بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِیمِ
الم (1)
چەند پیتێک لە سەرەتای هەندێ لە سووڕەتەکانی قورئاندا هاتوون کە ژمارەیان «14» پیتە. نیوەی کۆی پیتەکانی زمانی عەرەبین؛ بۆ سەلماندنی «اعجاز» و مەزنی و گرنگیی قورئان کە لە توانای هیچ کەسدا نییە بەو پیتانە کتێبێکی ئاوا بێوێنە دابنێت؛ بەڕادەیەک کە ئەگەر هەمووی گرۆی ئادەمیزاد و پەری کۆ ببنەوە بۆ ئەو مەبەستە بێگومان ناتوانن. هەر وەها چەندەها نهێنیی تریشی تیایە، زاناکان لە هەندێکی دوواون، هەندێکیشیان وتوویانە: هەر خوا خۆی زانایە بە نهێنیی ئەو پیتانە.
تِلْكَ آيَاتُ الْكِتَابِ الْحَكِيمِ (2)
ئەوە چەندەها ئایەت و فەرمانێکن لە قورئانی پڕ لە حیکمەت و دانایی.
هُدًى وَرَحْمَةً لِّلْمُحْسِنِينَ (3)
ئەم قورئانە هیدایەتبەخش و ڕێنمووییبەخش و ڕەحمەت و میهرەبانییە بۆ چاکەکاران...
الَّذِينَ يُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَيُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَهُم بِالْآخِرَةِ هُمْ يُوقِنُونَ (4)
ئەوانەی کە نوێژەکانیان بە چاکی ئەنجام دەدەن، زەکاتیش (لە ماڵ و سامانیان) دەردەکەن، دڵنیاش دەبن بە هاتنەدییی ڕۆژی قیامەت (خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن).
أُولَٰئِكَ عَلَىٰ هُدًى مِّن رَّبِّهِمْ وَأُولَٰئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ (5)
ئا ئەوانە لەسەر ڕێنموویی و ڕێبازی پەروەردگاریانن، ئا ئەوانەشن ڕزگار و سەرفراز.
وَمِنَ النَّاسِ مَن يَشْتَرِي لَهْوَ الْحَدِيثِ لِيُضِلَّ عَن سَبِيلِ اللَّهِ بِغَيْرِ عِلْمٍ وَيَتَّخِذَهَا هُزُوًا أُولَٰئِكَ لَهُمْ عَذَابٌ مُّهِينٌ (6)
هەندێک لە خەڵکی هەن قسەی بێخێر و بێمانا دەکڕن (وەک گۆرانییە ناپوختەکان، کتێب و شریتە بێخێرەکان... هتد) تا خۆی و کەسانی تریش لە ڕێبازی خوا وێڵ بکات، بێ ئەوەی هەست بکات بە مەترسیی کارەکەی و بزانێت چ گەندێک دەکات بە خۆی و خەڵکی و بۆیە ئەو شتە بێنرخ و خێرانە دەکرێت تا گاڵتە بە پەیام و ڕێبازی خوا بکات، ئا ئەوانە سزا و تۆڵەیەکی ڕیسواکەر و ئابڕووبەر چاوەڕێیانە.
وَإِذَا تُتْلَىٰ عَلَيْهِ آيَاتُنَا وَلَّىٰ مُسْتَكْبِرًا كَأَن لَّمْ يَسْمَعْهَا كَأَنَّ فِي أُذُنَيْهِ وَقْرًا فَبَشِّرْهُ بِعَذَابٍ أَلِيمٍ (7)
هەر کاتێکیش ئایەتەکانی ئێمەی بەسەردا دەخوێنرێتەوە، فیز دەکات و فوو دەکاتە خۆی و پشت هەڵدەکات، هەر وەک نەیبیستبێت، هەر وەک لە گوێیدا قورسی و گرانی هەبێت، کە وا بوو مژدە بدە بەو جۆرە کەسانە بەوەی سزای بەئێش چاوەڕێیانە!
إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَهُمْ جَنَّاتُ النَّعِيمِ (8)
بەڕاستی ئەوانە ئیمانیان هێناوە و کردەوە چاکەکانیان ئەنجام داوە، چەندەها باخچەی بەهەشتی پڕ لە ناز و نیعمەت بۆیان ئامادەیە...
خَالِدِينَ فِيهَا وَعْدَ اللَّهِ حَقًّا وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ (9)
هاوڕێ لەگەڵ ژیانی نەبڕاوە و نەمری تیایدا، ئەو بەڵێنەی خوا پێی داون، وەعدە و بەڵێنێکی حەق و ڕاستە و هەر دێتە دی، بەڕاستی ئەو زاتە بەدەسەڵات و دانایە.
خَلَقَ السَّمَاوَاتِ بِغَيْرِ عَمَدٍ تَرَوْنَهَا وَأَلْقَىٰ فِي الْأَرْضِ رَوَاسِيَ أَن تَمِيدَ بِكُمْ وَبَثَّ فِيهَا مِن كُلِّ دَابَّةٍ وَأَنزَلْنَا مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَأَنبَتْنَا فِيهَا مِن كُلِّ زَوْجٍ كَرِيمٍ (10)
ئاسمانەکانی درووست کردووە بەبێ کۆڵەکە بە چاوی خۆتان دەیانبینن، لە زەویشدا کێوەکانی دامەزراندوە کە لەنگەری زەوییان ڕا گرتووە و (چەندەها سوودی تریان هەیە) نەوەکوو ژێرەوژوور ببن و لار ببنەوە، جۆرەها زیندەوەر و گیانلەبەریشی تیادا بڵاو کردۆتەوە، (هەر وەها دەفەرمێت): لە ئاسمانیشەوە ئاومان دابەزاند، جۆرەها ڕووەک و گژوگیای هاوجووتی بەسوود و بەکەڵک و جوان و ڕازاوەمان لە زەویدا پێ ڕوواند.
هَٰذَا خَلْقُ اللَّهِ فَأَرُونِي مَاذَا خَلَقَ الَّذِينَ مِن دُونِهِ بَلِ الظَّالِمُونَ فِي ضَلَالٍ مُّبِينٍ (11)
ئا ئەمەیە درووستکراوانی خوا، وەرن نیشانم بدەن بزانم ئەوانی تر جگە لەو زاتە، چییان درووست کردووە، نەخێر هیچیان درووست نەکردووە، بەڵکوو ستەمکاران هەمیشە لە گومڕایییەکی ئاشکرادان.
وَلَقَدْ آتَيْنَا لُقْمَانَ الْحِكْمَةَ أَنِ اشْكُرْ لِلَّهِ وَمَن يَشْكُرْ فَإِنَّمَا يَشْكُرُ لِنَفْسِهِ وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ اللَّهَ غَنِيٌّ حَمِيدٌ (12)
سوێند بە خوا بەڕاستی ئێمە حیکمەت و داناییمان بە «لوقمان» بەخشی، بەم شێوەیە (پێمان وت) شوکرانەبژێری و سوپاسگوزارییەکەی هەر بۆ خۆی دەگەڕێتەوه، ئەوەش سوپاسی خوای نەکرد، ئەوە بێگومان خوا بێنیازە و سوپاسکراوە (پێویستی بە سوپاسی کەس نییە).
وَإِذْ قَالَ لُقْمَانُ لِابْنِهِ وَهُوَ يَعِظُهُ يَا بُنَيَّ لَا تُشْرِكْ بِاللَّهِ إِنَّ الشِّرْكَ لَظُلْمٌ عَظِيمٌ (13)
جا لوقمان بە کوڕەکەی خۆیی وت لە کاتێکدا کە ئامۆژگاریی دەکرد: کوڕە شیرینەکەم! نەکەیت شتێک یان کەسێک بە هاوتا و هاوبەشی خوا بڕیار بدەیت، چونکە بەڕاستی هاوتا و هاوبەشبڕیاردان ستەمێکی زۆر گەورە و ناڕەوایە.
وَوَصَّيْنَا الْإِنسَانَ بِوَالِدَيْهِ حَمَلَتْهُ أُمُّهُ وَهْنًا عَلَىٰ وَهْنٍ وَفِصَالُهُ فِي عَامَيْنِ أَنِ اشْكُرْ لِي وَلِوَالِدَيْكَ إِلَيَّ الْمَصِيرُ (14)
(لێرەدا خوا ئامۆژگارییەکان لە دەمی لوقمان دەفەرمێت): ئێمە فەرمانمان داوە بە ئادەمیزاد بە چاکڕەفتاری لەگەڵ دایک و باوکیدا، دایکی بە ئێش و ئازار و لاوازی و بێتاقەتییەکی زۆرەوە، (بە پێستی سکی نۆ مانگ) هەڵی گرتووە، بڕینەوەشی لە دوای دوو ساڵە، فەرمانمان پێ دا کە ئەی ئینسان سوپاسگوزاری منیش و دایک و باوکیشت بە، دڵنیا بن کە گەڕانەوەتان هەر بۆ لای منە.
وَإِن جَاهَدَاكَ عَلَىٰ أَن تُشْرِكَ بِي مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ فَلَا تُطِعْهُمَا وَصَاحِبْهُمَا فِي الدُّنْيَا مَعْرُوفًا وَاتَّبِعْ سَبِيلَ مَنْ أَنَابَ إِلَيَّ ثُمَّ إِلَيَّ مَرْجِعُكُمْ فَأُنَبِّئُكُم بِمَا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ (15)
ئەگەر دایک و باوکت کۆششیان لەگەڵتا کرد، تا بەبێ هیچ بەڵگە و زانیارییەک هاوەڵ بۆ من بڕیار بدەیت ئەوە فەرمانبەرداریان مەبە و بە قسەیان مەکە، لە دنیاشدا هاوڕێ و هاوەڵ و خزمەتگوزارێکی چاک بە بۆیان لە هەموو بارودۆخێکدا، شوێنی ڕێبازی ئەوانە بکەوە کە بۆ لای من گەڕاونەتەوە، لەوەودوا گەڕانەوەتان هەر بۆ لای منە، جا هەواڵتان دەدەمێ بەو کار و کردەوانەی کە دەتانکرد.
يَا بُنَيَّ إِنَّهَا إِن تَكُ مِثْقَالَ حَبَّةٍ مِّنْ خَرْدَلٍ فَتَكُن فِي صَخْرَةٍ أَوْ فِي السَّمَاوَاتِ أَوْ فِي الْأَرْضِ يَأْتِ بِهَا اللَّهُ إِنَّ اللَّهَ لَطِيفٌ خَبِيرٌ (16)
پاشان لەسەر زاری لوقمان دەفەرمێت: ئەی کوڕی ئازیزم! بەڕاستی ئەگەر گوناهێک بەقەدەر تۆوی خەرتەلەیەک (کە زۆر وردە) هەبێت و لەناو بەردێکدا لە ئاسمانەکان یان لەو زەویدا حەشار درابێت، (لای خوا شاراوە نییە) و دەیهێنێتە مەیدان، چونکە بەڕاستی خوا هیچ شتێکی لێ شاراوە نییە و زۆریش ئاگایە.
يَا بُنَيَّ أَقِمِ الصَّلَاةَ وَأْمُرْ بِالْمَعْرُوفِ وَانْهَ عَنِ الْمُنكَرِ وَاصْبِرْ عَلَىٰ مَا أَصَابَكَ إِنَّ ذَٰلِكَ مِنْ عَزْمِ الْأُمُورِ (17)
کوڕی شیرینم نوێژەکانت بە چاکی ئەنجام بدە، فەرمان بە چاکە بدە، قەدەغە لە گوناهـ و خراپە بکە، بەئارام بە لە بەرانبەر ئەو ناخۆشییانەی کە تووشت دەبێت، بەڕاستی ئەوانەی کە باس کران هەندێکن لەوانەی هەر دەبێت بکرێن.
وَلَا تُصَعِّرْ خَدَّكَ لِلنَّاسِ وَلَا تَمْشِ فِي الْأَرْضِ مَرَحًا إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ كُلَّ مُخْتَالٍ فَخُورٍ (18)
هەر وەها ڕووت وەرمەگێڕە لە خەڵکی و (لووتبەرز مەبە و بە چاوی سووک سەیریان مەکە)، بەسەر زەویدا بە ناز و فیزەوە مەڕۆ، بەڕاستی خوا ئەو کەسانەی خۆش ناوێت کە خۆهەڵکێش و فەخرفرۆش و فیزاوین.
وَاقْصِدْ فِي مَشْيِكَ وَاغْضُضْ مِن صَوْتِكَ إِنَّ أَنكَرَ الْأَصْوَاتِ لَصَوْتُ الْحَمِيرِ (19)
هەوڵ بدە لە ڕۆیشتنتدا مامناوەندییانە بڕۆ، بەرەو ئامانجێکی چاک هەنگاو بنێ، بە دەنگی هێواش و لەبار گفتوگۆ بکە و بدوێ، چونکە بەڕاستی بێزارترین و ناخۆشترینی دەنگەکان دەنگی گوێدرێژەکانە.
أَلَمْ تَرَوْا أَنَّ اللَّهَ سَخَّرَ لَكُم مَّا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ وَأَسْبَغَ عَلَيْكُمْ نِعَمَهُ ظَاهِرَةً وَبَاطِنَةً وَمِنَ النَّاسِ مَن يُجَادِلُ فِي اللَّهِ بِغَيْرِ عِلْمٍ وَلَا هُدًى وَلَا كِتَابٍ مُّنِيرٍ (20)
ئایا سەرنجتان نەداوە کە بەڕاستی هەر چی لە ئاسمانەکان و زەویدا هەیە هەر هەمووی خوا بۆ خزمەتی ئێوەی درووست کردووە و ملکەچی کردووە، هەر وەها بەفراوانی ناز و نیعمەتی ئاشکرا و پەنهانی بەسەردا ڕژاندوون، (لەگەڵ ئەوەشدا) هەندێک لە خەڵکی موجادەلە و گفتوگۆی نابەجێ دەربارەی خوا و بەرنامەکەی دەکەن، بێ هیچ بەڵگەیەکی زانستی و ڕێنموویییەکی پێغەمبەران و کتێببێکی ڕوونکەرەوەی خوایی.
وَإِذَا قِيلَ لَهُمُ اتَّبِعُوا مَا أَنزَلَ اللَّهُ قَالُوا بَلْ نَتَّبِعُ مَا وَجَدْنَا عَلَيْهِ آبَاءَنَا أَوَلَوْ كَانَ الشَّيْطَانُ يَدْعُوهُمْ إِلَىٰ عَذَابِ السَّعِيرِ (21)
کاتێکیش پێیان بوترێت شوێنی ئەو بەرنامەیە بکەون کە خوا ناردوویەتی، ئەوە هەر شوێنی ئەو شتانە دەکەوین کە باب و باپیران و مامۆستایانمان پەیڕەوییان لی کردووە، ئایا ئەگەر شەیتانیش بانگی کردبن بۆ سزای داگیرساوی دۆزەخ، هەر پەیڕەوی دەکەن؟!
وَمَن يُسْلِمْ وَجْهَهُ إِلَى اللَّهِ وَهُوَ مُحْسِنٌ فَقَدِ اسْتَمْسَكَ بِالْعُرْوَةِ الْوُثْقَىٰ وَإِلَى اللَّهِ عَاقِبَةُ الْأُمُورِ (22)
ئەو کەسەی ڕوو بکاتە پەروەردگاری و کارەکانی هەمووی بگێڕێتەوە بۆ لای ئەو، لە کاتێکدا ئادەمیزادێکی چاکەخوازە، ئەوە بەڕاستی مانای وایە کە دەستی بە بەهێزترین هۆکارەوە گرتووە، سەرەنجامی هەموو کارێکیش هەر بۆ لای خوا دەگەڕێتەوە.
وَمَن كَفَرَ فَلَا يَحْزُنكَ كُفْرُهُ إِلَيْنَا مَرْجِعُهُمْ فَنُنَبِّئُهُم بِمَا عَمِلُوا إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ بِذَاتِ الصُّدُورِ (23)
ئەوەش کافر بووە، ئەوە کافربوونەکەی، خەفەتبارت نەکات، گەڕانەوەیان هەر بۆ لای ئێمەیە، جا ئاگاداریان دەکەینەوە بەوەی کە کردوویانە، بێگومان خوا ئاگادارە بە هەموو ئەو شتانەی کە لە سینە و دڵ و دەروونەکاندا حەشار دراون.
نُمَتِّعُهُمْ قَلِيلًا ثُمَّ نَضْطَرُّهُمْ إِلَىٰ عَذَابٍ غَلِيظٍ (24)
کەمێک ماوەیان دەدەین، تا تاوێک ڕابوێرن، پاشان ناچاریان دەکەین کە بچنە ناو سزای توند و سەختەوە.
وَلَئِن سَأَلْتَهُم مَّنْ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ لَيَقُولُنَّ اللَّهُ قُلِ الْحَمْدُ لِلَّهِ بَلْ أَكْثَرُهُمْ لَا يَعْلَمُونَ (25)
سوێند بە خوا ئەگەر پرسیار لە خوانەناسان بکەیت: کێ ئاسمانەکان و زەویی درووست کردووە، ئەوە بەدڵنیایییەوە دەڵێن: (الله)، درووستی کردوون، تۆش ئەی موحەممەد (صلی الله علیه و سلم) بڵێ: سوپاس و ستایش بۆ خوا (لەسەر وتنی ڕاستی)، نەخێر وا نییە، ئەو وەڵامە لە قەناعەتەوە هەڵنەقوڵاوە، بەڵکوو زۆربەیان نازانن (لە خۆیانەوە قسە دەکەن).
لِلَّهِ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ إِنَّ اللَّهَ هُوَ الْغَنِيُّ الْحَمِيدُ (26)
هەر چی لە ئاسمانەکان و زەویدا هەیە، هەر خوا خاوەنیانە، بەڕاستی هەر ئەو خوایە خۆی بێنیازە و سوپاسگوزاریی هەر شایستەی ئەوە (ئەگەر خەڵکی بەوەفا و بەئەمەگ بن).
وَلَوْ أَنَّمَا فِي الْأَرْضِ مِن شَجَرَةٍ أَقْلَامٌ وَالْبَحْرُ يَمُدُّهُ مِن بَعْدِهِ سَبْعَةُ أَبْحُرٍ مَّا نَفِدَتْ كَلِمَاتُ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ (27)
خۆ ئەگەر بەڕاستی هەر چی درەخت هەیە لە زەویدا ببنە پێنووس، دەریاش چەندەیە ببێتە حەوت ئەوەندە و (ببێتە مرەکەب و زانستی و نهێنیی درووستکاوەکانی خوا بنووسنەوە)، ئەوە هێشتا زانست و زانیاری و فەرمانەکانی خوا هەر تەواو نابێت، بەڕاستی خوای گەورە بەدەسەڵاتە و دانایە.
مَّا خَلْقُكُمْ وَلَا بَعْثُكُمْ إِلَّا كَنَفْسٍ وَاحِدَةٍ إِنَّ اللَّهَ سَمِيعٌ بَصِيرٌ (28)
درووستکردن و بەدیهێنانی هەمووتان و زیندووکردنەوەتان، تەنها وەک درووستکردن و زیندووکردنەوەی تاکەکەسێک وایە، بەڕاستی خوا بیسەرە و بینایە.
أَلَمْ تَرَ أَنَّ اللَّهَ يُولِجُ اللَّيْلَ فِي النَّهَارِ وَيُولِجُ النَّهَارَ فِي اللَّيْلِ وَسَخَّرَ الشَّمْسَ وَالْقَمَرَ كُلٌّ يَجْرِي إِلَىٰ أَجَلٍ مُّسَمًّى وَأَنَّ اللَّهَ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ (29)
ئایا سەرنجت نەداوە کە بەڕاستی خوا شەو تێهەڵکێشی ڕۆژ دەکات و ڕۆژیش تێهەڵکێشی شەو دەکات، خۆر و مانگی بۆ تەرخان و ملکەچ کردوون. هەر یەکەیان تا کاتێکی دیاریکراو لە سووڕانەوەیاندا بەردەوام دەبن، بەڕاستی خوا بە کار و کردەوەتان زۆر ئاگادارە.
ذَٰلِكَ بِأَنَّ اللَّهَ هُوَ الْحَقُّ وَأَنَّ مَا يَدْعُونَ مِن دُونِهِ الْبَاطِلُ وَأَنَّ اللَّهَ هُوَ الْعَلِيُّ الْكَبِيرُ (30)
ئەو شتانە دەری دەخەن کە؛ بێگومان هەر خوا خۆی حەق و ڕاستەقینەیە، بەڕاستی هەر چی خەڵکی لەباتیی ئەو دەیپەرستن بەتاڵ و ناحەقییە، دڵنیا بن خوا هەر خۆی هەمیشە بەرز و پایەبڵند و گەورەیە.
أَلَمْ تَرَ أَنَّ الْفُلْكَ تَجْرِي فِي الْبَحْرِ بِنِعْمَتِ اللَّهِ لِيُرِيَكُم مِّنْ آيَاتِهِ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّكُلِّ صَبَّارٍ شَكُورٍ (31)
ئایا سەرنجت نەداوە کە بەڕاستی کەشتییەکان بە دەریادا هاتوچۆ دەکەن و ناز و نیعمەتی خوا دەهێنن و دەیبەن و دەسەڵاتی خوا دەخەنە ڕوو، بەڕاستی ئا لەو شتانەدا بەڵگە و نیشانەی زۆر هەیە بۆ ئەو کەسانەی زۆر دان بە خۆدا دەگرن و زۆر سوپاسگوزارن.
وَإِذَا غَشِيَهُم مَّوْجٌ كَالظُّلَلِ دَعَوُا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ فَلَمَّا نَجَّاهُمْ إِلَى الْبَرِّ فَمِنْهُم مُّقْتَصِدٌ وَمَا يَجْحَدُ بِآيَاتِنَا إِلَّا كُلُّ خَتَّارٍ كَفُورٍ (32)
کاتێکیش لە دەریادا شەپۆلێک ئابڵوقەی هاوەڵگەر و کافرەکان دەدات، وەک کێوەکان گەورە بێت، ئەوە هانا و هاوار هەر بۆ خوا دەبەن زۆر بە دڵسۆزانە ملکەچن بۆ خوا، جا کاتێک فریایان دەکەوێت و ڕزگاریان دەکات و دەیانگەیەنێتە وشکانی، جا هەیانە بەردەوام دەبێت لەسەر ڕێبازی ئیمان و دەمێنێتەوە لەسەر یەکتاناسینی خوای میهرەبان، (هەشیانە ڕێگەی نادرووستی خۆی دەگرێتەوە)، جا کەس لە ئایات و بەڵگەکانی ئێمە نکووڵ و پەیمانشکێنی ناکات جگە لە زۆردار و ناپاک و سپڵە.
يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمْ وَاخْشَوْا يَوْمًا لَّا يَجْزِي وَالِدٌ عَن وَلَدِهِ وَلَا مَوْلُودٌ هُوَ جَازٍ عَن وَالِدِهِ شَيْئًا إِنَّ وَعْدَ اللَّهِ حَقٌّ فَلَا تَغُرَّنَّكُمُ الْحَيَاةُ الدُّنْيَا وَلَا يَغُرَّنَّكُم بِاللَّهِ الْغَرُورُ (33)
ئەی خەڵکینە لە پەروەردگارتان بترسن (خۆتان لە خەشم و قینی بپارێزن) و لە ڕۆژێک بترسن کە باوک فریای ڕۆڵەی خۆی ناکەوێت، ڕۆڵەیش هیچی لە دەست نایەت کە بۆ باوکی ئەنجامی بدات، بەڕاستی بەڵێنی خوا بە بەرپابوونی قیامەت، حەقیقەت و ڕاستەقینەیە، کە وا بوو وریا بن ژیانی دنیا لە خشتەتان نەبات، (نەفسی بەدکار و شەیتانی بەدرەفتار) سەرگەردانتان نەکات و غەڕڕاتان نەکات لە ڕێبازی خوا.
إِنَّ اللَّهَ عِندَهُ عِلْمُ السَّاعَةِ وَيُنَزِّلُ الْغَيْثَ وَيَعْلَمُ مَا فِي الْأَرْحَامِ وَمَا تَدْرِي نَفْسٌ مَّاذَا تَكْسِبُ غَدًا وَمَا تَدْرِي نَفْسٌ بِأَيِّ أَرْضٍ تَمُوتُ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ (34)
بەڕاستی هەر خوا خۆی زانیاریی بەرپابوونی ڕۆژی قیامەت دەزانێت، بارانیش هەر ئەو دەیبارێنێت، دەزانێت چی لە سکی دایکاندا هەیە، هیچ کەس نازانێت سبەی چیی بەسەر دێت و چیی دەست دەکەوێت (لە بەرهەمی مادیی دنیایی یان لە زەخیرە و توێشووی قیامەت)، هیچ کەسیش نازانێت لەسەر چ زەوییەک دەمرێت و کۆتایی بە ژیانی دێت (هەر وەها کاتی مردن و چۆنیەتییەکەیشی شاراوەیە) بەڕاستی خوا بە هەموو شتێک زانایە و ئاگادارە.