بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِیمِ

 

ص وَالْقُرْآنِ ذِي الذِّكْرِ (1)

چەند پیتێک لە سەرەتای هەندێ لە سووڕەتەکانی قورئاندا هاتوون کە ژمارەیان «14» پیتە. نیوەی کۆی پیتەکانی زمانی عەرەبین؛ بۆ سەلماندنی «اعجاز» و مەزنی و گرنگیی قورئان کە لە توانای هیچ کەسدا نییە بەو پیتانە کتێبێکی ئاوا بێوێنە دابنێت؛ بەڕادەیەک کە ئەگەر هەمووی گرۆی ئادەمیزاد و پەری کۆ ببنەوە بۆ ئەو مەبەستە بێگومان ناتوانن. هەر وەها چەندەها نهێنیی تریشی تیایە، زاناکان لە هەندێکی دوواون، هەندێکیشیان وتوویانە: هەر خوا خۆی زانایە بە نهێنیی ئەو پیتانە، سوێند بەم قورئانە کە خاوەنی ئامۆژگاری و شکۆمەندی و قەدر و ڕێزە.

بَلِ الَّذِينَ كَفَرُوا فِي عِزَّةٍ وَشِقَاقٍ (2)

کەچی ئەوانەی بێباوەڕ بوون (بڕوا بەم قورئانە پیرۆزە ناهێنن، ئەوە لەبەر ئەوە نییە کەموکووڕی و ناتەواوی لەم قورئانەدا هەبێت) بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە خۆیان بە زل دەزانن و بڕیاریان داوە لووتبەرز بن لە ئاستیدا و دژایەتیی بکەن.

كَمْ أَهْلَكْنَا مِن قَبْلِهِم مِّن قَرْنٍ فَنَادَوا وَّلَاتَ حِينَ مَنَاصٍ (3)

چەندەها گەل و نەوەمان پێش ئەمان لەناو بردووە (لەکاتی دەستپێکردنی سزای ئێمەدا) هاواریان دەکرد، شیوەن و زارییان بوو، بەڵام تازە کار لە کار ترازابوو، وەختی ڕزگاربوون بەسەر چوو.

وَعَجِبُوا أَن جَاءَهُم مُّنذِرٌ مِّنْهُمْ وَقَالَ الْكَافِرُونَ هَٰذَا سَاحِرٌ كَذَّابٌ (4)

بێباوەڕەکان سەریان سوڕ ما لەوەی کە بیدارکەرەوەیەک لە خۆیان هاتووە بۆیان و وتیان: ئا ئەمە جادووگەرێکی زۆر درۆزنە.

أَجَعَلَ الْآلِهَةَ إِلَٰهًا وَاحِدًا إِنَّ هَٰذَا لَشَيْءٌ عُجَابٌ (5)

(هەر وەها دەیانوت: ئایا پێتان سەیر نییە) هەموو خواکانی کردووە بە یەک خوا، بەڕاستی ئەمە شتێکی زۆر سەیروسەمەرەیە!

وَانطَلَقَ الْمَلَأُ مِنْهُمْ أَنِ امْشُوا وَاصْبِرُوا عَلَىٰ آلِهَتِكُمْ إِنَّ هَٰذَا لَشَيْءٌ يُرَادُ (6)

دەسەڵاتدار و گەورەکانیان ڕۆیشتن بۆ لای یەکتر، داوای پابەندی و خۆگرییان دەکرد، لە پێناو بتەکانیاندا و دەربارەی بانگەوازی یەکخواناسی دەیانوت: بەڕاستی ئەمە شتێکە مەبەستێکی تیادایە (کە ببێتە گەورە)...!

مَا سَمِعْنَا بِهَٰذَا فِي الْمِلَّةِ الْآخِرَةِ إِنْ هَٰذَا إِلَّا اخْتِلَاقٌ (7)

ئێمە ئەم دەنگوباسەمان لە کۆتا ئاییندا (کە ئایینی مەسیحییە و سێ خوا دەپەرستن) نەبیستووە! ئەمە هەر تەنها شتێکی دەستهەڵبەست و درووستکراوە!

أَأُنزِلَ عَلَيْهِ الذِّكْرُ مِن بَيْنِنَا بَلْ هُمْ فِي شَكٍّ مِّن ذِكْرِي بَل لَّمَّا يَذُوقُوا عَذَابِ (8)

هەر وەها دەیانوت: ئایا ڕەوایە لە نێوان ئێمەماناندا قورئان بۆ موحەممەد (صلی الله علیه و سلم) دابەزێت؟! خوا دەفەرمێت: نەخێر، ئەوانە هەر لە گوماندان بەرانبەر قورئانەکەی من، جا ئەگەر سزا و ئازاری من بچێژن (ئەوسا باوەڕی پێ دەهێنن)؟!

أَمْ عِندَهُمْ خَزَائِنُ رَحْمَةِ رَبِّكَ الْعَزِيزِ الْوَهَّابِ (9)

مەگەر ئەمانە گەنجینەی ڕەحمەت و بەخشندەییی پەروەردگاری تۆیان بەدەستە کە زاتێکی باڵادەست و بەخشندەیە (تا دیاریکردنی پێغەمبەریش بەویستی ئەوان بێت)؟!

أَمْ لَهُم مُّلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا بَيْنَهُمَا فَلْيَرْتَقُوا فِي الْأَسْبَابِ (10)

ئایا مەگەر ئەوانە خاوەنی ئاسمانەکان و زەوی و نێوانیانن، تا خێر و بێر و بەخشینەوەش بە ئارەزووی ئەوان بێت؟ ئەگەر وایە با بە هۆکارێک بەرز بنەوە بۆ ئاسمان و دەست بخەنە کاروباری خوا...!

جُندٌ مَّا هُنَالِكَ مَهْزُومٌ مِّنَ الْأَحْزَابِ (11)

سەربازانێکی زۆر وا لەوێن، لە دەستە و گرۆ جۆربەجۆرەکان، هەمیشە تێک دەشکێن.

كَذَّبَتْ قَبْلَهُمْ قَوْمُ نُوحٍ وَعَادٌ وَفِرْعَوْنُ ذُو الْأَوْتَادِ (12)

پێش ئەمان قەومی «نوح» و «عاد» و فیرعەونی خاوەنی هێز و دەسەڵات (مەبەست ئەهرامەکانە).

وَثَمُودُ وَقَوْمُ لُوطٍ وَأَصْحَابُ الْأَيْكَةِ أُولَٰئِكَ الْأَحْزَابُ (13)

هەر وەها «ثمود»، قەومی «صالح» و قەومی «لوط» و خاوەن باخە چڕوپڕەکان، ئا ئەو دەستە و گرۆیانە (هەر هەموویان دژایەتیی ئایین و بەرنامەی خوایان کرد، خوای گەورەش دوای ماوەیەکی دیاریکراو هەموویانی ڕیشەکەن کرد).

إِن كُلٌّ إِلَّا كَذَّبَ الرُّسُلَ فَحَقَّ عِقَابِ (14)

هەر یەک لەوانە بەرنامەی هەموو پێغەمبەرانیان بە درۆ زانی و بەو کارەیان، خۆیانیان شایستەی تۆڵەی ئیمە کرد.

وَمَا يَنظُرُ هَٰؤُلَاءِ إِلَّا صَيْحَةً وَاحِدَةً مَّا لَهَا مِن فَوَاقٍ (15)

ئەوانە چاوەڕانی هیچ شتێک ناکەن، تەنها یەک دەنگی سامناکی گەورە نەبێت، کە کتوپڕ ڕوو دەدات و پێویستی بە دووبارەبوونەوە نییە.

وَقَالُوا رَبَّنَا عَجِّل لَّنَا قِطَّنَا قَبْلَ يَوْمِ الْحِسَابِ (16)

کەچی خەڵکی نەفام دەڵێن: پەروەردگارا هەر چیت بۆ بڕیار داوین پێش ڕۆژی لێپرسینەوە، پێمان ببەخشە.

اصْبِرْ عَلَىٰ مَا يَقُولُونَ وَاذْكُرْ عَبْدَنَا دَاوُودَ ذَا الْأَيْدِ إِنَّهُ أَوَّابٌ (17)

ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) تۆ خۆگر بە لە بەرانبەر هەموو ئەو گوفتارە نادرووست و هەڵانەوە کە دەیڵێن، بەڵکوو یادی بەندەمان «داود» بکە کە توانایی و دەسەڵاتمان پێ بەخشیبوو، بەڕاستی ئەو هەمیشە دڵی لای ئێمە بوو، بەتەنگ ڕەزامەندیی ئێمەوە بوو.

إِنَّا سَخَّرْنَا الْجِبَالَ مَعَهُ يُسَبِّحْنَ بِالْعَشِيِّ وَالْإِشْرَاقِ (18)

بەڕاستی ئێمەش کەژ و کێوەکانمان بۆ ڕام هێنابوو، ئەوانیش یاد و تەسبیحاتی خوایان دەکرد و پێکەوە دەیانوتەوە لە دەمەوئێواران و بەرەبەیانەکاندا.

وَالطَّيْرَ مَحْشُورَةً كُلٌّ لَّهُ أَوَّابٌ (19)

هەر وەها بەڵندەکانیشمان بۆ ڕام هێنابوو بەدەوریشیدا کۆ کرابوونەوە، هەموویان پێکەوە تەسبیحاتیان دەکرد، هەموویان گوێڕایەڵ و فەرمانبەرداری خوا بوون.

وَشَدَدْنَا مُلْكَهُ وَآتَيْنَاهُ الْحِكْمَةَ وَفَصْلَ الْخِطَابِ (20)

ئێمە پاشایەتییەکەمان بەهێز کرد و حیکمەت و دانایی و قسە و فەرمانی بەجێمان پێ بەخشی.

وَهَلْ أَتَاكَ نَبَأُ الْخَصْمِ إِذْ تَسَوَّرُوا الْمِحْرَابَ (21)

ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) ئایا هەواڵی ئەوانەت پێ نەگەیشتووە کە کێشەیەکیان هەبوو، بە دیوارا سەر کەوتن و خۆیان گەیاندە میحرابەکەی!

إِذْ دَخَلُوا عَلَىٰ دَاوُودَ فَفَزِعَ مِنْهُمْ قَالُوا لَا تَخَفْ خَصْمَانِ بَغَىٰ بَعْضُنَا عَلَىٰ بَعْضٍ فَاحْكُم بَيْنَنَا بِالْحَقِّ وَلَا تُشْطِطْ وَاهْدِنَا إِلَىٰ سَوَاءِ الصِّرَاطِ (22)

کاتێک خۆیانیان کرد بە ژووردا و چوونە لای «داود»، ئەویش لێیان ترسا، بەڵام ئەوان وتیان: مەترسە، هەر دووکمان ناکۆکییەکمان هەیە و لایەکمان ستەمی لە لایەکمان کردووە، داواکارین کە بە دادپەروەری لە نێوانماندا بڕیار بدەیت و لایەنی هیچ کەسێکمان نەگریت، ڕێنمووییشمان بکە بۆ ڕێگەی ڕاست و درووست.

إِنَّ هَٰذَا أَخِي لَهُ تِسْعٌ وَتِسْعُونَ نَعْجَةً وَلِيَ نَعْجَةٌ وَاحِدَةٌ فَقَالَ أَكْفِلْنِيهَا وَعَزَّنِي فِي الْخِطَابِ (23)

یەکێکیان وتی: بەڕاستی ئەم برایەم نەوەدونۆ مەڕی هەیە بەڵام من تەنها یەک مەڕم هەیە، کەچی پێم دەڵێت: ئەو مەڕەشم بدەرێ، بە قسەی زل و زۆرزانی دەیەوێت لێم زەوت بکات.

قَالَ لَقَدْ ظَلَمَكَ بِسُؤَالِ نَعْجَتِكَ إِلَىٰ نِعَاجِهِ وَإِنَّ كَثِيرًا مِّنَ الْخُلَطَاءِ لَيَبْغِي بَعْضُهُمْ عَلَىٰ بَعْضٍ إِلَّا الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَقَلِيلٌ مَّا هُمْ وَظَنَّ دَاوُودُ أَنَّمَا فَتَنَّاهُ فَاسْتَغْفَرَ رَبَّهُ وَخَرَّ رَاكِعًا وَأَنَابَ ۩ (24)

«داود» وتی: سوێند بە خوا بێگومان ئەو برایەت ستەمی لێ کردوویت بەوەی دەیەوێت تاکە مەڕەکەی تۆ بخاتە سەر مەڕەکانی خۆی، لەڕاستیدا زۆربەی ئەوانەی شەریک و هاوکارن ستەم لە یەکتری دەکەن، جگە لەوانەی کە ئیمان و باوەڕیان هەیە و کار و کردەوەی چاک ئەنجام دەدەن، ئەوانیش زۆر کەمن، (ئینجا دوو کەسەکە دیار نەما) ئەوسا ئیتر «داود» زانی کە ئێمە تەنها تاقیمان کردۆتەوە، (لەبەر دوو هۆی سەرەکی، یەکەم: فێر ببێت بەپەلە حوکم دەرنەکات... دووەم: لەبەر ئەوەی سوێندی خوارد لەسەر شتێک کە لێکۆڵینەوەی دەربارەی نەکردبوو) ئیتر داوای لێخۆشبوونی لە پەروەردگاری کرد و بە کڕنووش و سوژدەدا چوو، داوای لێبوردنی کرد...

فَغَفَرْنَا لَهُ ذَٰلِكَ وَإِنَّ لَهُ عِندَنَا لَزُلْفَىٰ وَحُسْنَ مَآبٍ (25)

ئێمەش لەو هەڵەیەی خۆش بووین، بێگومان ئەو لە نزیکان و خۆشەویستانی ئێمەیە و خۆشترین جێگە و ڕێگەمان بۆ ئامادە کردووە.

يَا دَاوُودُ إِنَّا جَعَلْنَاكَ خَلِيفَةً فِي الْأَرْضِ فَاحْكُم بَيْنَ النَّاسِ بِالْحَقِّ وَلَا تَتَّبِعِ الْهَوَىٰ فَيُضِلَّكَ عَن سَبِيلِ اللَّهِ إِنَّ الَّذِينَ يَضِلُّونَ عَن سَبِيلِ اللَّهِ لَهُمْ عَذَابٌ شَدِيدٌ بِمَا نَسُوا يَوْمَ الْحِسَابِ (26)

ئەی «داود»! بەڕاستی ئێمە تۆمان کردۆتە جێنشین لەم وڵاتەدا، فەرمانڕەوایی لە نێوان خەڵکدا لەسەر بنچینەی حەق و ڕاستی ئەنجام بدە، هەرگیز شوێنی ئارەزوو مەکەوە، تا نەبێتە هۆی گومڕاکردن و لادانت لە ڕێبازی خوا، چونکە بێگومان ئەوانەی لە ڕێبازی خوا لا دەدەن، سزای بەئێش و پڕئازار بۆیان ئامادەیە، بەهۆی فەرامۆشکردنی ڕۆژی لێپرسینەوە.

وَمَا خَلَقْنَا السَّمَاءَ وَالْأَرْضَ وَمَا بَيْنَهُمَا بَاطِلًا ذَٰلِكَ ظَنُّ الَّذِينَ كَفَرُوا فَوَيْلٌ لِّلَّذِينَ كَفَرُوا مِنَ النَّارِ (27)

ئێمە ئاسمان و زەوی و درووستکراوانی نێوانمان بێهوودە و هەڕەمەکەی درووست نەکردووە، ئەوە بیر و باوەڕی ئەوانەیە کە بێباوەڕ بوون، هاوار و ئاهـ و ناڵە بۆ ئەوانەی کە کافر و بێبڕوان لە سزای ئاگری دۆزەخ.

أَمْ نَجْعَلُ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ كَالْمُفْسِدِينَ فِي الْأَرْضِ أَمْ نَجْعَلُ الْمُتَّقِينَ كَالْفُجَّارِ (28)

نەخێر، ئەو باوەڕەیان هەڵەیە، بەڵکوو ئایا ڕەوایە پاداشتی ئەوانەی ئیمان و باوەڕیان هێناوە و کار و کردەوە چاکەکانیان ئەنجام داوە، وەک ئەوانە لێ بکەین کە تۆوی خراپەیان چاندووە لە زەویدا، یاخود ئایا ئەوانەی پارێزگار و لەخواترسن وەک خراپەکاران سەیریان بکەین؟!

كِتَابٌ أَنزَلْنَاهُ إِلَيْكَ مُبَارَكٌ لِّيَدَّبَّرُوا آيَاتِهِ وَلِيَتَذَكَّرَ أُولُو الْأَلْبَابِ (29)

ئەم قورئانە کتێبێکی پیرۆزە دامان بەزاندووە بۆ لای تۆ، بۆ ئەوەی ئایەتەکانی لێک بدەنەوە و بیری لێ بکەنەوە و بۆ ئەوەی خاوەنی بیر و هۆشەکان پەند و ئامۆژگاری وەربگرن و تێ فکرن.

وَوَهَبْنَا لِدَاوُودَ سُلَيْمَانَ نِعْمَ الْعَبْدُ إِنَّهُ أَوَّابٌ (30)

ئێمە «سولەیمان» ـمان بەخشی بە «داود»، ئای چ بەندەیەکی چاک بوو، چونکە بێگومان «سولەیمان» هەمیشە بەسۆزەوە داوای لێخۆشبوونی لە خوا دەکرد.

إِذْ عُرِضَ عَلَيْهِ بِالْعَشِيِّ الصَّافِنَاتُ الْجِيَادُ (31)

کاتێک دەمەوئێوارە ئەو ئەسپە چاکانەی کە ئامادە کرابوو بۆ غەزا هێنایان و نمایش کران لە پێش چاویدا.

فَقَالَ إِنِّي أَحْبَبْتُ حُبَّ الْخَيْرِ عَن ذِكْرِ رَبِّي حَتَّىٰ تَوَارَتْ بِالْحِجَابِ (32)

ئینجا وتی: من هەمیشە حەز لەم جۆرە کارانە دەکەم و گرنگی بەم ئەسپانە بە خێر دەزانم، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ببنە هۆی ئەوەی کە لەیادی پەروەردگارم غافڵم بکەن و یادی فەرامۆش بکەم، ئەسپەکان غاریان کرد تا لە چاو ون بوون.

رُدُّوهَا عَلَيَّ فَطَفِقَ مَسْحًا بِالسُّوقِ وَالْأَعْنَاقِ (33)

لەوەودوا «سولەیمان» فەرمانی دا کە بیانگێڕێتەوە و کە گەڕانەوە بۆ لای، دەستی دەهێنا بە ڕان و ملیاندا (بەو شێوەیە خۆشەویستیی خۆیی دەردەبڕی بۆیان، چونکە ئەوانە هۆکارێکن بۆ غەزا و گەیاندنی ئایینی خوا).

وَلَقَدْ فَتَنَّا سُلَيْمَانَ وَأَلْقَيْنَا عَلَىٰ كُرْسِيِّهِ جَسَدًا ثُمَّ أَنَابَ (34)

سوێن بە خوا ئێمە «سولەیمان» ـمان تاقی کردەوە و ساوایەکی ناتەواومان فڕێ دایە سەر تەختی فەرمانڕەوایەتییەکەی، پاشان گەڕایەوە بۆ لای خوا و پەنای بۆ ئێمە هێنا... (چونکە بەبێ وتنی «ان شاء الله» بەئومێدی چەند کوڕێک بوو).

قَالَ رَبِّ اغْفِرْ لِي وَهَبْ لِي مُلْكًا لَّا يَنبَغِي لِأَحَدٍ مِّن بَعْدِي إِنَّكَ أَنتَ الْوَهَّابُ (35)

وتی: پەروەردگارا لێم خۆش ببە و دەسەڵاتێکم پێ ببەخشە کە دەست نەدات بۆ کەسی تر لە دوای خۆم، چونکە بەڕاستی تەنها تۆ بەخشێنەری هەموو ناز و نیعمەتێکیت.

فَسَخَّرْنَا لَهُ الرِّيحَ تَجْرِي بِأَمْرِهِ رُخَاءً حَيْثُ أَصَابَ (36)

ئێمە نزامان گیرا کرد و «با» ـمان بۆ ڕام هێنا، کە فەرمانی ئەو بەنەرمی هاتوچۆ بکات، بۆ هەر شوێنێک ویستی.

وَالشَّيَاطِينَ كُلَّ بَنَّاءٍ وَغَوَّاصٍ (37)

هەر وەها شەیتانەکانیشمان کردە خزمەتگوزاری، لە هەموو جۆرە بیناسازێک و مەلەوانێکی ژێر دەریا.

وَآخَرِينَ مُقَرَّنِينَ فِي الْأَصْفَادِ (38)

هەندێکی تریش بە کۆت و زنجیر بەسترابوونەوە (تا نەتوانن خراپەکاری ئەنجام بدەن).

هَٰذَا عَطَاؤُنَا فَامْنُنْ أَوْ أَمْسِكْ بِغَيْرِ حِسَابٍ (39)

ئەمە بەخششی ئێمەیە بۆ تۆ ئەی «سولەیمان» تۆش دەبەخشیت، یان نابەخشیت لێپرسینەوەت نییە و خۆت سەربەستیت.

وَإِنَّ لَهُ عِندَنَا لَزُلْفَىٰ وَحُسْنَ مَآبٍ (40)

بێگومان «سولەیمان» لەلای ئێمە پلەی زۆر نزیکی هەیە و پاشەڕۆژ و داهاتوویەکی جوانی هەیە لای ئێمە.

وَاذْكُرْ عَبْدَنَا أَيُّوبَ إِذْ نَادَىٰ رَبَّهُ أَنِّي مَسَّنِيَ الشَّيْطَانُ بِنُصْبٍ وَعَذَابٍ (41)

ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) سەر گوزەشتەی بەندەی ئێمە «ئەیووب» ـیان بۆ باس بکە، کاتێک بانگی لە پەروەردگاری کرد و وتی: بێگومان شەیتان تووشی نەخۆشی و ئازاری کردووم.

ارْكُضْ بِرِجْلِكَ هَٰذَا مُغْتَسَلٌ بَارِدٌ وَشَرَابٌ (42)

ئێمەش دوعا و نزامان گیرا کرد و وتمان: هەستە، بەپێی خۆت ڕا بکە، ئەوە ئاوێکی ساردە بۆ خۆشتن و خواردنەوە.

وَوَهَبْنَا لَهُ أَهْلَهُ وَمِثْلَهُم مَّعَهُمْ رَحْمَةً مِّنَّا وَذِكْرَىٰ لِأُولِي الْأَلْبَابِ (43)

ئەوسا هەموو کەسوکاریمان پێ بەخشی و ئەوەندەی تریش، ئەوە ڕەحمەت و میهرەبانیی تایبەتی بوو لەلایەن ئێمەوە، یاداوەریش بۆ هەموو خاوەنی بیر و هۆشەکان.

وَخُذْ بِيَدِكَ ضِغْثًا فَاضْرِب بِّهِ وَلَا تَحْنَثْ إِنَّا وَجَدْنَاهُ صَابِرًا نِّعْمَ الْعَبْدُ إِنَّهُ أَوَّابٌ (44)

(ئەیووب «صلی الله علیه و سلم» جارێک لە خێزانەکەی دڵی ئێشا، سوێندی خوارد کە ئەگەر چان بۆوە چەند دارێکی لێ بدات، خوای میهرەبانیش وەک ڕێزێک بۆ ئەو ئافرەتە وەفادارە فەرمانی پێ دا): چەپکێ لاسکی ناسک بگرێت بەدەستە‌وە (بەقەدەر ئەو ژمارەیەی کە بڕیاری دابوو و بیماڵێت بە هاوسەرەکەیدا و فەرمووی) سوێندەکەشت مەشکێنە، ئێمە بینیمان بەڕاستی خۆگر و بەئارامگر بوو، بەندەیەکی چاک و ڕێکوپێک بوو، بێگومان ئەو تەوبەکارە و هەمیشە دڵی لای پەروەردگارە.

وَاذْكُرْ عِبَادَنَا إِبْرَاهِيمَ وَإِسْحَاقَ وَيَعْقُوبَ أُولِي الْأَيْدِي وَالْأَبْصَارِ (45)

ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) باس و یادی بەندە بەڕێزەکانمان «ئیبراهیم» و «ئیسحاق» و «یەعقووب» بکە، هەمویان دەستێکی باڵایان هەبوو لە گەیاندنی ئایینی خوادا، دەستێکی باڵایان هەبوو لە چاکە و چاکەکاریدا، هەر وەها بەرچاوڕوونی و شارەزاییی تەواویان هەبوو لە هەموو ڕوویەکەوە.

إِنَّا أَخْلَصْنَاهُم بِخَالِصَةٍ ذِكْرَى الدَّارِ (46)

ئێمە بەڕاستی کردمانن بە بەندەیەکی تایبەتی خۆمان بەهۆی سیفەتی دنیانەویستی کە ئەویش یادەوەریی ڕۆژی قیامەتە.

وَإِنَّهُمْ عِندَنَا لَمِنَ الْمُصْطَفَيْنَ الْأَخْيَارِ (47)

بەڕاستی ئەوانە لای ئێمە لەو کەسانەن کە هەڵمان بژاردوون و پەسەندمان کردوون.

وَاذْكُرْ إِسْمَاعِيلَ وَالْيَسَعَ وَذَا الْكِفْلِ وَكُلٌّ مِّنَ الْأَخْيَارِ (48)

هەر وەها باس و یادی «اسماعیل» و «الیسع» و «ذوالکفل» ـیشیان بۆ بکە کە هەر یەکێک لەوانە لە هەڵبژاردە و پەسەندکراوەکانن.

هَٰذَا ذِكْرٌ وَإِنَّ لِلْمُتَّقِينَ لَحُسْنَ مَآبٍ (49)

ئەمانە هەمووی ناوبانگی ئەو پێغەمبەرە بەڕێزانەیە و بێگومان بۆ پارێزکار و خواناسیش چاکترین جێگە و ڕێگە و شوێنمان ئامادە کردووە.

جَنَّاتِ عَدْنٍ مُّفَتَّحَةً لَّهُمُ الْأَبْوَابُ (50)

باخەکانی بەهەشتی عەدنە، کە هەر هەمووی دەروازەکانی لەسەر پشتە بۆیان.

مُتَّكِئِينَ فِيهَا يَدْعُونَ فِيهَا بِفَاكِهَةٍ كَثِيرَةٍ وَشَرَابٍ (51)

تیایدا بە ئاسوودەیی شانیان داداوە، بەردەوام داوای میوەی زۆر و خواردنەوەی هەمەجۆر دەکەن.

وَعِندَهُمْ قَاصِرَاتُ الطَّرْفِ أَتْرَابٌ (52)

هەر وەها حۆریی هاوتەمەنی بەحەیا و شەرم لایانە، کە تەنها عاشقی هاوسەرەکانیانن و چاو بۆ کەسی تر هەڵنابڕن.

هَٰذَا مَا تُوعَدُونَ لِيَوْمِ الْحِسَابِ (53)

جا ئا ئەم بەڵێنی ناز و نیعمەتەی پێتان دراوە لە ڕۆژی پاداشتدا بۆتان ئامادەیە.

إِنَّ هَٰذَا لَرِزْقُنَا مَا لَهُ مِن نَّفَادٍ (54)

بەڕاستی ئەمە ڕزق و ڕۆزیمانە بۆ بەختەوەران، هەرگیز تەواو نابێت و کۆتایی نایەت.

هَٰذَا وَإِنَّ لِلطَّاغِينَ لَشَرَّ مَآبٍ (55)

ئەمەی باس کرا بۆ ئیماندارانە، بەڵام بۆ ستەمکار و یاخیبووەکان، بەڕاستی ناخۆشترین جێگە و ڕێگە ئامادەیە.

جَهَنَّمَ يَصْلَوْنَهَا فَبِئْسَ الْمِهَادُ (56)

دۆزەخە، کە دەگەیەنرێنە ناوی، کە واتە ئای چ شوێنێکی ناساز و سەخت و ناسۆرە.

هَٰذَا فَلْيَذُوقُوهُ حَمِيمٌ وَغَسَّاقٌ (57)

ئەمە و، دەبا هەر بچێژن و بخۆن لە ئاو و خۆراکی زۆر گەرم و کێم و زووخاوی داچۆڕاو.

وَآخَرُ مِن شَكْلِهِ أَزْوَاجٌ (58)

شتی تریش لەو بابەتانە هەمەجۆر دەرخواردیان دەدرێت.

هَٰذَا فَوْجٌ مُّقْتَحِمٌ مَّعَكُمْ لَا مَرْحَبًا بِهِمْ إِنَّهُمْ صَالُو النَّارِ (59)

(کاتێک ستەمکاران بەرەو دۆزەخ ڕاپێچ دەکرێن هەندێ فریشتە پێیان دەڵێن:) ئەوە تاقمێکە لەگەڵ ئێوەدا پاڵەپەستۆیانە، ئەوانیش دەڵێن: دەک بەخێر نەیەن، ئەوانیش دەبێت بگەیەنرێنە دۆزەخ و بچنە ناو ئاگرەوە.

قَالُوا بَلْ أَنتُمْ لَا مَرْحَبًا بِكُمْ أَنتُمْ قَدَّمْتُمُوهُ لَنَا فَبِئْسَ الْقَرَارُ (60)

لە وڵامیاندا دەڵێن: نەخێر ئێوە بەخێر نەیەنەوە، ئێوە ئەم شوێنەتان بۆ ئێمە مسۆگەر کرد ئای کە جێگەیەکی ناساز و ناخۆشە.

قَالُوا رَبَّنَا مَن قَدَّمَ لَنَا هَٰذَا فَزِدْهُ عَذَابًا ضِعْفًا فِي النَّارِ (61)

دوایی بەدەم ئاهـ و ناڵەوە دەڵێن: پەروەردگارا! ئەوەی بوو بەهۆی ئەوەی کە ئا ئەم شوێنە بەنسیبی ئێمە ببێت، سزای چەند بەرانبەری لەناو دۆزەخدا بۆ پێش بهێنە.

وَقَالُوا مَا لَنَا لَا نَرَىٰ رِجَالًا كُنَّا نَعُدُّهُم مِّنَ الْأَشْرَارِ (62)

هەر وەها دەڵێن: ئەوە چیمانە بۆ چی ئێمە کەسانێک نابینین کە کاتی خۆی بە خراپ و دواکەوتوو و کۆنەپەرست دەماندانە قەڵەم.

أَتَّخَذْنَاهُمْ سِخْرِيًّا أَمْ زَاغَتْ عَنْهُمُ الْأَبْصَارُ (63)

کاتی خۆی گاڵتەمان پێ دەکردن، توانجمان تێ دەگرتن کەچی ئەمڕۆ یان لێرە نین، یان بەرچاومان لێڵ و تاریکە و نایانبینن!

إِنَّ ذَٰلِكَ لَحَقٌّ تَخَاصُمُ أَهْلِ النَّارِ (64)

بەڕاستی ئەوە بەسەرهات و کێشمەکێش و دەمەدەمێی دۆزەخییەکان و حەقیقەت و ڕاستەقینەیە و بۆیان پێش دێت.

قُلْ إِنَّمَا أَنَا مُنذِرٌ وَمَا مِنْ إِلَٰهٍ إِلَّا اللَّهُ الْوَاحِدُ الْقَهَّارُ (65)

ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) پێیان بڵێ بەڕاستی من تەنها بێدارکەرەوەم، کە جگە لە خوای تاک و تەنها و بەدەسەڵات و خەشمگیر لە تاوانباران هیچ خوایەکی تر نییە.

رَبُّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا بَيْنَهُمَا الْعَزِيزُ الْغَفَّارُ (66)

ئەو خوایە پەروەردگاری ئاسمانەکان و زەوی و هەموو درووستکراوانی نێوانیانە، باڵادەستە بەسەر کافراندا، لێخۆشبووە و چاوپۆشی دەکات لە ئیمانداران.

قُلْ هُوَ نَبَأٌ عَظِيمٌ (67)

پێیان بڵێ: ئەم هەواڵ و دەنگوباسانە هەواڵ و دەنگوباسێکی زۆر گەورە و گرنگن.

أَنتُمْ عَنْهُ مُعْرِضُونَ (68)

بەڵام ئێوە پشتی تێ دەکەن و گوێی بۆ ناگرن.

مَا كَانَ لِيَ مِنْ عِلْمٍ بِالْمَلَإِ الْأَعْلَىٰ إِذْ يَخْتَصِمُونَ (69)

خۆ من (مەبەست پێغەمبەرە) هیچ ئاگاداری ئەوە نەبووم کە چی گوزارەوە لە شوێنە بڵندەکاندا کاتێک کە فریشتەکان کێشەیان هەبوو لە جێنشینیی ئادەمدا.

إِن يُوحَىٰ إِلَيَّ إِلَّا أَنَّمَا أَنَا نَذِيرٌ مُّبِينٌ (70)

وەحی و نیگام بۆ نایەت تەنها لەبەر ئەوە نەبێت کە من بێدارکەرەوەیەکی ئاشکرام.

إِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي خَالِقٌ بَشَرًا مِّن طِينٍ (71)

کێشەی فریشتەکان کاتێک بوو کە پەروەردگارت پێی وتن: من دەمەوێت بەشەرێک، لە قوڕ درووست بکەم.

فَإِذَا سَوَّيْتُهُ وَنَفَخْتُ فِيهِ مِن رُّوحِي فَقَعُوا لَهُ سَاجِدِينَ (72)

جا کاتێک درووستم کرد و لەو گیان و ڕۆحەی کە من خاوەنی ئەوم، فووم پێدا کرد و گیان و ژیانم پێ بەخشی ئێوەی فریشتە هەمووتان سووژدەی (رێز و تەقدیری بە فەرمانی من) بۆ بەرن.

فَسَجَدَ الْمَلَائِكَةُ كُلُّهُمْ أَجْمَعُونَ (73)

هەموو فریشتەکان فەرمانی خوایان بەجێ هێنا و سووژدەیان برد.

إِلَّا إِبْلِيسَ اسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ (74)

جگە لە ئیبلیس نەبێت کە لەو کاتەدا لەناو فریشتەکاندا بوو فووی کردە خۆی و خۆی بە گەورە زانی و خۆی خستە ڕیزی کافرانەوە.

قَالَ يَا إِبْلِيسُ مَا مَنَعَكَ أَن تَسْجُدَ لِمَا خَلَقْتُ بِيَدَيَّ أَسْتَكْبَرْتَ أَمْ كُنتَ مِنَ الْعَالِينَ (75)

خوا فەرمووی: ئەی ئیبلیس ئەوە چی نەیهێشت و نایەڵێت سووژدە بەریت بۆ ئەو کەسەی کە بە دوو دەستی قودرەتی خۆم درووستم کردووە؟! ئایا خۆتت بە گەورە زانی یان هەر لە زووەوە خۆت لا بەرز و گەورەیە.

قَالَ أَنَا خَيْرٌ مِّنْهُ خَلَقْتَنِي مِن نَّارٍ وَخَلَقْتَهُ مِن طِينٍ (76)

شەیتان وتی: من لەو چاکتر و بەنرختر و پیرۆزترم، چونکە تۆ منت لە ئاگر درووست کردووە و ئەوت لە قوڕ بەدی هێناوە.

قَالَ فَاخْرُجْ مِنْهَا فَإِنَّكَ رَجِيمٌ (77)

خوا فەرمووی: مادەم وایە دەرچۆ لە بەهەشت و بەجێی بهێڵە چونکە تۆ ئیتر ڕەجمکراو و دوورخراوەیت لە ڕەحمەتی من.

وَإِنَّ عَلَيْكَ لَعْنَتِي إِلَىٰ يَوْمِ الدِّينِ (78)

بەڕاستی لەعنەت و نەفرینی منت لەسەرە تا ڕۆژی قیامەت (چونکە تۆ فەرمانی منت جێبەجێ نەکرد).

قَالَ رَبِّ فَأَنظِرْنِي إِلَىٰ يَوْمِ يُبْعَثُونَ (79)

شەیتان وتی: پەروەردگارا دەی کە واتە مۆڵەتم بدە تا ئەو ڕۆژەی کە نەوەکانی ئادەم زیندوو دەکرێنەوە.

قَالَ فَإِنَّكَ مِنَ الْمُنظَرِينَ (80)

خوا فەرمووی: باشە تۆ لە مۆڵەتدراوانیت...

إِلَىٰ يَوْمِ الْوَقْتِ الْمَعْلُومِ (81)

تا ڕۆژ و کاتی دیاریکراو.

قَالَ فَبِعِزَّتِكَ لَأُغْوِيَنَّهُمْ أَجْمَعِينَ (82)

ئینجا شەیتان وتی: سوێند بە دەسەڵاتی بێسنوورت شەرت بێت هەر هەموویان گومڕا و سەرگەردان بکەم.

إِلَّا عِبَادَكَ مِنْهُمُ الْمُخْلَصِينَ (83)

جگە لە بەندە و عەبدە دڵسۆزەکانت کە هەڵبژارەدەی خۆتن (دەسەڵاتی ئەوانم نییە).

قَالَ فَالْحَقُّ وَالْحَقَّ أَقُولُ (84)

پەروەردگار فەرمووی: من خۆم حەق و ڕاستیم و هەر حەق و ڕاستیش دەڵێم.

لَأَمْلَأَنَّ جَهَنَّمَ مِنكَ وَمِمَّن تَبِعَكَ مِنْهُمْ أَجْمَعِينَ (85)

سوێند بە زاتی خۆم دەبێت دۆزەخ پڕ بکەم لە تۆ و لە هەموو ئەوانەی کە شوێنی تۆ دەکەون.

قُلْ مَا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ مِنْ أَجْرٍ وَمَا أَنَا مِنَ الْمُتَكَلِّفِينَ (86)

جا تۆش ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) بەو خەڵکە بڵێ: من هیچ پاداشت و خەڵاتێکم لە ئێوە ناوێت، من لەو کەسانەش نیم کە شت هەڵبەستم و زۆر لە خۆم بکەم.

إِنْ هُوَ إِلَّا ذِكْرٌ لِّلْعَالَمِينَ (87)

ئەم قورئانە تەنها ئامۆژگارییە بۆ هەموو خەڵکی جیهان لە هەموو کات و شوێنێکدا.

وَلَتَعْلَمُنَّ نَبَأَهُ بَعْدَ حِينٍ (88)

بەڕاستی لە داهاتوویەکی نزیکدا، هەر لە دنیادا هەواڵی ڕاستی و درووستیی ئەم ئایینە دەزانن، لە قیامەتیشدا هەموو شتێک بەتەواوی ئاشکرا و ڕوون دەبێت.

بەڕێوەبەر: عیمران حسەینی - Îmran Huseynî شنبه بیست و دوم اردیبهشت ۱۳۹۷ |