بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِیمِ

 

إِذَا جَاءَكَ الْمُنَافِقُونَ قَالُوا نَشْهَدُ إِنَّكَ لَرَسُولُ اللَّهِ وَاللَّهُ يَعْلَمُ إِنَّكَ لَرَسُولُهُ وَاللَّهُ يَشْهَدُ إِنَّ الْمُنَافِقِينَ لَكَاذِبُونَ (1)

ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) کاتێک ناپاک و دووڕووەکان دێن بۆ لات و دەڵێن: ئێمە شایەتی دەدەین کە تۆ پێغەمبەری خوایت! لە حاڵێکدا کە خوا خۆی چاک دەزانێت کە تۆ پێغەمبەر و فرستادەی ئەویت، لە هەمان کاتدا، خوا شایەتی دەدا کە ئەو ناپاک و دووڕووانە درۆزنن.

اتَّخَذُوا أَيْمَانَهُمْ جُنَّةً فَصَدُّوا عَن سَبِيلِ اللَّهِ إِنَّهُمْ سَاءَ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ (2)

ئەوانە سوێندی درۆیان کردووە بە قەڵغانی خۆیان و بەو هۆیەوە بەربەستی خەڵکیان کردووە لە ڕێبازی خوا، بەڕاستی ئەوەی ئەوان دەیانکرد، کارێکی زۆر ناپەسەند و نابەجێ بوو.

ذَٰلِكَ بِأَنَّهُمْ آمَنُوا ثُمَّ كَفَرُوا فَطُبِعَ عَلَىٰ قُلُوبِهِمْ فَهُمْ لَا يَفْقَهُونَ (3)

ئەو حاڵەتەشیان بۆیە تێدا درووست بووە چونکە سەرەتا باوەڕیان هێنا؛ لەوەودوا حەقیان پۆشی و کافر بوونەوە، بەهۆی ئەوەوە مۆر نرا بەسەر دڵیاندا (بۆیە تێ گەیشتن و بیر و بۆچوونیان شێواوە و) لە ڕاستییەکان تێ ناگەن.

وَإِذَا رَأَيْتَهُمْ تُعْجِبُكَ أَجْسَامُهُمْ وَإِن يَقُولُوا تَسْمَعْ لِقَوْلِهِمْ كَأَنَّهُمْ خُشُبٌ مُّسَنَّدَةٌ يَحْسَبُونَ كُلَّ صَيْحَةٍ عَلَيْهِمْ هُمُ الْعَدُوُّ فَاحْذَرْهُمْ قَاتَلَهُمُ اللَّهُ أَنَّىٰ يُؤْفَكُونَ (4)

کاتێک دەیانبینیت سیما و لەشولاریان سەرسامت دەکات، کاتێکیش دێنە قسە (ئەوەندە دەمباز و قسەزانن) ئەوە گوێ دەگرێت بۆ قسەیان، دەڵێی داری وشکی بە دیواردا هەڵپەسێردراون، ئەوەندە لە ترس و بیمدا دەژین، هەر هاوار و بانگێک بکرێت، هەر باسێک بێتە پێشەوە، وا دەزانن دژی ئەوانە، ئا ئەوانە هەر دوژمنن، کە وا بوو خۆتیان لێ بپارێزە، وریایان بە، خوا بیانکوژێت و لەناویان بەرێت، ئاخر بۆ چی وا دەکەن، بەرەو کوێ لادران (بۆ چی باوەڕی دامەزراو ناهێنن و لە ڕێبازی ڕاست لا دەدەن).

وَإِذَا قِيلَ لَهُمْ تَعَالَوْا يَسْتَغْفِرْ لَكُمْ رَسُولُ اللَّهِ لَوَّوْا رُءُوسَهُمْ وَرَأَيْتَهُمْ يَصُدُّونَ وَهُم مُّسْتَكْبِرُونَ (5)

کاتێک پێیان بوترێت وەرن پێغەمبەری خوا، داوای لێخۆشبوونتان بۆ دەکات، سەر با دەدەن و لووتبەرزی دەکەن، دەیانبینیت ڕوو وەردەگێڕن و بەرهەڵستی دەکەن، لە کاتێکدا ئەوانە خۆیان لا گەورە دەبێت و خۆبەزلزانن.

سَوَاءٌ عَلَيْهِمْ أَسْتَغْفَرْتَ لَهُمْ أَمْ لَمْ تَسْتَغْفِرْ لَهُمْ لَن يَغْفِرَ اللَّهُ لَهُمْ إِنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الْفَاسِقِينَ (6)

وەکوو یەک وایە بۆیان داوای لێخۆشبوونیان بۆ بکەیت یان نەیکەیت، هەرگیز خوا لێیان خۆش نابێت، چونکە بەڕاستی خوا ڕێنمووییی قەومی تاوانبار و لەسنووردەرچوو نادات.

هُمُ الَّذِينَ يَقُولُونَ لَا تُنفِقُوا عَلَىٰ مَنْ عِندَ رَسُولِ اللَّهِ حَتَّىٰ يَنفَضُّوا وَلِلَّهِ خَزَائِنُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَلَٰكِنَّ الْمُنَافِقِينَ لَا يَفْقَهُونَ (7)

ئەوانە کەسانێکن دەڵێن بە خەڵکی: ماڵ و سامان مەبەخشن بەو کەسانەی کە لە دەوری پێغەمبەری خوادان، تا بڵاوەی لێ بکەن! (مەبەستیان هەژارانی کۆچبەرانە، ئەی نازانن) هەر چی گەنجینەکان هەیە لە ئاسمانەکان و زەویدا هەر خوا خاوەنیانە، بەڵام دووڕووەکان لەم ڕاستییە تێ ناگەن و لە نهێنییەکان سەر دەرناکەن.

يَقُولُونَ لَئِن رَّجَعْنَا إِلَى الْمَدِينَةِ لَيُخْرِجَنَّ الْأَعَزُّ مِنْهَا الْأَذَلَّ وَلِلَّهِ الْعِزَّةُ وَلِرَسُولِهِ وَلِلْمُؤْمِنِينَ وَلَٰكِنَّ الْمُنَافِقِينَ لَا يَعْلَمُونَ (8)

ئەو دووڕووانە دەڵێن: سوێند بە خوا ئەگەر گەڕاینەوە بۆ مەدینە (دیارە کە بەو حاڵەشەوە بەشداریی غەزایان کردووە، بە ناچاری، یان بۆ تەماع و ئاشووبنانەوە) دەبێت ئەوەی کە دەسەڵاتدار و بەڕێز و پیاوماقووڵە، ئەوە دەربکات لە شار کە بێڕێز و بێدەسەڵاتە، ئە دووڕووانە نازانن کە: عیززەت و دەسەڵات و پایەداری هەر شایستەی خوا و پێغەمبەرەکەی و ئیماندارانە.

يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تُلْهِكُمْ أَمْوَالُكُمْ وَلَا أَوْلَادُكُمْ عَن ذِكْرِ اللَّهِ وَمَن يَفْعَلْ ذَٰلِكَ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْخَاسِرُونَ (9)

ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە، هەوڵ بدەن نە ماڵ و سامانتان، نە ڕۆڵەکانتان، نەبنە هۆی ئەوەی کە لە یادی خوا و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئەو کەمتەرخەمی و بێئاگاتان بکەن، جا هەر کەس لە یادی خوا کەمتەرخەمی بکات، ئا ئەوانە هەر خۆیان خەسارەتمەند و زەرەرمەندن.

وَأَنفِقُوا مِن مَّا رَزَقْنَاكُم مِّن قَبْلِ أَن يَأْتِيَ أَحَدَكُمُ الْمَوْتُ فَيَقُولَ رَبِّ لَوْلَا أَخَّرْتَنِي إِلَىٰ أَجَلٍ قَرِيبٍ فَأَصَّدَّقَ وَأَكُن مِّنَ الصَّالِحِينَ (10)

لەو ماڵ و سامان و زانست و هێز و دەسەڵاتەی کە پێمان بەخشیوون، ئێوەش لێی ببەخشن و دەستی بەسەردا مەگرن و قۆرخی مەکەن؛ پێش ئەوەی کە مردن یەخە بە یەکێکتان بگرێت و بڵێت: پەروەردگارا، خۆزگە ما‌وەیەکی کەمی تر مۆڵەتت بدامایە تا خێر و چاکەم بکردایە و ماڵ و سامانم ببەخشیایە و بچوومایەتە ڕیزی چاکانەوە...

وَلَن يُؤَخِّرَ اللَّهُ نَفْسًا إِذَا جَاءَ أَجَلُهَا وَاللَّهُ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ (11)

جا ئەو داخوازییە بەجێ نییە، چونکە ڕۆژی هەر کەسێک تەواو بوو، کاتی مەرگی هەر کەسێک هات، هەرگیز خوا دوای ناخات و مۆڵەتی بۆ تازە ناکاتەوە، خوایش زۆر ئاگایە بە هەموو ئەو کار و کردەوانەی کە ئەنجامی دەدەن.

بەڕێوەبەر: عیمران حسەینی - Îmran Huseynî سه شنبه هجدهم اردیبهشت ۱۳۹۷ |