بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِیمِ
الْحَاقَّةُ (1)
یەکێکە لە ناوەکانی ڕۆژی قیامەت و ئەوە دەگەیەنێت کە لەو ڕۆژەدا خوای گەورە حەق و ڕاستی بەتەواوی دەچەسپێنێت.
مَا الْحَاقَّةُ (2)
(ئینجا پرسیار دەکات و زیاتر گرنگیی ئەو ڕۆژە دەخاتە بەرچاو) چی بێ ئەو ڕۆژە؟!
وَمَا أَدْرَاكَ مَا الْحَاقَّةُ (3)
جا تۆ چووزانی (ئەی پێغەمبەر «صلی الله علیه و سلم» ئەی ئادەمیزاد) ئەو ڕۆژە چییە و چۆنە و چ تەنگانەیەکە؟
كَذَّبَتْ ثَمُودُ وَعَادٌ بِالْقَارِعَةِ (4)
«ثمود» قەومی «صالح»، «عاد» قەومی «هود» ئەو ڕۆژەیان بە درۆ زانی.
فَأَمَّا ثَمُودُ فَأُهْلِكُوا بِالطَّاغِيَةِ (5)
ئینجا گەلی «ثمود» بە دەنگێکی سامناکی گەورەی تۆقێنەر لەناو بران.
وَأَمَّا عَادٌ فَأُهْلِكُوا بِرِيحٍ صَرْصَرٍ عَاتِيَةٍ (6)
گەلی «عاد»ـیش بە ڕەشەبایەکی ساردی بەهێزی وێرانکەر لەناو بران.
سَخَّرَهَا عَلَيْهِمْ سَبْعَ لَيَالٍ وَثَمَانِيَةَ أَيَّامٍ حُسُومًا فَتَرَى الْقَوْمَ فِيهَا صَرْعَىٰ كَأَنَّهُمْ أَعْجَازُ نَخْلٍ خَاوِيَةٍ (7)
حەوت شەو و هەشت ڕۆژ هەڵی کردە سەریان، بەردەوام و بەهێز دەتبینی (ئەگەر لەوێ بوویتایە) ئەو خەڵکە هەموو لاڵوپاڵ لێی دەکەوتن هەر وەک قەدی دارخورمای لەڕیشەهەڵکەنراو، چۆن بەئاسانی دەکەوێت و شەق دەبات.
فَهَلْ تَرَىٰ لَهُم مِّن بَاقِيَةٍ (8)
جا ئایا دەبینیت کەسیان مابێت و کەسیان ڕزگاری بووبێت؟!
وَجَاءَ فِرْعَوْنُ وَمَن قَبْلَهُ وَالْمُؤْتَفِكَاتُ بِالْخَاطِئَةِ (9)
فیرعەون و ئەوانەی پێش ئەویش و دانیشتووانی دێهاتە ژێرەوژووربووەکان، بە تاوان و خراپەوە هاتن.
فَعَصَوْا رَسُولَ رَبِّهِمْ فَأَخَذَهُمْ أَخْذَةً رَّابِيَةً (10)
هەر یەکێک لەوانە سەرپێچی و سەرکەشییان نواند بەرامبەر پێغەمبەری پەروەردگاریان ئەوسا گرتنی بە گرتنێکی سەخت.
إِنَّا لَمَّا طَغَى الْمَاءُ حَمَلْنَاكُمْ فِي الْجَارِيَةِ (11)
بەڕاستی ئێمە کاتێک ئاو لە سنوور دەرچوو (لە کاتی تۆفانەکەی «نوح»ـدا) ئێوەمان لە کەشتیدا هەڵگرت (باو و باپیرانی ئێوە).
لِنَجْعَلَهَا لَكُمْ تَذْكِرَةً وَتَعِيَهَا أُذُنٌ وَاعِيَةٌ (12)
تا بیکەنە یادگاری و بێدارکەرەوە بۆ ئێوە و لە گوێی بگرێت ئەو گوێیانەی هۆشمەندن.
فَإِذَا نُفِخَ فِي الصُّورِ نَفْخَةٌ وَاحِدَةٌ (13)
ئینجا کاتێک یەکجار فوو کرا بە «صور»ـدا.
وَحُمِلَتِ الْأَرْضُ وَالْجِبَالُ فَدُكَّتَا دَكَّةً وَاحِدَةً (14)
زەوی و کێوەکان هەڵگیران و یەککەڕەت دران بەیەکدا.
فَيَوْمَئِذٍ وَقَعَتِ الْوَاقِعَةُ (15)
لەو ڕۆژەدا ئیتر قیامەت بەرپا دەبێت.
وَانشَقَّتِ السَّمَاءُ فَهِيَ يَوْمَئِذٍ وَاهِيَةٌ (16)
ئاسمان هەمووی شەقوپەق دەبێت و لێک دەترازێت و شلوشۆڵ دەبێت.
وَالْمَلَكُ عَلَىٰ أَرْجَائِهَا وَيَحْمِلُ عَرْشَ رَبِّكَ فَوْقَهُمْ يَوْمَئِذٍ ثَمَانِيَةٌ (17)
فریشتەکان لە گۆشە و کەناری (جیهانی نوێ) ـدا ئامادە دەبن، تەختی پەروەردگارت ئەو ڕۆژە هەشت (هەشت فریشتە یان هەشت دەستە) هەڵی دەگرێت بەسەر سەریانەوە.
يَوْمَئِذٍ تُعْرَضُونَ لَا تَخْفَىٰ مِنكُمْ خَافِيَةٌ (18)
لەو ڕۆژەدا پیشان دەدرێن، هیچ شتێک لە نهێنییەکانتان شاراوە نییە.
فَأَمَّا مَنْ أُوتِيَ كِتَابَهُ بِيَمِينِهِ فَيَقُولُ هَاؤُمُ اقْرَءُوا كِتَابِيَهْ (19)
جا ئەوەی نامەی کردەوەکانی درایە دەستی ڕاستی، ئەوە (بە دڵخۆشییەکی بێسنوورەوە بە هاوەڵ و ناسیاوانی) دەڵێت: ها ئەوەتا نامەی کردەوەکانم بیگرن و بخوێننەوە و تەماشای بکەن.
إِنِّي ظَنَنتُ أَنِّي مُلَاقٍ حِسَابِيَهْ (20)
بەڕاستی من کاتی خۆی سوور دەمزانی و دڵنیا بووم کە بەم لێپرسینەوە دەگەم!!
فَهُوَ فِي عِيشَةٍ رَّاضِيَةٍ (21)
جا ئەو بەختەوەرە لە ژیانێکی پڕ لە شادی و کامەرانیدا دەژی کە زۆر پێی ڕازییە...
فِي جَنَّةٍ عَالِيَةٍ (22)
لە بەهەشتی بەرز و بڵندا، (لە باخچەکانی سەر لووتکەی چیا و لاپاڵی شاخەکاندا لەناو کۆشک و تەلارەکاندا).
قُطُوفُهَا دَانِيَةٌ (23)
میوەهاتی زۆر بە درەختەکانییەوە شۆڕ بۆتەوە و لێکردنەوەی ئاسانە و لە دەستڕەسدایە.
كُلُوا وَاشْرَبُوا هَنِيئًا بِمَا أَسْلَفْتُمْ فِي الْأَيَّامِ الْخَالِيَةِ (24)
ئینجا پێیان دەوترێت: بخۆن و بخۆنەوە نۆشتان بێت، بەهۆی دەستپێشکەریتان لە ڕۆژگاری ڕابردوودا.
وَأَمَّا مَنْ أُوتِيَ كِتَابَهُ بِشِمَالِهِ فَيَقُولُ يَا لَيْتَنِي لَمْ أُوتَ كِتَابِيَهْ (25)
بەڵام ئەوەی نامەی کردەوەکانی دەدرێتە دەستی چەپی، ئەوە دەڵێت: خۆزگە نامەی کردەوەکانم پێ نەدرایە.
وَلَمْ أَدْرِ مَا حِسَابِيَهْ (26)
هەر نەمزانییایە لێپرسینەوەم چۆن دەبێت.
يَا لَيْتَهَا كَانَتِ الْقَاضِيَةَ (27)
خۆزگە مردنەکەم یەکجاری بووایە (ئاوا زیندوو نەکرامایەتەوە).
مَا أَغْنَىٰ عَنِّي مَالِيَهْ (28)
ئەوەتە، ئەو ماڵ و سامانەی کە بووم، فریام نەکەوت (بەڵکوو نەما و تەفروتوونا بوو).
هَلَكَ عَنِّي سُلْطَانِيَهْ (29)
ئەو دەسەڵاتەی کە بووم لەدەستم دا نەما و لەدەستم چوو.
خُذُوهُ فَغُلُّوهُ (30)
(ئەوسا ئیتر فەرمان دەدرێت) ئادەی ئێوە بیگرن و کۆت و زنجیر لە دەست و قاچ و ملی بئاڵێنن.
ثُمَّ الْجَحِيمَ صَلُّوهُ (31)
لەوەودوا بەرەو دۆزەخ ڕاپێچی بکەن و بیبەن و بیخەنە ناوی.
ثُمَّ فِي سِلْسِلَةٍ ذَرْعُهَا سَبْعُونَ ذِرَاعًا فَاسْلُكُوهُ (32)
پاشان بە زنجیرێکی حەفتا گەزی بیبەسنەوە (بە کۆڵەکە و ستوون و پایەکانی ناو دۆزەخەوە).
إِنَّهُ كَانَ لَا يُؤْمِنُ بِاللَّهِ الْعَظِيمِ (33)
چونکە بەڕاستی ئەمە کاتی خۆی ئیمان و باوەڕی بە خوای گەورە نەبوو (بەتەمای زیندووبوونەوە و لێپرسینەوە نەبوو).
وَلَا يَحُضُّ عَلَىٰ طَعَامِ الْمِسْكِينِ (34)
هانی کەسی نەدەدا کە خواردن و خۆراک ببەخشن بە هەژار و بێنەواکان (بەڵکوو هەر خەمی خۆیی بوو).
فَلَيْسَ لَهُ الْيَوْمَ هَاهُنَا حَمِيمٌ (35)
کە واتە ئەمڕۆ لێرەدا هیچ دڵسۆزێکی نییە.
وَلَا طَعَامٌ إِلَّا مِنْ غِسْلِينٍ (36)
خۆراکیشی تەنها لە کێم و زووخاوی داچۆڕاو نەبێت هیچی تر نییە.
لَّا يَأْكُلُهُ إِلَّا الْخَاطِئُونَ (37)
کە کەس نایخوات جگە لە تاوانباران.
فَلَا أُقْسِمُ بِمَا تُبْصِرُونَ (38)
سوێندم بەو شتانەی کە دەیبینن.
وَمَا لَا تُبْصِرُونَ (39)
بەوەش کە نایبینن و نادیارن.
إِنَّهُ لَقَوْلُ رَسُولٍ كَرِيمٍ (40)
بەڕاستی ئەم قورئانە لە زاری پێغەمبەرێکی بەڕێزەوە پێتان ڕادەگەیەنرێت، یاخود لە ڕێگەی فرستادەیەکی بەڕێزەوە پێتان دەگات کە جووبرەئیلی فریشتەیە.
وَمَا هُوَ بِقَوْلِ شَاعِرٍ قَلِيلًا مَّا تُؤْمِنُونَ (41)
دڵنیا بن کە ئەم قورئانە گوفتاری شاعیر نییە، ئەوە بۆ زۆر کەمتان باوەڕ دەهێنن؟!
وَلَا بِقَوْلِ كَاهِنٍ قَلِيلًا مَّا تَذَكَّرُونَ (42)
گوفتاری فاڵچی و زێوانیش نییە، ئەوە بۆ زۆر کەمتان یاداوەری وەردەگرن؟!
تَنزِيلٌ مِّن رَّبِّ الْعَالَمِينَ (43)
بەڵکوو ئەم قورئانە لەلایەن پەروەردگاری جیهانەکانەوە ڕەوانە کراوە و نێردراوەتە خوارەوە.
وَلَوْ تَقَوَّلَ عَلَيْنَا بَعْضَ الْأَقَاوِيلِ (44)
خۆ ئەگەر «محمد صلی الله علیه و سلم» هەندێک قسە و گوفتاری بەدەم ئێمەوەی هەڵبەستایە.
لَأَخَذْنَا مِنْهُ بِالْيَمِينِ (45)
ئەوە بەهێز و دەسەڵاتی خۆمان دەمانگرت.
ثُمَّ لَقَطَعْنَا مِنْهُ الْوَتِينَ (46)
لەوەودوا ڕەگی دڵی دەپچڕێنین و دەیمرێنین.
فَمَا مِنكُم مِّنْ أَحَدٍ عَنْهُ حَاجِزِينَ (47)
ئەوسا هیچ کەسێک نییە لە ئێوە بەربەست و بەرگری بکات لە ئێمە.
وَإِنَّهُ لَتَذْكِرَةٌ لِّلْمُتَّقِينَ (48)
بەڕاستی ئەم قورئانە یاداوەری و یادخستنەوەیە بۆ پارێزکاران و خواناسان.
وَإِنَّا لَنَعْلَمُ أَنَّ مِنكُم مُّكَذِّبِينَ (49)
ئێمە بەڕاستی چاک دەزانین کە لە ئێوەدا کەسانێک هەن و پەیدا دەبن ئەم قورئانە بە درۆ دەزانن.
وَإِنَّهُ لَحَسْرَةٌ عَلَى الْكَافِرِينَ (50)
بێگومان قورئان لە ڕۆژی دواییدا دەبێتە هۆی ئاهـ و ناڵە و پەشیمانیی بێسنوور بۆ بێباوەڕان.
وَإِنَّهُ لَحَقُّ الْيَقِينِ (51)
بەڕاستی ئەم قورئانە حەق و ڕاستەقینەیەکی دڵنیابەخشە بە ئیمانداران.
فَسَبِّحْ بِاسْمِ رَبِّكَ الْعَظِيمِ (52)
کە واتە «ئەی پێغەمبەر "صلی الله علیه و سلم" ئەی ئیماندار»! بەردەوام تەسبیحات و ستایشی پەروەردگاری مەزن و گەورەت بکە.