بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِیمِ

 

إِنَّا أَرْسَلْنَا نُوحًا إِلَىٰ قَوْمِهِ أَنْ أَنذِرْ قَوْمَكَ مِن قَبْلِ أَن يَأْتِيَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ (1)

بەڕاستی ئێمە نووحمان ڕەوانە کرد بۆ لای قەومەکەی، فەرمانمان پێ دا کە؛ قەومەکەت بێدار بکەرەوە پێش ئەوەی سزایەکی بەئێش یەخەیان پێ بگرێت.

قَالَ يَا قَوْمِ إِنِّي لَكُمْ نَذِيرٌ مُّبِينٌ (2)

ئەویش وتی: ئەی قەوم و هۆز و گەلم! من بێگومان بێدارکەرەوەیەکی ئاشکرام بۆتان.

أَنِ اعْبُدُوا اللَّهَ وَاتَّقُوهُ وَأَطِيعُونِ (3)

داواتان لێ دەکەم کە؛ هەر خوا بپەرستن و لە خەشم و قینی، خۆتان بپارێزن و فەرمانبەرداری منیش بن.

يَغْفِرْ لَكُم مِّن ذُنُوبِكُمْ وَيُؤَخِّرْكُمْ إِلَىٰ أَجَلٍ مُّسَمًّى إِنَّ أَجَلَ اللَّهِ إِذَا جَاءَ لَا يُؤَخَّرُ لَوْ كُنتُمْ تَعْلَمُونَ (4)

ئەو کاتە خوا لە گوناهەکانتان خۆش دەبێت و دەتانهێڵێتەوە بۆ کاتێکی دیاریکراو، بێگومان کاتی دیاریکراوی خوا وەختێک پێش دێت، بەهیچ شێوەیەک دوا ناکەوێت ئەگەر بتانزانیایە.

قَالَ رَبِّ إِنِّي دَعَوْتُ قَوْمِي لَيْلًا وَنَهَارًا (5)

دوای سەدەها ساڵ بانگەواز، نووح سکاڵای کرد و وتی: پەروەردگارا من بە شەو و بە ڕۆژ بانگی قەوم و گەلەکەمم کرد (بۆ یەکخواناسی و پارێزکاری).

فَلَمْ يَزِدْهُمْ دُعَائِي إِلَّا فِرَارًا (6)

کەچی بانگەوازەکەی من هیچی زیاد نەکردن؛ تەنها ڕاکردنیان نەبێت.

وَإِنِّي كُلَّمَا دَعَوْتُهُمْ لِتَغْفِرَ لَهُمْ جَعَلُوا أَصَابِعَهُمْ فِي آذَانِهِمْ وَاسْتَغْشَوْا ثِيَابَهُمْ وَأَصَرُّوا وَاسْتَكْبَرُوا اسْتِكْبَارًا (7)

بەڕاستی من هەموو جارێک کە بانگم دەکردن تا لێیان خۆش ببیت، پەنجەیان دەخستە گوێچکەیانەوە تا نەبیستن، جلەکانیان بەسەر خۆیاندا دەدا تا نەمبینن، زۆر گەرم بوون لەسەر بێباوەڕی و خۆیان بە زل دەزانی و لووتبەرز بوون.

ثُمَّ إِنِّي دَعَوْتُهُمْ جِهَارًا (8)

پاشان من بەئاشکرا بانگم کردن و (وتارم بۆ دان).

ثُمَّ إِنِّي أَعْلَنتُ لَهُمْ وَأَسْرَرْتُ لَهُمْ إِسْرَارًا (9)

ئینجا من بەڕوونی و بێپەردە هەموو شتێکم بۆ باس کردن، هەندێ جاریش بەنهێنی قسەم بۆ دەکردن (بۆ تاکە تاکە و خێزانەکانیان).

فَقُلْتُ اسْتَغْفِرُوا رَبَّكُمْ إِنَّهُ كَانَ غَفَّارًا (10)

بەردەوام پێم دەگوتن، ئێوە داوای لێخۆشبوون لە پەروەردگارتان بکەن چونکە بەڕاستی ئەو زاتێکی لێخۆشبووە.

يُرْسِلِ السَّمَاءَ عَلَيْكُم مِّدْرَارًا (11)

بارانتان بەلێزمە و خوڕەم بۆ دەبارێنێت.

وَيُمْدِدْكُم بِأَمْوَالٍ وَبَنِينَ وَيَجْعَل لَّكُمْ جَنَّاتٍ وَيَجْعَل لَّكُمْ أَنْهَارًا (12)

ماڵ و سامان و نەوەتان پێ دەبەخشێت، هاوڕێ لەگەڵ باخ و باخاتدا، ڕووبار و چەم و جۆگەتان بۆ بەدی دەهێنێت.

مَّا لَكُمْ لَا تَرْجُونَ لِلَّهِ وَقَارًا (13)

ئەوە چیتانە ئێوە قەدری خوا نازانن، بۆ ڕێزی بۆ دانانێن و لێی ناترسن.

وَقَدْ خَلَقَكُمْ أَطْوَارًا (14)

خۆ ئێوە پێشتر نەبوون؛ هەر خوا خۆی بە چەند قۆناغدا ئێوەی تێ پەڕاند و دروستی کردن.

أَلَمْ تَرَوْا كَيْفَ خَلَقَ اللَّهُ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ طِبَاقًا (15)                      

ئایا سەرنجتان نەداوە چۆن خوا حەوت چین ئاسمانی دروست کردووە؟

وَجَعَلَ الْقَمَرَ فِيهِنَّ نُورًا وَجَعَلَ الشَّمْسَ سِرَاجًا (16)

مانگی کردۆتە هۆی ڕووناکی تیایاندا و خۆریشی داگیرساندووە.

وَاللَّهُ أَنبَتَكُم مِّنَ الْأَرْضِ نَبَاتًا (17)

هەر خوا خۆی ئێوەی لە خاکی زەوی بەدی هێناوە و پێی گەیاندوون.

ثُمَّ يُعِيدُكُمْ فِيهَا وَيُخْرِجُكُمْ إِخْرَاجًا (18)

پاشان دەتانمرێنێت و دەتانخاتەوە ناوی هەر کاتیش بیەوێت دەرتان دەهێنێتەوە.

وَاللَّهُ جَعَلَ لَكُمُ الْأَرْضَ بِسَاطًا (19)

هەر ئەو خوایە زەویی بۆ ڕاخستوون (چۆنتان بوێت و بۆ چیتان بوێت بەدەستانەوە دێت)

لِّتَسْلُكُوا مِنْهَا سُبُلًا فِجَاجًا (20)

تا (بە ئارەزووی خۆتان) پیایدا بگەڕێن لە ڕێگە فراوانەکاندا.

قَالَ نُوحٌ رَّبِّ إِنَّهُمْ عَصَوْنِي وَاتَّبَعُوا مَن لَّمْ يَزِدْهُ مَالُهُ وَوَلَدُهُ إِلَّا خَسَارًا (21)

سەرەنجام، نووح نائومێد بوو بۆیە وتی: پەروەردگارا بەڕاستی ئەوان یاخی بوون لێم، شوێنی ئەو کەسانە کەوتن کە ماڵ و نەوەکانیان قازانجی پێ نەگەیاندن زیان نەبێت.

وَمَكَرُوا مَكْرًا كُبَّارًا (22)

خوانەناسان پیلانی گەورە و نەخشەی سامناکیان داڕشت.

وَقَالُوا لَا تَذَرُنَّ آلِهَتَكُمْ وَلَا تَذَرُنَّ وَدًّا وَلَا سُوَاعًا وَلَا يَغُوثَ وَيَعُوقَ وَنَسْرًا (23)

وتیان: خەڵکینە نەکەن واز لە خواکانتان بهێنن! نەکەن واز لە «وەدد و سوواع و یەغووس و یەعووق و نەسر» بهێنن.

وَقَدْ أَضَلُّوا كَثِيرًا وَلَا تَزِدِ الظَّالِمِينَ إِلَّا ضَلَالًا (24)

بێگومان ئەوانە زۆر کەسیان گومڕا کرد، پەروەردگارا ئەم ستەمکارانە تەنها گومڕایی نەبێت هیچی تریان بۆ زیاد مەکە.

مِّمَّا خَطِيئَاتِهِمْ أُغْرِقُوا فَأُدْخِلُوا نَارًا فَلَمْ يَجِدُوا لَهُم مِّن دُونِ اللَّهِ أَنصَارًا (25)

جا لە سەرەنجامی گوناهـ و تاوانیاندا، هۆزی نالەبار نوقم کران لە زریانەکەدا، ئینجا خرانە ناو ئاگرەوە، کەسیشیان دەست نەکەوت لە خەشم و سزای خوایی پەنایان بدات.

وَقَالَ نُوحٌ رَّبِّ لَا تَذَرْ عَلَى الْأَرْضِ مِنَ الْكَافِرِينَ دَيَّارًا (26)

ئینجا نووح وتی: پەروەردگارا هیچ کەسێک لە بێبڕوایان لەسەر زەویدا مەهێڵە و تۆویان ببڕە.

إِنَّكَ إِن تَذَرْهُمْ يُضِلُّوا عِبَادَكَ وَلَا يَلِدُوا إِلَّا فَاجِرًا كَفَّارًا (27)

چونکە بەڕاستی ئەگەر تۆ وازیان لێ بهێنیت هەر چی بەندەکانی تۆیە گومڕای دەکەن و کەسیشیان لێ نابێت (لە نەوەی تازە) مەگەر خراپەکار و تاوانبار نەبێت.

رَّبِّ اغْفِرْ لِي وَلِوَالِدَيَّ وَلِمَن دَخَلَ بَيْتِيَ مُؤْمِنًا وَلِلْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ وَلَا تَزِدِ الظَّالِمِينَ إِلَّا تَبَارًا (28)

پەروەردگارا! لە خۆم و دایک و باوکم و ئەوانە خۆش ببە کە دێنە ماڵم؛ بە ئیمان و باوەڕەوە، هەر وەها لە ئیماندارانی پیاو و ئیماندارانی ئافرەتیش خۆش ببە، ستەمکارانیش تەنها تیاچوون نەبێت هیچی تر نەکەیتە بەشیان.

بەڕێوەبەر: عیمران حسەینی - Îmran Huseynî دوشنبه هفدهم اردیبهشت ۱۳۹۷ |