بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِیمِ

 

يس (1)

چەند پیتێک لە سەرەتای هەندێ لە سووڕەتەکانی قورئاندا هاتوون کە ژمارەیان «14» پیتە. نیوەی کۆی پیتەکانی زمانی عەرەبین؛ بۆ سەلماندنی «اعجاز» و مەزنی و گرنگیی قورئان کە لە توانای هیچ کەسدا نییە بەو پیتانە کتێبێکی ئاوا بێوێنە دابنێت؛ بەڕادەیەک کە ئەگەر هەمووی گرۆی ئادەمیزاد و پەری کۆ ببنەوە بۆ ئەو مەبەستە بێگومان ناتوانن. هەر وەها چەندەها نهێنیی تریشی تیایە، زاناکان لە هەندێکی دوواون، هەندێکیشیان وتوویانە: هەر خوا خۆی زانایە بە نهێنیی ئەو پیتانە.

وَالْقُرْآنِ الْحَكِيمِ (2)

سوێند بەو قورئانەی کە هەموو فەرمانێکی لە شوێنی خۆیدایەتی...

إِنَّكَ لَمِنَ الْمُرْسَلِينَ (3)

بەڕاستی تۆ ئەی موحەممەد (صلی الله علیه و سلم) لە فرستادە و پێغەمبەرانیت...

عَلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ (4)

لەسەر ڕێگە و ڕێبازێکی ڕاست و درووستیت.

تَنزِيلَ الْعَزِيزِ الرَّحِيمِ (5)

ئەم قورئانە لەلایەن زاتێکی خاوەندەسەڵات و میهرەبانەوە دابەزیوە و ڕەوانە کراوە...

لِتُنذِرَ قَوْمًا مَّا أُنذِرَ آبَاؤُهُمْ فَهُمْ غَافِلُونَ (6)

بۆ ئەوەی گەل و هۆزێکی پێ بێدار بکەیتەوە کە باب و باپیرانیان بێدار نەکراونەتەوە و بێئاگا و ناشارەزا ماونەتەوە.

لَقَدْ حَقَّ الْقَوْلُ عَلَىٰ أَكْثَرِهِمْ فَهُمْ لَا يُؤْمِنُونَ (7)

سوێند بە خوا بەڕاستی بڕیاری خوا هاتە دی لەسەر زۆربەیان کە دۆزەخ پڕ دەکەین لێیان، لەبەر ئەوە ئیمان و باوەڕ ناهێنن (بەهۆی سەرسەختی و گوێنەگرتنیانەوە).

إِنَّا جَعَلْنَا فِي أَعْنَاقِهِمْ أَغْلَالًا فَهِيَ إِلَى الْأَذْقَانِ فَهُم مُّقْمَحُونَ (8)

بەڕاستی هەر دەڵێیت ئێمە کۆت و زنجیرمان کردۆتە گەردنیان و لەژێر چەناگەیان توند کراوە و بەناچاری سەریان بەرز ڕاگیراوە و ئەملا و ئەولایان پێ ناکرێت و بەرپێی خۆیان نابینن.

وَجَعَلْنَا مِن بَيْنِ أَيْدِيهِمْ سَدًّا وَمِنْ خَلْفِهِمْ سَدًّا فَأَغْشَيْنَاهُمْ فَهُمْ لَا يُبْصِرُونَ (9)

هەر وەها بەربەستمان لە بەردەمیانەوە و لە پشتیانەوە داناوە، پەردەشمان هێناوە بەسەر چاویاندا (مەبەست ئەو بەربەستانەشە کە لە دەروونیاندا هەیە و نایەڵێت ڕێگەی ڕاست بدۆزنەوە) ئیتر ئەوانە حەق و ڕاستی نابینن.

وَسَوَاءٌ عَلَيْهِمْ أَأَنذَرْتَهُمْ أَمْ لَمْ تُنذِرْهُمْ لَا يُؤْمِنُونَ (10)

ئەوانە چون یەکە بۆیان، بێداریان بکەیتەوە یان بێداریان نەکەیتەوە، هەر باوەڕ ناهێنن.

إِنَّمَا تُنذِرُ مَنِ اتَّبَعَ الذِّكْرَ وَخَشِيَ الرَّحْمَٰنَ بِالْغَيْبِ فَبَشِّرْهُ بِمَغْفِرَةٍ وَأَجْرٍ كَرِيمٍ (11)

بێگومان تۆ تەنها دەتوانیت ئەوانە بێدار بکەیتەوە کە شوێنی قورئان و بەرنامەی خوا کەوتوون، لە پەنهانیشدا لە خوا دەترسن، بەو هۆیەوە مژدەی لێخۆشبوون و پاداشتی بایەخدار و بەنرخ بدە بەو جۆرە کەسانە.

إِنَّا نَحْنُ نُحْيِي الْمَوْتَىٰ وَنَكْتُبُ مَا قَدَّمُوا وَآثَارَهُمْ وَكُلَّ شَيْءٍ أَحْصَيْنَاهُ فِي إِمَامٍ مُّبِينٍ (12)

بێگومان هەر ئێمە مردووەکان زیندوو دەکەینەوە، هەر چییان کردووە و دەیکەن تۆماری دە‌کەین لەگەڵ ئاسەوارەکانیشیاندا، هەموو شتێکمان لە کتێبێکی ئاشكرادا (تۆمارگەی تایبەتدا) بەوردی تۆمار و ئامار کردووە.

وَاضْرِبْ لَهُم مَّثَلًا أَصْحَابَ الْقَرْيَةِ إِذْ جَاءَهَا الْمُرْسَلُونَ (13)

نموونەیان بۆ بهێنەرەوە بە خەڵكی شاری (انطاکیة) کاتێک دەستەیەک پێغەمبەریان بۆ هات.

إِذْ أَرْسَلْنَا إِلَيْهِمُ اثْنَيْنِ فَكَذَّبُوهُمَا فَعَزَّزْنَا بِثَالِثٍ فَقَالُوا إِنَّا إِلَيْكُم مُّرْسَلُونَ (14)

سەرەتا دووانمان بۆ ڕەوانە کردن، کەچی بروایان پێ نەکردن، ئێمەش سێیەمێکمان بۆ پشتگیرییان ڕەوانە کرد، هەموویان وتیان: ئێمە بێگومان بۆ لای ئێوە لەلایەن پەروەردگارەوە ڕەوانە کراوین.

قَالُوا مَا أَنتُمْ إِلَّا بَشَرٌ مِّثْلُنَا وَمَا أَنزَلَ الرَّحْمَٰنُ مِن شَيْءٍ إِنْ أَنتُمْ إِلَّا تَكْذِبُونَ (15)

خە‌ڵکەکە وتیان: ئێوە تەنها ئادەمیزادێکن وەکوو ئێمە، خوای میهرەبانیش هیچ شتێکی ڕەوانە نەکردووە، ئێوە هەر درۆ دەکەن.

قَالُوا رَبُّنَا يَعْلَمُ إِنَّا إِلَيْكُمْ لَمُرْسَلُونَ (16)

پێغەمبەرەکان وتیان: پەروەردگارمان خۆی چاک دەزانێت ئێمە بەڕاستی بۆ لای ئێوە ڕەوانە کراوین بە پێغەمبەرایەتی.

وَمَا عَلَيْنَا إِلَّا الْبَلَاغُ الْمُبِينُ (17)

تەنها ئەوەشمان لەسەرە کە بە ڕوون و ئاشکرا پەیمانی خواتان پێ ڕابگەیەنین.

قَالُوا إِنَّا تَطَيَّرْنَا بِكُمْ لَئِن لَّمْ تَنتَهُوا لَنَرْجُمَنَّكُمْ وَلَيَمَسَّنَّكُم مِّنَّا عَذَابٌ أَلِيمٌ (18)

خەڵکەکە وتیان: ئێمە بەڕاستی بە هاتنتان تووشی نەگبەتی بووین، سوێند بە خوا ئەگەر واز نەهێنن و کۆڵ نەدەن، بەردبارانتان دەکەین و لەلایەن ئێمەوە تووشی ئازارێکی بەئێش دەبن.

قَالُوا طَائِرُكُم مَّعَكُمْ أَئِن ذُكِّرْتُم بَلْ أَنتُمْ قَوْمٌ مُّسْرِفُونَ (19)

پێغەمبەرەکان وتیان: ئێوە نەگبەتی و شوومیتان لەگەڵ خۆتاندایە (بەهۆی بێباوەڕیتانەوە)، ئایا ئەگەر ئامۆژگاری و یاداوەری بکرێن ئەوە دەبێتە نەگبەتی و شووم بۆتان؟! نەخێر، وا نییە، ئێوە هەر خۆتان قەوم و هۆزێکی سەرەڕۆن و لە گوناهدا ڕۆ چوون بۆیە شووم و نەگبەتی یەخەی گرتوون.

وَجَاءَ مِنْ أَقْصَى الْمَدِينَةِ رَجُلٌ يَسْعَىٰ قَالَ يَا قَوْمِ اتَّبِعُوا الْمُرْسَلِينَ (20)

ئەوسا لەو پەڕی شارەوە پیاوێکی ئیماندار بەپەلە، بەگورجوگۆڵی هات و وتی: ئەی قەوم و هۆزم ئەم پێغەمبەرانە ڕاست دەکەن، ئەم فرستادانە ڕاست دەڵێن شوێنیان بکەون، بڕوایان پێ بکەن، ئیمانیان پێ بهێنن...

اتَّبِعُوا مَن لَّا يَسْأَلُكُمْ أَجْرًا وَهُم مُّهْتَدُونَ (21)

شوێنی ئەو کەسانە بکەون کە پاداشت و کرێتان لێ داوا ناکەن، ئەوانە هیدایەتدراون و لەسەر بەرنامەیەکی ڕاست و درووستن.

وَمَا لِيَ لَا أَعْبُدُ الَّذِي فَطَرَنِي وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ (22)

دیارە خەڵکەکە کردوویانە بە گاڵە، بۆیە پیاوچاکەکە وتوویەتی: جا ئەوە بۆ چی من ئەو زاتە نەپەرستم کە بەدیی هێناوم، ئێوەش خەڵکینە هەر بۆ لای ئەو دەبرێنەوە.

أَأَتَّخِذُ مِن دُونِهِ آلِهَةً إِن يُرِدْنِ الرَّحْمَٰنُ بِضُرٍّ لَّا تُغْنِ عَنِّي شَفَاعَتُهُمْ شَيْئًا وَلَا يُنقِذُونِ (23)

ئایا ڕەوایە لەجیاتیی خوا چەند پەرستراوێکی تر بۆ خۆم بڕیار بدەم کە هیچیان بەدەست نییە خۆ ئەگەر خوای میهرەبان بیەوێت تووشی ناخۆشییەکەم بکات، تکا و پاڕانەوەی ئەو پەرستراوانە هیچ سوودێکم پێ ناگەیەنن و فریام ناکەون و ڕزگارم ناکەن.

إِنِّي إِذًا لَّفِي ضَلَالٍ مُّبِينٍ (24)

بێگومان من ئەگەر شتی وا بکەم، ئەو کاتە من لە گومڕایییەکی ئاشكرا دەبم.

إِنِّي آمَنتُ بِرَبِّكُمْ فَاسْمَعُونِ (25)

بەڕاستی من بڕیارم داوە کە ئیمان بە پەروەردگارتان بهێنم، با چاک گوێتان لی بێت.

قِيلَ ادْخُلِ الْجَنَّةَ قَالَ يَا لَيْتَ قَوْمِي يَعْلَمُونَ (26)

(دیارە، خوانەناسان پەلاماریان داوە و شەهیدیان کردووە) بۆیە پێی وتراوە: فەرموو بۆ ناو بەهەشت، لەوێشەوە هەر دڵسۆزانە وتوویەتی: خۆزگە قەومەکەم بیانزانیایە سەرەنجامی ئیمان چۆنە و کەوتوومەتە ناو چ ناز و نیعمەتێکەوە.

بِمَا غَفَرَ لِي رَبِّي وَجَعَلَنِي مِنَ الْمُكْرَمِينَ (27)

بەهۆی ئەوەوە کە پەروەردگارم لێم خۆش بووە و خستمیە ڕیزی ڕێزلێگیراوانەوە.

وَمَا أَنزَلْنَا عَلَىٰ قَوْمِهِ مِن بَعْدِهِ مِن جُندٍ مِّنَ السَّمَاءِ وَمَا كُنَّا مُنزِلِينَ (28)

خوا دەفەرمێت: ئەوە نەبێت هیچ لەشکرێکمان لە ئاسمانەوە ناردبێتە خوارەوە بۆ سەر هۆزەکەی دوای شەهیدکردنی، ئەوە نەبێت هیچ لەشکرێکمان ڕەوانە کردبێت بۆ لەناو‌بردنیان.

إِن كَانَتْ إِلَّا صَيْحَةً وَاحِدَةً فَإِذَا هُمْ خَامِدُونَ (29)

بەڵکوو تەنها یەک دەنگی گەورە و شریخەیەکی بەهێز نەبێت هیچی تر نەبوو، جا ئەوان دەستبەجێ مردن و خامۆش بوون.

يَا حَسْرَةً عَلَى الْعِبَادِ مَا يَأْتِيهِم مِّن رَّسُولٍ إِلَّا كَانُوا بِهِ يَسْتَهْزِئُونَ (30)

پەشیمانی و داخ و ناڵە دابارێتە سەر ئەو بەندانە، هیچ پێغەمبەرێکیان بۆ نایەت کە ئەوان گاڵتەی پێ نەکەن.

أَلَمْ يَرَوْا كَمْ أَهْلَكْنَا قَبْلَهُم مِّنَ الْقُرُونِ أَنَّهُمْ إِلَيْهِمْ لَا يَرْجِعُونَ (31)

ئا ئەوە سەرنجیان نەداوە چەندەها هۆزی پێش ئەمانمان لەناو بردووە، خۆ هەرگیز ناگەڕێنەوە ناویان و ناگەرێنەوە بۆ دنیا.

وَإِن كُلٌّ لَّمَّا جَمِيعٌ لَّدَيْنَا مُحْضَرُونَ (32)

کەسیان نییە لەو لەناوبراوانە کە لای ئێمە بە کۆمەڵ ئامادەی لێپرسینەوە نەکرێن.

وَآيَةٌ لَّهُمُ الْأَرْضُ الْمَيْتَةُ أَحْيَيْنَاهَا وَأَخْرَجْنَا مِنْهَا حَبًّا فَمِنْهُ يَأْكُلُونَ (33 )

لە بەڵگە و نیشانەی ئاشکرای خوا بۆ ئەو خەڵکە؛ زەویی مردووە کە بەهۆی ئاوی بارانەوە زیندووی دەکەینەوە، دانەوێڵەی لێ پەیدا دەکرێت کە لێی دەخۆن.

وَجَعَلْنَا فِيهَا جَنَّاتٍ مِّن نَّخِيلٍ وَأَعْنَابٍ وَفَجَّرْنَا فِيهَا مِنَ الْعُيُونِ (34)

هەر وەها جۆرەها باخاتی لێ بەرهەم دەهێنین، لە دارخورما و چەند جۆری ترێ، هەر وەها چەندەها کانیاویشمان تیایدا هەڵقوڵاندووە...

لِيَأْكُلُوا مِن ثَمَرِهِ وَمَا عَمِلَتْهُ أَيْدِيهِمْ أَفَلَا يَشْكُرُونَ (35)

بۆ ئەوەی لە بەروبوومەکەی بخۆن، لەوەش کە بەدەستی خۆیان لەو بەروبوومانە درووستی دەکەن (وەکوو دۆشاو و سرکە و شەربەت و... هەر وەها جێگەی تێڕامانە کە؛ ئادەمیزاد ورد بێتەوە لە دانە دانەی ئەو بەروبوومانە، چۆن پێچراونەتەوە، قەبارەیان، ڕەنگیان، بۆنیان، تامیان... هتد) ئایا لە بەرانبەر ئەو هەموو ناز و نیعمەتانەوە سوپاسگوزاری ناکەن؟!

سُبْحَانَ الَّذِي خَلَقَ الْأَزْوَاجَ كُلَّهَا مِمَّا تُنبِتُ الْأَرْضُ وَمِنْ أَنفُسِهِمْ وَمِمَّا لَا يَعْلَمُونَ (36)

پاکی و بێگەردی بۆ ئەو زاتەی هەر هەموو بەدیهێنراوەکانی بە جووت درووست کردووە لەوەی لە زەویدا دەڕوێت، لە خۆیشیان، لەو شتانەش کە نایزانن (لە سەردەمی عیلم و زانستدا ڕوون بۆتەوە؛ کە هەموو بەدیهێنراوان "مادی و مەعنەوی" جووتن).

وَآيَةٌ لَّهُمُ اللَّيْلُ نَسْلَخُ مِنْهُ النَّهَارَ فَإِذَا هُم مُّظْلِمُونَ (37)

هەر وەها بەڵگە و نیشانەیەکی ئاشکرای تر بۆیان، شەوە، کە پۆشاکی ڕووناکیی ڕۆژی لەبەر دادەماڵین، بەو هۆیەوە دنیایان لێ تاریک دەبێت.

وَالشَّمْسُ تَجْرِي لِمُسْتَقَرٍّ لَّهَا ذَٰلِكَ تَقْدِيرُ الْعَزِيزِ الْعَلِيمِ (38)

خۆریش لە گەردش و سووڕانەوەی خۆیدا بەردەوامە و بەرەو سرەوت دەچێت، یاخود بەدەوری چەقی خۆیدا دەسووڕێتەوە، بێگومان ئەوە توانای زاتێکی باڵادەست و زانا دەردەخات (کە هەموو شتێکی بە ڕێکوپێکی درووست کردووە).

وَالْقَمَرَ قَدَّرْنَاهُ مَنَازِلَ حَتَّىٰ عَادَ كَالْعُرْجُونِ الْقَدِيمِ (39)

هەر وەها کات و شوێنی هەڵهاتنی مانگیشمان دیاری کردووە (هەر شەوێک لە کاتێکی دیاریکراو و شوێنێکی دیاریکراودا هەڵدێت، ڕادەی ئەو ڕووناکییەش کە دەکەوێتە سەری جیاوازە، هەتا (سەرەنجام هەموو مانگێک لە ڕوواڵەتدا) وەک چیلکەیەکی وشکی باریک دەنوێنێت.

لَا الشَّمْسُ يَنبَغِي لَهَا أَن تُدْرِكَ الْقَمَرَ وَلَا اللَّيْلُ سَابِقُ النَّهَارِ وَكُلٌّ فِي فَلَكٍ يَسْبَحُونَ (40)

نە خۆر بۆی هەیە بە مانگ بگات (لە هێڵ و ڕێڕەوی خۆی دەربچێت)، نە شەویش پێش ڕۆژ دەکەوێت، بەڵکوو هەر یەکەیان لە خولگەی تایبەتی خۆیاندا مەلە دەکەن و بەئاسانی دەسووڕێنەوە.

وَآيَةٌ لَّهُمْ أَنَّا حَمَلْنَا ذُرِّيَّتَهُمْ فِي الْفُلْكِ الْمَشْحُونِ (41)

بەڵگە و نیشانەیەکی تر لە هێز و دەسەڵاتمان بۆیان، ئەوەیە کە بەڕاستی ئێمە نەوەکانیانمان لە کەشتیەکەدا هەڵگرت (مەبەست کەشتیی "نوح" ـە کە بە باپیرەگەورەی دووەمی ئادەمیزاد دەدرێتە قەڵەم).

وَخَلَقْنَا لَهُم مِّن مِّثْلِهِ مَا يَرْكَبُونَ (42)

هەر وەها کەشتی و هۆکاری تری هاتوچۆی لە وێنەی ئەو بۆ سازاندوون، (کە هۆکارەکانی گواستنەی ئاسمانی و زەمینی و دەریایی دەگرێتەوە، چونکە هەر خوا بەدیهێنەری ئادەمیزاد و مادەی خاو و سووتەمەنی و... هتد.

وَإِن نَّشَأْ نُغْرِقْهُمْ فَلَا صَرِيخَ لَهُمْ وَلَا هُمْ يُنقَذُونَ (43)

خۆ ئەگەر بمانەوێت نوقمیان دەکەین، ئەو کاتە کەس نییە بێت بە هاواریانەوە و ڕزگاریش ناکرێن لە مردن...

إِلَّا رَحْمَةً مِّنَّا وَمَتَاعًا إِلَىٰ حِينٍ (44)

مەگەر ڕەحمەت و میهرەبانیی ئێمە مۆڵەتیان بدات تا ماوەیەکی دیاریکراو بەهرە لە ژیان وەربگرن.

وَإِذَا قِيلَ لَهُمُ اتَّقُوا مَا بَيْنَ أَيْدِيكُمْ وَمَا خَلْفَكُمْ لَعَلَّكُمْ تُرْحَمُونَ (45)

کاتێکیش بە بێباوەڕان بوترێت: خۆتان لەو سزایە بپارێزن کە بەسەر گەلانی پێشوودا هات، هەر وەها لە سزای داهاتووتان، بۆ ئەوەی ڕەحمتان پێ بکرێت، (کەچی هەر باکیان نییە).

وَمَا تَأْتِيهِم مِّنْ آيَةٍ مِّنْ آيَاتِ رَبِّهِمْ إِلَّا كَانُوا عَنْهَا مُعْرِضِينَ (46)

هیچ ئایەت و بەڵگە و نیشانەیەکیان لە ئایەت و بەڵگەکانی پەروەردگاریان بۆ نایەت کە پشتی تێ نەکەن و ڕووی لێ وەرنەگێڕن.

وَإِذَا قِيلَ لَهُمْ أَنفِقُوا مِمَّا رَزَقَكُمُ اللَّهُ قَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لِلَّذِينَ آمَنُوا أَنُطْعِمُ مَن لَّوْ يَشَاءُ اللَّهُ أَطْعَمَهُ إِنْ أَنتُمْ إِلَّا فِي ضَلَالٍ مُّبِينٍ (47)

کاتێکیش پێیان بوترێت ببەخشن لەوەی کە خوا پێی بەخشیون، ئەوانەی بێباوەڕ بوون بەوانە دەڵێن کە باوەڕیان هێناوە: ئایا ئێمە خواردن بدەین بە کەسێک ئەگەر خوا بیویستایە خۆراکی پێ دەبەخشی؟ ئێوە هەر لە گومڕایی و سەرلێشێواوییەکی ئاشکرادا گیرتان خواردووە!

وَيَقُولُونَ مَتَىٰ هَٰذَا الْوَعْدُ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ (48)

بێباوەڕان بەگومانەوە ڕوو بە ئیمانداران دەڵێن: باشە، ئەگەر قیامەت و لێپرسینەوە ڕاستە، کەی ئەو کاتە دێت ئەگەر ڕاست دەکەن؟!

مَا يَنظُرُونَ إِلَّا صَيْحَةً وَاحِدَةً تَأْخُذُهُمْ وَهُمْ يَخِصِّمُونَ (49)

ئەوانە تەنها چاوەڕێی یەک شریخە و دەنگێکی زۆر گەورەی سامناک نەبێت چاوەڕێی هیچی تر ناکەن، کە هەموویان دەپێچێتەوە (کۆتایی بە ژیانیان دەهێنێت) لە کاتێکدا کە سەرگەرمی کاروباری دنیای خۆیانن، سەرگەرمی کێشە و بەربەرەکانێی ناحەقن.

فَلَا يَسْتَطِيعُونَ تَوْصِيَةً وَلَا إِلَىٰ أَهْلِهِمْ يَرْجِعُونَ (50)

ئەوسا ئیتر نە دەتوانن ڕاسپاردەیەک بگەیەنن، نە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو ماڵ و منداڵیان (چونکە هەموویان لەناو چوون، هەموویان خامۆش بوون).

وَنُفِخَ فِي الصُّورِ فَإِذَا هُم مِّنَ الْأَجْدَاثِ إِلَىٰ رَبِّهِمْ يَنسِلُونَ (51)

پاشان هەر کە فوو دەکرێت بە "صور" ـدا، دەستبەجێ خێرا هەموویان لە گۆڕەکانیان لە توێی خاکەوە بەپەلە دێنە دەرەوە بۆ لای پەروەردگاریان (کەس ناتوانێت سەرپێچی بکات، یان خۆی بدزێتەوە).

قَالُوا يَا وَيْلَنَا مَن بَعَثَنَا مِن مَّرْقَدِنَا هَٰذَا مَا وَعَدَ الرَّحْمَٰنُ وَصَدَقَ الْمُرْسَلُونَ (52)

بەسەرسامییەکی زۆرەوە دەڵێن: ئەی هاوار ئەوە کێ ئێمەی زیندوو کردەوە؟ کێ ئێمەی لە شوێنی ڕاکشانمان لە گۆڕەکانمان دەرهێنا؟ (ئەوسا ئیمانداران، یان فریشتەکان یان خوای گەورە خۆی دەفەرمێت): ئا ئەمە بەڵێنی خوای میهرەبانە و پێغەمبەرانیش لە هەواڵدانی ئەو ڕۆژە ڕاستیان کردووە.

إِن كَانَتْ إِلَّا صَيْحَةً وَاحِدَةً فَإِذَا هُمْ جَمِيعٌ لَّدَيْنَا مُحْضَرُونَ (53)

لەو ماوەیەدا هیچ ڕوو نادات جگە لە دەنگێکی گەورەی کوتوپڕ نەبێت، جا دەستبەجێ هەموویان لای ئێمە ئامادە کراون.

فَالْيَوْمَ لَا تُظْلَمُ نَفْسٌ شَيْئًا وَلَا تُجْزَوْنَ إِلَّا مَا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ (54)

ئینجا ئەم جاڕە دەدرێت: ئەمڕۆ هیچ کەس ستەمی لێ ناکرێت بە هیچ شێوەیەک، خەڵکینە دڵنیا بن کە؛ تەنها پاداشتی کارێک دەدرێنەوە کە دەتانکرد.

إِنَّ أَصْحَابَ الْجَنَّةِ الْيَوْمَ فِي شُغُلٍ فَاكِهُونَ (55)

بەڕاستی ئەمڕۆ بەهەشتییەکان لەناو خۆشی و شادی و کامەرانییەکی بێوێنەدا سەرگەرمن.

هُمْ وَأَزْوَاجُهُمْ فِي ظِلَالٍ عَلَى الْأَرَائِكِ مُتَّكِئُونَ (56)

خۆیان و هاوسەرانیان لەژێر سێبەری درەختی جوان و چڕوپڕدا لەسەر کورسی و قەنەفە ڕازاوەکان شانیان داداوە.

لَهُمْ فِيهَا فَاكِهَةٌ وَلَهُم مَّا يَدَّعُونَ (57)

میوەهاتی زۆرو جۆراوجۆریان لەوێدا پێشکەش دەکرێت، هەر وەها هەر چی داوای بکەن و حەزی لێ بکەن دەستبەجێ ئامادەیە (لە خواردن و خواردنەوە، لە جلوبەرگی جوان، لە جێگە و ڕێگەی خۆش، لە هۆکاری هاتوچۆ، لە هەزاران ناز و نیعمەتی بێشومار).

سَلَامٌ قَوْلًا مِّن رَّبٍّ رَّحِيمٍ (58)

هاوڕێ لەگەڵ سڵاو و ڕێزدا لەلایەن پەروەردگاری میهرەبان و دلۆڤانەوە.

وَامْتَازُوا الْيَوْمَ أَيُّهَا الْمُجْرِمُونَ (59)

لەو لاشەوە یاخییەکان پێیان دەوترێت: ئادەی تاوانبار و گوناهکاران، جیا ببنەوە.

أَلَمْ أَعْهَدْ إِلَيْكُمْ يَا بَنِي آدَمَ أَن لَّا تَعْبُدُوا الشَّيْطَانَ إِنَّهُ لَكُمْ عَدُوٌّ مُّبِينٌ (60)

ئەوسا خوای گەورە گلەیی لە یاخییەکانی نەوەی ئادەم دەکات و دەفەرمێت: ئەی نەوەی ئادەم! مەگەر من پێم ڕا نەگەیاندن کە شەیتان نەپەرستن، چونکە ئەو بەڕاستی دوژمنی ئاشکراتانە؟

وَأَنِ اعْبُدُونِي هَٰذَا صِرَاطٌ مُّسْتَقِيمٌ (61)

بەڵکوو تەنها من بپەرستن کە هەر ئەمەیە ڕێگە و ڕێبازی ڕاست و درووست.

وَلَقَدْ أَضَلَّ مِنكُمْ جِبِلًّا كَثِيرًا أَفَلَمْ تَكُونُوا تَعْقِلُونَ (62)

بێگومان شەیتان خەڵکێکی زۆری لە ئێوە گومڕا کرد، جا ئایا بۆ چی ژیر نەبوون.

هَٰذِهِ جَهَنَّمُ الَّتِي كُنتُمْ تُوعَدُونَ (63)

ئەمە ئەو دۆزەخەیە کە جاران پێی دەترسێنران.

اصْلَوْهَا الْيَوْمَ بِمَا كُنتُمْ تَكْفُرُونَ (64)

دەبێت ئەمڕۆ بگەیەنرێنە ناوی لە سەرەنجامی بێباوەڕیتاندا و ببرژێن تیایدا بەهۆی ئەوەی کە باوەڕتان پێی نەبوو.

الْيَوْمَ نَخْتِمُ عَلَىٰ أَفْوَاهِهِمْ وَتُكَلِّمُنَا أَيْدِيهِمْ وَتَشْهَدُ أَرْجُلُهُم بِمَا كَانُوا يَكْسِبُونَ (65)

ئەمڕۆ مۆر دەنێن بە دەمیاندا و قسەیان بۆ ناکرێت، بەڵکوو دەستیان قسەمان بۆ دەکات، قاچیشیان شایەتی دەدات بەو کار و کردەوانە کە ئەنجامیان دەدا (دەربارەی ئەو تاوانانەی کە ئەنجامیان داوە، کاتێک شریتی کاسێت و ڤیدیۆ و سی دی و دیسک قسەمان بۆ دەکەن باوەڕبوون بە قسەکردنی دەست و قاچ و... هتد، ئاسانە).

وَلَوْ نَشَاءُ لَطَمَسْنَا عَلَىٰ أَعْيُنِهِمْ فَاسْتَبَقُوا الصِّرَاطَ فَأَنَّىٰ يُبْصِرُونَ (66)

خوانەناسان بۆ بیرێک ناکەنەوە خۆ ئەگەر بمانەوێت چاویان کوێر دەکەین و شوێنەواری نایەڵین، ئەو کاتە ئەگەر بیانەوێت بە ڕێگا‌کەدا بڕۆن، چۆن دەتوانن ڕێگەکە ببینن و پێشبڕکێ بکەن؟!

وَلَوْ نَشَاءُ لَمَسَخْنَاهُمْ عَلَىٰ مَكَانَتِهِمْ فَمَا اسْتَطَاعُوا مُضِيًّا وَلَا يَرْجِعُونَ (67)

یاخود ئەگەر بمانەوێت هەر لە جێگەی خۆیان (لەو جێگەدا کە تاوانی تێدا ئەنجام دەدەن) گۆج و ئیفلیجیان دەکەین، یان ڕوخساریان دەخەینە شێوەی ئاژەڵ و جانەوەرەوە، ئەوسا ئیتر ناتوانن نە بەرەو پێش بچن، نە بگەڕێنەوە دواوە.

وَمَن نُّعَمِّرْهُ نُنَكِّسْهُ فِي الْخَلْقِ أَفَلَا يَعْقِلُونَ (68)

خۆ ئاشکرایە ئەوەی تەمەنی درێژی پێ ببەخشین. جوانی و ڕوواڵەتی بۆ ناهێڵین، جا ئایا بۆ ژیریان ناخەنە کار؟!

وَمَا عَلَّمْنَاهُ الشِّعْرَ وَمَا يَنبَغِي لَهُ إِنْ هُوَ إِلَّا ذِكْرٌ وَقُرْآنٌ مُّبِينٌ (69)

(دیارە خوانەناسان ئایاتەکانی قورئانیان بە شیعر داوەتە قەڵەم و پێغەمبەریش "صلی الله علیه و سلم" بە شاعیر، بۆیە دەفەرمێت): ئەوە نەبێت شیعرمان فێر کردبێت، شیعروتنیش لەو قەدەغەیە، ئەوەی کە فێرمان کردووە تەنها یادخەرەوە و قورئانێکی ئاشکرا و ڕوونە.

لِّيُنذِرَ مَن كَانَ حَيًّا وَيَحِقَّ الْقَوْلُ عَلَى الْكَافِرِينَ (70)

ئەم قورئانە بۆ ئەوەیە ئەو کەسانە بێدار بکاتەوە کە زیندوون (دڵ و عەقڵیان زیندوو و هۆشیارە) تا بڕیاری خوا لەسەر کافران جێبەجێ بکرێت (بڕیاری سەرگەردانی دنیا و سزای قیامەت، ئەگەر باوەڕی پێ نەکەن).

أَوَلَمْ يَرَوْا أَنَّا خَلَقْنَا لَهُم مِّمَّا عَمِلَتْ أَيْدِينَا أَنْعَامًا فَهُمْ لَهَا مَالِكُونَ (71)

باشە ئەو خەڵکە سەرنجیان نەداوە کە بەڕاستی بە دەسەڵاتی خۆمان ماڵاتمان بۆ درووست کردوون و ئەوان بوون بە خاوەنی؟

وَذَلَّلْنَاهَا لَهُمْ فَمِنْهَا رَكُوبُهُمْ وَمِنْهَا يَأْكُلُونَ (72)

ئینجا ئەو ماڵاتەمان ڕام هێناوە بۆیان، هەندێکی بۆ سواری بەکار دەهێنن، لە گۆشتی هەندێکیشیان دەخۆن.

وَلَهُمْ فِيهَا مَنَافِعُ وَمَشَارِبُ أَفَلَا يَشْكُرُونَ (73)

هەر وەها سوود و قازانجی زۆریان لێ دەبینن (جگە لەوانەی باس کرا، بۆ زەویکێڵان و ئاوهێنان،...) شیرەکەی دەخۆن (جۆرەها خۆراکی تری لێ درووست دەکەن) جا ئایا ئەوە بۆ سوپاسی خوای بەخشندە ناکەن لەسەری؟!

وَاتَّخَذُوا مِن دُونِ اللَّهِ آلِهَةً لَّعَلَّهُمْ يُنصَرُونَ (74)

سەرەڕای ئەم هەموو ناز و نیعمەتە ئاشکرایە، نەفامان لەجیاتیی خواپەرستیی، بت و شتی تر دەپەرستن و بۆ ئەوەی لە تەنگانەدا کۆمەکی بکرێن و سەر بخرێن.

لَا يَسْتَطِيعُونَ نَصْرَهُمْ وَهُمْ لَهُمْ جُندٌ مُّحْضَرُونَ (75)

بەڵام ناتوانن سەریان بخەن بەڵکوو هەر ئەمان بوونەتە سەرباز و پاسەوان بۆ بتەکان و هەمیشە لە خزمەتیاندا ئامادە کراون.

فَلَا يَحْزُنكَ قَوْلُهُمْ إِنَّا نَعْلَمُ مَا يُسِرُّونَ وَمَا يُعْلِنُونَ (76)

ئەی موحەممەد (صلی الله علیه و سلم) قسە و گوفتاری ئەوانە غەمبارت نەکات، چونکە بەڕاستی ئێمە ئاگاداری ئەوەین کە دەیشارنەوە و ئەوەش ئاشکرا دەکەن.

أَوَلَمْ يَرَ الْإِنسَانُ أَنَّا خَلَقْنَاهُ مِن نُّطْفَةٍ فَإِذَا هُوَ خَصِيمٌ مُّبِينٌ (77)

ئایا ئادەمیزاد سەرنجی نەداوە کە ئێمە بێگومان درووستمان کردووە لە نوتفەیەک، کەچی خێرا بووەتە دوژمنێکی ئاشکرا و دژایەتیمان دەکات؟!

وَضَرَبَ لَنَا مَثَلًا وَنَسِيَ خَلْقَهُ قَالَ مَن يُحْيِي الْعِظَامَ وَهِيَ رَمِيمٌ (78)

نموونەی لاوازی و بێدەسەڵاتیی بۆ ئێمە هێناوەتەوە و بەدیهاتنی خۆی لەبیر کردووە، دەیوت: کێ ئەم ئێسکانە زیندوو دەکاتەوە لە کاتێکدا کە ڕزیو و پڕووکاون؟!

قُلْ يُحْيِيهَا الَّذِي أَنشَأَهَا أَوَّلَ مَرَّةٍ وَهُوَ بِكُلِّ خَلْقٍ عَلِيمٌ (79)

پێیان بڵێ: ئەو زاتەی کە یەکەم جار درووستی کرد، هەر ئەویش زیندووی دەکاتەوە، ئەو بە هەموو درووستکراوێک زانا و ئاگایە (درووستکردن و درووستکردنەوەی هەموو شتێکی لا ئاسانە)...

الَّذِي جَعَلَ لَكُم مِّنَ الشَّجَرِ الْأَخْضَرِ نَارًا فَإِذَا أَنتُم مِّنْهُ تُوقِدُونَ (80)

ئەو زاتەی کە لە درەختی سەوز ئاگرتان بۆ بەدی دەهێنێت، ئیتر ئێوە دای دەگرسێنن.

أَوَلَيْسَ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ بِقَادِرٍ عَلَىٰ أَن يَخْلُقَ مِثْلَهُم بَلَىٰ وَهُوَ الْخَلَّاقُ الْعَلِيمُ (81)

ئایا ئەو زاتەی کە ئاسمانەکان و زەویی درووست کردووە ناتوانێت دووبارە وەک خۆیان درووستیان بکاتەوە؟! بەڵێ (زۆر چاک دەتوانێت) چونکە ئەو زاتە لە درووستکردن و داهێناندا بەتوانا و زانایە.

إِنَّمَا أَمْرُهُ إِذَا أَرَادَ شَيْئًا أَن يَقُولَ لَهُ كُن فَيَكُونُ (82)

بێگومان هەر کاتێک فەرمانی خوا دەرچوو، ویستی شتێک جێبەجێ بکات و بیهێنێتە دی، پێی دەڵێت ببە، ئەویش دەستبەجێ و بێ دواکەوتن پێش دێت و ئەنجام دەدرێت و درووست دەبێت.

فَسُبْحَانَ الَّذِي بِيَدِهِ مَلَكُوتُ كُلِّ شَيْءٍ وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ (83)

پاکی و بێگەردی بۆ ئەو زاتەی جڵەوی هەموو شتێکی بەدەستە، هەر بۆ لای ئەویش دەبرێنەوە.

بەڕێوەبەر: عیمران حسەینی - Îmran Huseynî شنبه بیست و دوم اردیبهشت ۱۳۹۷ |