کاتە ئیتر ئەومان ڕزگار کرد هاوڕێ لەگەڵ هەموو سەرنشینەکانی کەشتییەکەدا و ئەو ڕووداو و کەشتییەمان کردە بەڵگە و نیشانە بۆ هەموو لایەک و هەموو نەوەکان.
وَإِبْرَاهِيمَ إِذْ قَالَ لِقَوْمِهِ اعْبُدُوا اللَّهَ وَاتَّقُوهُ ۖ ذَٰلِكُمْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ (16)
باسی ئیبراهیمیش بکە کە کاتی خۆی بە قەوم و هۆزی خۆیی وت: تەنها خوا بپەرستن و هەر لەو بترسن، ئەو بیر و باوەڕە چاک و پەسەند و خێردارترە بۆتان، ئەگەر بزانن و تێ بگەن.
إِنَّمَا تَعْبُدُونَ مِن دُونِ اللَّهِ أَوْثَانًا وَتَخْلُقُونَ إِفْكًا ۚ إِنَّ الَّذِينَ تَعْبُدُونَ مِن دُونِ اللَّهِ لَا يَمْلِكُونَ لَكُمْ رِزْقًا فَابْتَغُوا عِندَ اللَّهِ الرِّزْقَ وَاعْبُدُوهُ وَاشْكُرُوا لَهُ ۖ إِلَيْهِ تُرْجَعُونَ (17)
بەڕاستی ئەو شتانەی کە لەجیاتیی خوا دەیانپەرستن تەنها بت و پەیکەرن، ئێوە بوختان و شتی نابەجێ درووست دەکەن، بێگومان ئەو شتانەی کە لەجیاتیی خوا دەیانپەرستن خاوەنی هیچ ڕزق و ڕۆزییەک نین بۆ ئێوە، کە واتە هەر داوای ڕزق و ڕۆزی لە خوا بکەن، هەر ئەویش بپەرستن، هەر سوپاسگوزاری ئەو بن، بۆ لای ئەویش دەبرێنەوە.
وَإِن تُكَذِّبُوا فَقَدْ كَذَّبَ أُمَمٌ مِّن قَبْلِكُمْ ۖ وَمَا عَلَى الرَّسُولِ إِلَّا الْبَلَاغُ الْمُبِينُ (18)
خۆ ئەگەر ئێوە ئەم پەیامە بەدرۆ دەزانن (ئەوە نەبێت یەکەم هۆز و گەل بن کە لە بەرانبەری پەیامی خواوە هەڵوێستتان ئاوا ناڕەوا بێت) ئەوە بەڕاستی گەلانێکی پێش ئێوەش پەیامی خوایان بەدرۆ دەزانی، پێغەمبەریش تەنها گەیاندن و ڕوونکردنەوەی ئاشکرا ئەرکی سەرشانێتی و هیچی تر.
أَوَلَمْ يَرَوْا كَيْفَ يُبْدِئُ اللَّهُ الْخَلْقَ ثُمَّ يُعِيدُهُ ۚ إِنَّ ذَٰلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ (19)
ئایا ئەوە سەرنجیان نەداوە چۆن خوا لە سەرەتاوە درووستکراوان بەدی دەهێنێت و پاشان دووبارەی دەکاتەوە، بێگومان ئەو شتانە بۆ خوا زۆر سادە و ئاسانە.
قُلْ سِيرُوا فِي الْأَرْضِ فَانظُرُوا كَيْفَ بَدَأَ الْخَلْقَ ۚ ثُمَّ اللَّهُ يُنشِئُ النَّشْأَةَ الْآخِرَةَ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ (20)
(ئەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم) پێیان بڵێ: با بگەرێن بە زەویدا، تەماشا بکەن و سەرنج بدەن چۆن ئەو زاتە درووستکراوانی بەدی هێناوە، لەوەودواش هەر خوا سەرلەنوێ بەرپایان دەکاتەوە (بە شێوە و شێوازێکی تر ئاسمانەکان و زەوی و ئێمەش دەهێنێتەوە کایە) بەڕاستی خوا دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێکدا هەیە.
يُعَذِّبُ مَن يَشَاءُ وَيَرْحَمُ مَن يَشَاءُ ۖ وَإِلَيْهِ تُقْلَبُونَ (21)
هەندێک جار، سزای ئەو کەسانە دەدات کە خوا بیەوێت و شایستەی سزان و سۆز و میهرەبانیی خۆیشی دەنوێنێت بۆ ئەوانەی کە دەیوێت و باوەڕدارن، سەرەنجامیش هەر بۆ لای ئەو زاتە دەبرێنەوە.
وَمَا أَنتُم بِمُعْجِزِينَ فِي الْأَرْضِ وَلَا فِي السَّمَاءِ ۖ وَمَا لَكُم مِّن دُونِ اللَّهِ مِن وَلِيٍّ وَلَا نَصِيرٍ (22)
(ئەی گرۆی ئادەمیزاد) ئێوە ناتوانن خوا دەسەوسان بکەن، نە لە زەویدا نە لە ئاسماندا، کەسیش نییە جگە لە خوا پشتیوانتان بێت و فریاتان بکەوێت (ئەگەر ڕێگەی چەوت و نادرووست بگرن).
وَالَّذِينَ كَفَرُوا بِآيَاتِ اللَّهِ وَلِقَائِهِ أُولَٰئِكَ يَئِسُوا مِن رَّحْمَتِي وَأُولَٰئِكَ لَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ (23)
ئەوانەی کە بڕوایان نییە بە ئایەت و فەرمانەکانی خوا و بە دیدار ئامادەبوونی بەردەم بارەگاکەی (بۆ لێپرسینەوە) ئا ئەوانە (خوا دەفەرمێت) لە میهرەبانیی من نائومێدن و ئەوانە سزای زۆر بەئێش بۆیان ئامادەیە.
فَمَا كَانَ جَوَابَ قَوْمِهِ إِلَّا أَن قَالُوا اقْتُلُوهُ أَوْ حَرِّقُوهُ فَأَنجَاهُ اللَّهُ مِنَ النَّارِ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ (24)
وەڵامی قەوم و هۆزەکەی ئیبراهیم تەنها ئەوە بوو وتیان: بیکوژن یان بیسووتێنن بەڵام خوا لە ئاگرەکە ڕزگاری کرد، بێگومان ئا لەو پێشهاتەدا نیشانە و بەڵگەی زۆر هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە ئیمان و باوەڕ دەهێنن.
وَقَالَ إِنَّمَا اتَّخَذْتُم مِّن دُونِ اللَّهِ أَوْثَانًا مَّوَدَّةَ بَيْنِكُمْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا ۖ ثُمَّ يَوْمَ الْقِيَامَةِ يَكْفُرُ بَعْضُكُم بِبَعْضٍ وَيَلْعَنُ بَعْضُكُم بَعْضًا وَمَأْوَاكُمُ النَّارُ وَمَا لَكُم مِّن نَّاصِرِينَ (25)
لەوەودوا پێی وتن: بەڕاستی ئەوەی ئێوە لەجیاتیی خوا دەتانپەرست تەنها بت و پەیکەرن، لەبەر خاتری یەکتر و ڕێزدانانتان بۆ یەکترە لە ژیانی دنیادا، دواجار لە ڕۆژی قیامەتدا یەکتر کافر دەکەن و یەخەی یەکتر دەگرن، هەندێکیشتان نەفرین لە هەندێکی ترتان دەکەن، سەرەنجامیش شوێن و جێگەی دیاریکراوتان ناو ئاگرە، ڕزگارکەریشتان نییە.
فَآمَنَ لَهُ لُوطٌ ۘ وَقَالَ إِنِّي مُهَاجِرٌ إِلَىٰ رَبِّي ۖ إِنَّهُ هُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ (26)
ئینجا «لوط» باوەڕی پێ هێنا، ئیبراهیم دوای ئەوەی کە نائومێد بوو لە قەومەکەی وتی: بەڕاستی من ئیتر کۆچ دەکەم بۆ لای پەروەردگارم (بۆ ئەو شوێنەی کە ئەو بۆم دیاری دەکات) چونکە بەڕاستی ئەو زاتێکی زۆر بەدەسەڵات و دانایە.
وَوَهَبْنَا لَهُ إِسْحَاقَ وَيَعْقُوبَ وَجَعَلْنَا فِي ذُرِّيَّتِهِ النُّبُوَّةَ وَالْكِتَابَ وَآتَيْنَاهُ أَجْرَهُ فِي الدُّنْيَا ۖ وَإِنَّهُ فِي الْآخِرَةِ لَمِنَ الصَّالِحِينَ (27)
پاشان «ئیسحاق» ـمان پێ بەخشی و «یەعقووب» ـیشمان بە ئیسحاق بەخشی و پێغەمبەرایەتیمان کردە کاڵای باڵای نەوەکانی، کتێبە ئاسمانەکانیشمان بۆ ناردن، هەر لە دنیادا پاداشتمان دایەوە، ئەو بەڕاستی لە قیامەتیشدا لە ڕیزی پیاوچاکاندایە.
وَلُوطًا إِذْ قَالَ لِقَوْمِهِ إِنَّكُمْ لَتَأْتُونَ الْفَاحِشَةَ مَا سَبَقَكُم بِهَا مِنْ أَحَدٍ مِّنَ الْعَالَمِينَ (28)
یادی «لوط» ـیش بکە کاتێک بە قەومەکەیی وت: ئێوە بەڕاستی تاوانێکی گەورە دەکەن، ئێوە گوناهێکی ناشیرین ئەنجام دەدەن، هیچ کەس بەر لە ئێوە کاتی وایە نەکردووە.
أَئِنَّكُمْ لَتَأْتُونَ الرِّجَالَ وَتَقْطَعُونَ السَّبِيلَ وَتَأْتُونَ فِي نَادِيكُمُ الْمُنكَرَ ۖ فَمَا كَانَ جَوَابَ قَوْمِهِ إِلَّا أَن قَالُوا ائْتِنَا بِعَذَابِ اللَّهِ إِن كُنتَ مِنَ الصَّادِقِينَ (29)
ئایە ئێوە بەڕاستتانە نێربازی دەکەن و ڕێگا بە خەڵکی دەگرن و لە یانەکەتاندا کاری نابەجێ و ناشیرین و نادرووست ئەنجام دەدەن؟! کەچی وەڵامی قەومی (بەدخوو) تەنها ئەوە بوو کە وتیان: ئادەی کوا سزا و تۆڵەی خوا، ئەگەر تۆ ڕاست دەکەیت؟! بۆمان بهێنەوه؟
قَالَ رَبِّ انصُرْنِي عَلَى الْقَوْمِ الْمُفْسِدِينَ (30)
(«لوط» دوعای لێ کردن) وتی: پەروەردگار! سەرکەوتنم پێ ببەخشە بەسەر ئەم قەومەی کە تۆوی خراپە دەچێنن.
وَلَمَّا جَاءَتْ رُسُلُنَا إِبْرَاهِيمَ بِالْبُشْرَىٰ قَالُوا إِنَّا مُهْلِكُو أَهْلِ هَٰذِهِ الْقَرْيَةِ ۖ إِنَّ أَهْلَهَا كَانُوا ظَالِمِينَ (31)
جا کاتێک کە فریشتەکانمان گەیشتنە لای ئیبراهیم و مژدەی هاتنەدنیای ئیسحاقیان پێ بەخشی، وتیان: بەڕاستی ئێمە لەناو بەری خەڵکی ئەم شارەین، چونکە بێگومان خەڵکەکەی زۆر ستەمکار بوون.
قَالَ إِنَّ فِيهَا لُوطًا ۚ قَالُوا نَحْنُ أَعْلَمُ بِمَن فِيهَا ۖ لَنُنَجِّيَنَّهُ وَأَهْلَهُ إِلَّا امْرَأَتَهُ كَانَتْ مِنَ الْغَابِرِينَ (32)
ئیبراهیم وتی: ئاخر «لوط» لەوێیە، فریشتەکان وتیان: ئێمە چاکتر دەزانین کێی لێیە، دڵنیا بە کە ئەو و خاووخێزانی ڕزگار دەکەین جگە لە هاوسەرەکەی کە لە تیاچووان دەبێت.
وَلَمَّا أَن جَاءَتْ رُسُلُنَا لُوطًا سِيءَ بِهِمْ وَضَاقَ بِهِمْ ذَرْعًا وَقَالُوا لَا تَخَفْ وَلَا تَحْزَنْ ۖ إِنَّا مُنَجُّوكَ وَأَهْلَكَ إِلَّا امْرَأَتَكَ كَانَتْ مِنَ الْغَابِرِينَ (33)
جا کاتێک فریشتەکان گەیشتنە لای «لوط» بە هاتنیان زۆر دڵتەنگ و غەمبار بوو، (نەیدەزانی کە فریشتەن) سەری دنیای لێ هاتەوە یەک، وتیان: مەترسە و غەمت نەبێت (ئەوانە ناتوانن دەستدرێژی بکەنە سەر ئێمە، ئێمە فریشتەین) بێگومان ئێمە ڕزگارکەری تۆ و کەسوکارەکەتین جگە لە هاوسەرەکەت، کە لە تیاچووانە.
إِنَّا مُنزِلُونَ عَلَىٰ أَهْلِ هَٰذِهِ الْقَرْيَةِ رِجْزًا مِّنَ السَّمَاءِ بِمَا كَانُوا يَفْسُقُونَ (34)
بەڕاستی ئێمە دابەزێنەری سزا و بەڵای ئاسمانین بەسەر خەڵکی ئەم شارەدا بەهۆی ئەوەی کە دەردەچوون لە فەرمانی خوا.
وَلَقَد تَّرَكْنَا مِنْهَا آيَةً بَيِّنَةً لِّقَوْمٍ يَعْقِلُونَ (35)
سوێند بەخوا بەڕاستی سەرەنجام ئاسەوارێکی ئاشکرامان (لە شاری کاول و وێران) بەجێ هێشت بۆ کەسانێک کە ژیر و هۆشمەند بن (کە تێ بگەن و سەرنج بدەن).
وَإِلَىٰ مَدْيَنَ أَخَاهُمْ شُعَيْبًا فَقَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ وَارْجُوا الْيَوْمَ الْآخِرَ وَلَا تَعْثَوْا فِي الْأَرْضِ مُفْسِدِينَ (36)
هەر وەها «شوعەیب» ـمان ڕەوانە کرد بۆ ناو براکانی لە شاری مەدیەن، پێی وتن: ئەی قەوم و هۆزم تەنها خوا بپەرستن، بە هیوای قیامەت و داهاتووەوە بژین و ترسی تەنگانەی ئەو ڕۆژەتان هەبێت، گوناهـ و تاوان و خراپە لە سەر زەویدا ئەنجام مەدەن و مەچێنن (چونکە زەوی بێخاوەن نییە و ژیانتان تا سەر نییە).
فَكَذَّبُوهُ فَأَخَذَتْهُمُ الرَّجْفَةُ فَأَصْبَحُوا فِي دَارِهِمْ جَاثِمِينَ (37)
لە ئاکامدا خەڵکەکە بڕوایان پێ نەکرد، ئیتر بومەلەرزەیەک دوچاریان بوو، هەر هەموویان لە ماڵەکانیاندا بەچۆکدا هاتن و مردن (بوون بە ژێر خاکوخۆڵەوە).
وَعَادًا وَثَمُودَ وَقَد تَّبَيَّنَ لَكُم مِّن مَّسَاكِنِهِمْ ۖ وَزَيَّنَ لَهُمُ الشَّيْطَانُ أَعْمَالَهُمْ فَصَدَّهُمْ عَنِ السَّبِيلِ وَكَانُوا مُسْتَبْصِرِينَ (38)
هەر وەها «عاد» و قەومی «هود» و «ثمود» و قەومی «صالح» ـیشمان لەناو برد کە ئاشکرا بوو بۆ تیاچوونیان لە شوێنەواری کاولیانەوە، شەیتانیش کردەوەی نادرووست و ناپەسندیانی بۆ ڕازاندبوونەوە، لە ڕێگا و ڕێبازی ڕاست و درووست وێڵی کردبوون، لە کاتێکدا ئەوان خاوەنی عەقڵ و بیر و هۆشیش بوون.
وَقَارُونَ وَفِرْعَوْنَ وَهَامَانَ ۖ وَلَقَدْ جَاءَهُم مُّوسَىٰ بِالْبَيِّنَاتِ فَاسْتَكْبَرُوا فِي الْأَرْضِ وَمَا كَانُوا سَابِقِينَ (39)
قاروون و فیرعەون و هامانیشمان لەناو برد، سوێند بە خوا بێگومان مووسا بەڵگەی زۆری بۆ هێنان، کەچی خۆیان زۆر بە گەورە دانا لە زەویدا، سەرەنجام نەیانتوانی لە سزا و تۆڵەی خوا خۆیان ڕزگار بکەن.
فَكُلًّا أَخَذْنَا بِذَنبِهِ ۖ فَمِنْهُم مَّنْ أَرْسَلْنَا عَلَيْهِ حَاصِبًا وَمِنْهُم مَّنْ أَخَذَتْهُ الصَّيْحَةُ وَمِنْهُم مَّنْ خَسَفْنَا بِهِ الْأَرْضَ وَمِنْهُم مَّنْ أَغْرَقْنَا ۚ وَمَا كَانَ اللَّهُ لِيَظْلِمَهُمْ وَلَٰكِن كَانُوا أَنفُسَهُمْ يَظْلِمُونَ (40)
ئێمە هەر یەکێک یان هەر دەستەیەک لەوانەمان بە سزای تاوانی خۆی گەیاند، جا هەیانبوو بەردبارانمان کرد، هەیانبوو دەنگ و سەدای بەهێز لەناوی برد، هەیانبوو بە ناخی زەویدا بردمانە خوارەوە، هەشیانبوو نوقمی دەریامان کرد، جا ئەوە نەبێت خوا ستەمی لێ کردبن، بەڵکوو خۆیان ستەمیان لە خۆیان دەکرد.
مَثَلُ الَّذِينَ اتَّخَذُوا مِن دُونِ اللَّهِ أَوْلِيَاءَ كَمَثَلِ الْعَنكَبُوتِ اتَّخَذَتْ بَيْتًا ۖ وَإِنَّ أَوْهَنَ الْبُيُوتِ لَبَيْتُ الْعَنكَبُوتِ ۖ لَوْ كَانُوا يَعْلَمُونَ (41)
نموونەی ئەوانەی جگە لە خوای گەورە، کەسانێکی تر دەکەنە پشتیوانی خۆیان، وەک نمونەی جاڵجاڵۆکەیەک وایە کە ماڵێکی بۆ خۆی ساز کردبێت بەڕاستی لاوازترینی هەموو ماڵەکان، ماڵی جاڵجاڵۆکەیە ئەگەر سەرنجیان بدایە و تێ بگەیشتنایە (چونکە ماڵی جاڵجاڵۆکە نە بناغە و نە دیواری هەیە، نە سەر و دەرگا و پەنجەرە، نە دەتوانێت بەرگەی با و باران و ڕووداوەکان بگرێت مێیەکەش نێرەکە لە ناو دەبات دوای جووتبوون، پاشان بێچوەکانیش دایکیان لەناو دەبەن)!
إِنَّ اللَّهَ يَعْلَمُ مَا يَدْعُونَ مِن دُونِهِ مِن شَيْءٍ ۚ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ (42)
بێگومان خوا خۆی چاک دەزانێت ئەوەی ئەو خەڵکە هانا و هاواری بۆ دەبەن لەجیاتیی ئەو، چەندە بێدەسەڵاتن، چونکە هەر خۆی خاوەندەسەڵاتە و زۆریش دانایە (لەو بووارەی کە بۆ تاقیکردنەوەی خەڵکی ڕەخساندوویەتی).
وَتِلْكَ الْأَمْثَالُ نَضْرِبُهَا لِلنَّاسِ ۖ وَمَا يَعْقِلُهَا إِلَّا الْعَالِمُونَ (43)
ئا ئەم نموونانە ئێمە دەیهێنینەوە بۆ خەڵکی، تەنها زانا و شارەزاکان تێ دەگەن و تێ دەفکرن.
خَلَقَ اللَّهُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ بِالْحَقِّ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَةً لِّلْمُؤْمِنِينَ (44)
ئاشکرایە خوا ئاسمانەکان و زەویی بە ڕێکوپێکترین شێوە درووست کردووە، بەڕاستی ئا لەو کارەدا بەڵگە و نیشانەی تەواو هەیە بۆ ئیمانداران.
اتْلُ مَا أُوحِيَ إِلَيْكَ مِنَ الْكِتَابِ وَأَقِمِ الصَّلَاةَ ۖ إِنَّ الصَّلَاةَ تَنْهَىٰ عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنكَرِ ۗ وَلَذِكْرُ اللَّهِ أَكْبَرُ ۗ وَاللَّهُ يَعْلَمُ مَا تَصْنَعُونَ (45)
ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) ئەوەی بۆت ڕەوانە دەکرێت لە قورئان بیخوێنەرەوە و نوێژیش بەچاکی ئەنجام بدە، چونکە بەڕاستی نوێژ بەرهەڵستی لە گوناهـ و تاوان و نادرووستی دەکات، بێگومان یادی خوا لە هەموو شت گەورەتر و بەنرخترە (کە دەبێت لە کاتی نوێژ و کاتی تریشدا بیر و هۆشی ئیماندار دابگرێت) و خوا خۆی زانایە بە هەموو ئەو کار و کردەوانەی کە ئەنجامی دەدەن.
وَلَا تُجَادِلُوا أَهْلَ الْكِتَابِ إِلَّا بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ إِلَّا الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنْهُمْ ۖ وَقُولُوا آمَنَّا بِالَّذِي أُنزِلَ إِلَيْنَا وَأُنزِلَ إِلَيْكُمْ وَإِلَٰهُنَا وَإِلَٰهُكُمْ وَاحِدٌ وَنَحْنُ لَهُ مُسْلِمُونَ (46)
گفتوگۆ و (مجادلـة) مەکەن لەگەڵ خاوەنی کتێبە ئاسمانییەکاندا مەگەر بە جوانترین شێوە نەبێت، جگە لەوانەیان کە ستەمیان کردووە (ئەوە ڕەفتارتان لە بەرانبەریانەوە دەبێت جیاواز بێت) پێشیان بڵێن: ئێمە باوەڕمان هێناوە بەوەی بۆ ئێمە و ئێوە دابەزێنراوە، خوای ئێمە و خوای ئێوە تەنها یەکێکە، ئێمە فەرمانبەرداری ئەو زاتەین.
وَكَذَٰلِكَ أَنزَلْنَا إِلَيْكَ الْكِتَابَ ۚ فَالَّذِينَ آتَيْنَاهُمُ الْكِتَابَ يُؤْمِنُونَ بِهِ ۖ وَمِنْ هَٰؤُلَاءِ مَن يُؤْمِنُ بِهِ ۚ وَمَا يَجْحَدُ بِآيَاتِنَا إِلَّا الْكَافِرُونَ (47)
ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) هەر بەو شێوەیەی کتێبەکانی پێشوو ئێمە قورئانمان بۆ دابەزاندوویت، جا ئەوانەی کتێبمان پێ داون و بەڕاستی خوێندوویانەتەوە، ئەوە باوەڕ دەهێنن بە قورئان و هەندێک لەو خەڵکەی تریش هەن باوەڕ دەهێنن پێی و موسوڵمان دەبن، جا کەس نییە ئینکاری ئایەت و بەڵگە و نیشانەی ئێمە بکات (دوای لابردنی گومان) جگە لە خوانەناسان.
وَمَا كُنتَ تَتْلُو مِن قَبْلِهِ مِن كِتَابٍ وَلَا تَخُطُّهُ بِيَمِينِكَ ۖ إِذًا لَّارْتَابَ الْمُبْطِلُونَ (48)
تۆ ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) پێش ناردنی ئەم قورئانە هیچ کتێبێکت نەدەخوێندەوە، بە دەستی خۆیشت هیچ شتێکت نەنووسیوە، (چونکە نەخوێندەوار بوویت) خۆ ئەگەر شتیکی وات ئەنجام بدایە، لەو کاتەدا نەفام و دەمبەتاڵەکان دنیایان پڕ دەکرد لە شک و گومان (کە گوایە قورئان لە دانان و داڕشتنی تۆیە).
بَلْ هُوَ آيَاتٌ بَيِّنَاتٌ فِي صُدُورِ الَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ ۚ وَمَا يَجْحَدُ بِآيَاتِنَا إِلَّا الظَّالِمُونَ (49)
نەخێر هیی تۆ نییە، بەڵکوو قورئان چەند ئایەتێکی ڕوون و ئاشکران لە سێنە و دڵ و دەروونی ئەو کەسانەدا عیلم و زانستیان پێ بەخشراوە و لەبەریانە، بەڕاستی جگە لە ستەمکاران، کەس بەرهەڵستی و نکووڵی لە ئایەتەکانی ئێمە نییە.
وَقَالُوا لَوْلَا أُنزِلَ عَلَيْهِ آيَاتٌ مِّن رَّبِّهِ ۖ قُلْ إِنَّمَا الْآيَاتُ عِندَ اللَّهِ وَإِنَّمَا أَنَا نَذِيرٌ مُّبِينٌ (50)
کافران (وا دیارە قورئان بە بەڵگە دانانێن بۆیە) دەڵێن: باشە چی دەبوو ئەگەر نیشانە و بەڵگەی لەلایەن پەروەردگاریەوە بۆ ڕەوانە بکرایە، تۆش ئەی پێغەمبەر لە وەڵامیاندا بڵێ: موعجیزە و نیشانە و بەڵگە ماددییەکان بە دەست خوا خۆیەتی و من تەنها ئاگادارکەرەوە و بێدارکەرەوەیەکی ئاشکرام بۆتان.
أَوَلَمْ يَكْفِهِمْ أَنَّا أَنزَلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ يُتْلَىٰ عَلَيْهِمْ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَرَحْمَةً وَذِكْرَىٰ لِقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ (51)
ئایا بەس نییە بۆیان کە بەڕاستی ئێمە قورئانمان دابەزاندووە بۆت و بەسەریاندا دەخوێنرێتەوە، بێگومان ئا لەو قورئانەدا ڕەحمەت و یاداوەریی ئاشکرا هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە ئیمان دەهێنن.
قُلْ كَفَىٰ بِاللَّهِ بَيْنِي وَبَيْنَكُمْ شَهِيدًا ۖ يَعْلَمُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۗ وَالَّذِينَ آمَنُوا بِالْبَاطِلِ وَكَفَرُوا بِاللَّهِ أُولَٰئِكَ هُمُ الْخَاسِرُونَ (52)
لەوەودوا ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) پێیان بڵێ: تەنها خوا بەسە شایەت بێت لە نێوانماندا (کە من پەیامەکەییم پێ ڕاگەیاندوون)، جا هەر ئەو زاتە زانا و ئاگایە بە هەر چی لە ئاسمانەکان و زەویدا هەیە، ئەوانەش باوەڕ بە ناحەق و بە بەتاڵ هێناوە و باوەڕیان بە خوای (تاک و تەنها) نەهێناوە، ئا ئەوانە هەر خۆیان خەسارەتمەند و زەرەرمەندن.
وَيَسْتَعْجِلُونَكَ بِالْعَذَابِ ۚ وَلَوْلَا أَجَلٌ مُّسَمًّى لَّجَاءَهُمُ الْعَذَابُ وَلَيَأْتِيَنَّهُم بَغْتَةً وَهُمْ لَا يَشْعُرُونَ (53)
بێباوەڕان پەلەت لێ دەکەن و داوای هاتنی سزات لێ دەکەن،، خۆ ئەگەر کاتی تایبەتیمان دیاری نەکردایە بۆ پێشهاتنی، یەکسەر سزایان بۆ دەهات، بێگومان ئەو سزا و تۆڵەیە، لەناکاو یەخەیان پێ دەگرێت و لە کاتێکدا ئەوان هەست بە نزیکبوونەوەشی ناکەن.
يَسْتَعْجِلُونَكَ بِالْعَذَابِ وَإِنَّ جَهَنَّمَ لَمُحِيطَةٌ بِالْكَافِرِينَ (54)
بێباوەڕان پەلەت لێ دەکەن و داوای هاتنی سزات لێ دەکەن، بێگومانیش دۆزەخ دەوری کافرانی داوە و هەرگیز لە سزای دەرباز نابن...
يَوْمَ يَغْشَاهُمُ الْعَذَابُ مِن فَوْقِهِمْ وَمِن تَحْتِ أَرْجُلِهِمْ وَيَقُولُ ذُوقُوا مَا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ (55)
لە ڕۆژێکدا کە سزا دایان دەگرێت لە سەروویانەوە، لەژێر پێیانەوە خوای گەورە پێیان دەفەرمێت: بچێژن سەرەنجامی ئەو کار و کردەوانەی کە ئەنجامتان دەدا.
يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّ أَرْضِي وَاسِعَةٌ فَإِيَّايَ فَاعْبُدُونِ (56)
(پەروەردگار بە ئیماندارانی بەگیرهاتوو لەناو کافراندا ڕادەگەیەنێت): ئەی بەندەکانم زەویی من فراوانە، موڵکی من بەربڵاوە (کۆچ بکەن، خۆتان ڕزگار بکەن)، تەنها هەر من بپەرستن.
كُلُّ نَفْسٍ ذَائِقَةُ الْمَوْتِ ۖ ثُمَّ إِلَيْنَا تُرْجَعُونَ (57)
(لەوانە ئەترسی مەرگ لە ئارادا هەبێت بۆیە ترسیان دەڕەوێنێەوە و دەفەرمێت): هەموو کەس دەبێت مردن بچێژێت (کەی، لە کوێ، بە چی، خوا نەبێت کەس نازانێت) لەوەودوا تەنها بۆ لای دەبرێنەوە.
وَالَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَنُبَوِّئَنَّهُم مِّنَ الْجَنَّةِ غُرَفًا تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا ۚ نِعْمَ أَجْرُ الْعَامِلِينَ (58)
جا ئەوانەی کە ئیمان و باوەڕیان هێناوە و کار و کردەوە چاکەکانیان ئەنجام داوە، سوێند بە خوا ئەوانە لە بەهەشتدا لە چەندەها کۆشک و تەلار و ژووری بەرزدا دادەبەزێنین، کە چەندەها ڕووبار و تاڤگە بەژێر درەختەکانیدا و بە بەردەم کۆشک و تەلارەکانیدا دەڕوات، (ئەو بەختەوەرانە) ژیانی نەبڕاوە لەو (شوێنە خۆشانەدا) دەبەنە سەر، ئای چەند جوانە پاداشتی ئیشکەران بۆ خوا...
الَّذِينَ صَبَرُوا وَعَلَىٰ رَبِّهِمْ يَتَوَكَّلُونَ (59)
ئەوانەن خۆگر بوون لەبەردەم ئەشکەنجە و ئازاری بێباوەڕاندا و هەر پشت بە پەروەردگاریان دەبەستن...
وَكَأَيِّن مِّن دَابَّةٍ لَّا تَحْمِلُ رِزْقَهَا اللَّهُ يَرْزُقُهَا وَإِيَّاكُمْ ۚ وَهُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ (60)
(هەر وەها خوای گەورە دەیەوێت لە گیروگرفتی ڕزق و ڕۆزیش دڵنیایان بکات؛ بۆیە دەفەرمێت): زۆر زیندەوەر هەیە ڕزق و ڕۆزیی خۆیان نەداوە بە کۆڵی خۆیاندا (کەچی خوا پەکیان ناخات و لەبرساندا نامرن)، چونکە خوا ڕزقی ئەوانیش و ئێوەش دەدات، بێگومان ئەو زاتە بیسەر (بە قسە و گوفتارتان) و زانایە (بە خەیاڵ و دڵ و دەروونتان).
وَلَئِن سَأَلْتَهُم مَّنْ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ وَسَخَّرَ الشَّمْسَ وَالْقَمَرَ لَيَقُولُنَّ اللَّهُ ۖ فَأَنَّىٰ يُؤْفَكُونَ (61)
سوێند بە خوا ئەگەر پرسیار لە بێباوەڕان بکەیت؛ کێ ئاسمانەکان و زەویی درووست کردووە، ڕۆژ و مانگی ڕام کردووە، بەدڵنیایی و بێ دوودڵی دەڵێن: «اللە» درووستی کردوون، جا چۆن لا دەدرێن لە یەکتاپەرستی و فریو دەخۆن؟!
اللَّهُ يَبْسُطُ الرِّزْقَ لِمَن يَشَاءُ مِنْ عِبَادِهِ وَيَقْدِرُ لَهُ ۚ إِنَّ اللَّهَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ (62)
هەر خوایە ڕزق و ڕۆزی دەبەخشێت بە هەر کام بیەوێت لە بەندەکانی، یان دەیگرێتەوە و کەمی دەکاتەوە (بۆ تاقیکردنەوە)، بەڕاستی خوا خۆی بە هەموو شتێک زانا و ئاگایە (دەزانێت چ حاڵەتێک چاک و لەبارە بۆ هەر بەندەیەک).
وَلَئِن سَأَلْتَهُم مَّن نَّزَّلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَأَحْيَا بِهِ الْأَرْضَ مِن بَعْدِ مَوْتِهَا لَيَقُولُنَّ اللَّهُ ۚ قُلِ الْحَمْدُ لِلَّهِ ۚ بَلْ أَكْثَرُهُمْ لَا يَعْقِلُونَ (63)
خۆ ئەگەر لێیان بپرسیت: کێ ئاو لە ئاسمانەوە دەبارێنێت، جا زەوی پێ دەبووژێنێتەوە، دوای ئەوەی خامۆش و مردوو بوو، ئەوە بەدڵنیایییەوە دەڵێن: «اللە» (تۆ ئەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم، ئەی ئیماندار) بڵێ: سوپاس بۆ خوا، کە ئاوا، دان بە دەسەڵاتیدا دەنێن، نەخێر بەڕاستی وا نییە، بەڵکوو هێشتا زۆربەیان بێ بیر و هۆشن و ژیرییان ناخەنە کار.
وَمَا هَٰذِهِ الْحَيَاةُ الدُّنْيَا إِلَّا لَهْوٌ وَلَعِبٌ ۚ وَإِنَّ الدَّارَ الْآخِرَةَ لَهِيَ الْحَيَوَانُ ۚ لَوْ كَانُوا يَعْلَمُونَ (64)
ژیانی ئەم دنیایە جگە لە گەمە و گاڵتە و یاری شتێکی تر نییە... (واتە بێنرخە و ئەوە ناژی خەڵکی ئاوا پەلاماری دەدەن و ستەم لە پێناویدا دەکەن) بەڕاستی ماڵی قیامەتیش و ژیانی ناو بەهەشت، هەر ئەوە ژیانە (شایستەی ئەوەیە کە ئادەمیزاد هەوڵ و کۆششی بۆ بدات)، ئەگەر بیانزانیایە و تێ بگەیشتنایە.
فَإِذَا رَكِبُوا فِي الْفُلْكِ دَعَوُا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ فَلَمَّا نَجَّاهُمْ إِلَى الْبَرِّ إِذَا هُمْ يُشْرِكُونَ (65)
هەر کاتێک خەڵکی (باوەڕلاواز) سواری کەشتی دەبن، مەترسی نوقمبوون و تیاچوون ڕوویان تێ دەکات، زۆر بەکوڵ، هانا و هاوار بۆ خوا دەبەن و بە دڵسۆزی و ملکەچییەوە باوەڕ دەهێنن، بەڵام کاتێک خوا ڕزگاریان دەکات و دەگەنەوە وشکانی دەستبەجێ لە ڕێبازی یەکتاپەرستی دەترازێن و هاوەڵ و هاوبەش بۆ خوا بڕیار دەدەن.
لِيَكْفُرُوا بِمَا آتَيْنَاهُمْ وَلِيَتَمَتَّعُوا ۖ فَسَوْفَ يَعْلَمُونَ (66)
جا با ئەوانە هەر ناشوکر و بەدنمەک بن لە بەرانبەر ئەو هەموو بەخششانەی ئێمەوە، با ناز و نیعمەتەکانی خوا بەکار بهێنن بەو شێوازەی کە پێی ڕازی نییە، سەرەنجام لە داهاتوودا خۆیان دەبیننەوە و بەئاگا دێنەوە!
أَوَلَمْ يَرَوْا أَنَّا جَعَلْنَا حَرَمًا آمِنًا وَيُتَخَطَّفُ النَّاسُ مِنْ حَوْلِهِمْ ۚ أَفَبِالْبَاطِلِ يُؤْمِنُونَ وَبِنِعْمَةِ اللَّهِ يَكْفُرُونَ (67)
(باشە، خوانەناسانی مەککە) هەست ناکەن، نابینن کە چۆن شوێنێکی ئەمین و پڕ لە ئاسایشمان بۆ فەراهەم هێناون لە کاتێکدا، لە دەوروبەریانەوە خەڵکی دەفڕێنرێت، ئایا هەر باوەڕ بە بەتاڵ و ناحەقی دەهێنن و هەست بە ناز و نیعمەتەکانی خوا ناکەن و سپڵەیی دەکەن؟!
وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَىٰ عَلَى اللَّهِ كَذِبًا أَوْ كَذَّبَ بِالْحَقِّ لَمَّا جَاءَهُ ۚ أَلَيْسَ فِي جَهَنَّمَ مَثْوًى لِّلْكَافِرِينَ (68)
جا ئیتر کێ لەوە ستەمکارترە کە درۆ هەڵدەبەسێت و هاوەڵی بۆ بڕیار دەدات، یان ئەو حەق و ڕاستییەی کە بۆی هاتووە بە درۆی دەزانێت، مەگەر هەر دۆزەخ شایستە بێت، ئایا لە دۆزەخدا جێگە و ڕێگەیەکی هەمیشەیی بۆ بێباوەڕان دابین نەکراوە؟ (بێگومان ئامادە کراوە).
وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا ۚ وَإِنَّ اللَّهَ لَمَعَ الْمُحْسِنِينَ (69)
ئەوانەش لە پێناوی ئێمەدا و بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئێمە؛ هەوڵ و کۆششیان کردووە و خۆیان ماندوو کردووە، سوێند بەخوا بەڕاستی ئەوانە ڕێنموویی دەکەین بۆ هەموو ڕێگەیەکی چاک و درووستی خۆمان (کە بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئێمەی لە دوایە)، بێگومان خوای پەروەردگار هەمیشە لەگەڵ چاکەکارانە.