بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِیمِ

 

الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي أَنزَلَ عَلَىٰ عَبْدِهِ الْكِتَابَ وَلَمْ يَجْعَل لَّهُ عِوَجًا ۜ (1) 

سوپاس و ستایش بۆ ئەو خوایەی ئەم کتێبە کە قورئانە بۆ سەر بەندەی خۆی (موحەممەد صلی الله علیه و سلم) دابەزاندووە، هیچ کەموکووڕی و ناتەواوییەکیشی بۆ ڕەوا نەداوە.

قَيِّمًا لِّيُنذِرَ بَأْسًا شَدِيدًا مِّن لَّدُنْهُ وَيُبَشِّرَ الْمُؤْمِنِينَ الَّذِينَ يَعْمَلُونَ الصَّالِحَاتِ أَنَّ لَهُمْ أَجْرًا حَسَنًا (2) 

کردوویەتی بە چاودێری هەر چی بەرژەوەندییەکانی ئادەمیزادە و ڕێک و ڕاستە لە هەموو شتێکدا، بۆ ئەوەی یاخییەکان لە سزایەکی سەخت بێدار بکاتەوە کە لەلایەن خواوە (لە دنیا و قیامەتدا) یەخەیان پێ دەگرێت و مژدەش بدات بەو ئیماندارانەی کە کار و کردەوە چاکەکان ئەنجام دەدەن بەوەی کە بەڕاستی پاداشتی زۆر چاکیان بۆ ئامادەیە.

مَّاكِثِينَ فِيهِ أَبَدًا (3) 

بەردەوام و بۆ هەمیشە لەو بەهەشتە سازگارەدا دەمێننەوە.

وَيُنذِرَ الَّذِينَ قَالُوا اتَّخَذَ اللَّهُ وَلَدًا (4) 

هەر وەها بۆ ئەوەی ئەوانە بترسێنێت و بێداریان بکاتەوە، کە دەیانوت: خوا منداڵی بۆ خۆی بڕیار داوە!

مَّا لَهُم بِهِ مِنْ عِلْمٍ وَلَا لِآبَائِهِمْ ۚ كَبُرَتْ كَلِمَةً تَخْرُجُ مِنْ أَفْوَاهِهِمْ ۚ إِن يَقُولُونَ إِلَّا كَذِبًا (5) 

جا ئەوانە نە خۆیان و نە باب و باپیرانیان لە ڕووی زانست و زانیاری و تێگەیشتنەوە ئەو گوفتارە ناقۆڵایە ناڵێن، ئەو بوختانەیان قسەیەکی زۆر گەورە و ناڕێکە کە لە دەمیان دەردەچێت، ئەوانە جگە لە درۆ و گوفتاری نابەجێ هیچی تر ناڵێن.

فَلَعَلَّكَ بَاخِعٌ نَّفْسَكَ عَلَىٰ آثَارِهِمْ إِن لَّمْ يُؤْمِنُوا بِهَٰذَا الْحَدِيثِ أَسَفًا (6) 

جا تۆ لەوانەیە لە خەم و پەژارەدا لە سەرەنجامی ڕەشی ئەوانەی کە باوەڕ بەم قورئان و فەرموودەیە ناهێنن خۆت لەناو بەریت و لە داخ و خەفەتدا بمریت.

إِنَّا جَعَلْنَا مَا عَلَى الْأَرْضِ زِينَةً لَّهَا لِنَبْلُوَهُمْ أَيُّهُمْ أَحْسَنُ عَمَلًا (7) 

بێگومان ئێمە هەر چی لەسەر ڕووی زەویدا هەیە کردوومانە بەهۆی ڕازاندنەوەی، تا تاقییان بکەینەوە کامیان کار و کردەوەی چاکتر و ڕێکوپێک تر ئەنجام دەدات (ناز و نیعمەتەکان بۆ چاکە بەکار دەهێنێت).

وَإِنَّا لَجَاعِلُونَ مَا عَلَيْهَا صَعِيدًا جُرُزًا (8) 

بێگومان ئێمە سەرەنجام هەر چی لەسەر ئەم زەوییەدا هەیە تەختی دەکەین و دەیکەینە گۆڕەپانێکی وشک و برنگ و ساف.

أَمْ حَسِبْتَ أَنَّ أَصْحَابَ الْكَهْفِ وَالرَّقِيمِ كَانُوا مِنْ آيَاتِنَا عَجَبًا (9) 

(بەڵگەیەکی تر لەسەر زیندووبوونەوە ئەوەیە کە خوای گەورە دەپرسێت) ئایا وا دانانێیت کە بەڕاستی یارانی ئەشکەوت و تابلۆ (کە ناویانی لەسەر نووسراوە) لە نیشانە و بەڵگە سەرسووڕهێنەرەکانی ئێمەن؟! (لە سەردەمی پاشایەکی زۆرداری خوانەناسدا چەند لاوێکی ئیماندار هەست دەکەن کە ئیمان و ژیانیان لە مەترسیدایە بۆیە ڕوو دەکەنە ئەشکەوتێک، لەوێدا ماوەیەکی دوورودرێژ خوای گەورە خەویان لێ دەخات)...

إِذْ أَوَى الْفِتْيَةُ إِلَى الْكَهْفِ فَقَالُوا رَبَّنَا آتِنَا مِن لَّدُنكَ رَحْمَةً وَهَيِّئْ لَنَا مِنْ أَمْرِنَا رَشَدًا (10) 

کاتێک لاوەکان پەنایان بردە بەر ئەشکەوتەکە و نزایان کرد، جا وتیان: پەروەردگارا لەلایەن خۆتەوە ڕەحمەت و میهرەبانیی تایبەتیمان پێ ببەخشە و لە سۆزی خۆت بەهرەوەرمان بکە و ڕێگەی ڕزگاری و سەرفرازیمان بۆ بسازێنە لەم کارەماندا.

فَضَرَبْنَا عَلَىٰ آذَانِهِمْ فِي الْكَهْفِ سِنِينَ عَدَدًا (11) 

ئینجا (ئێمەش نزامان گیرا کردن) پەردەمان هێنا بەسەر گوێیاندا، (تا بەئارامی) چەندەها ساڵ لە ئەشکەوتەکەدا بۆ خۆیان (بەخەوتوویی) بمێننەوە.

ثُمَّ بَعَثْنَاهُمْ لِنَعْلَمَ أَيُّ الْحِزْبَيْنِ أَحْصَىٰ لِمَا لَبِثُوا أَمَدًا (12) 

پاشان (دوای ماوەیەکی دوورودرێژ) لە خەو خەبەرمان کردنەوە و لە نووستن هەستان، تا بزانین کام دەستەیەیان دەزانن کە چەندە خەویان لێ کەوتووە (ئەوانەیان کە دەڵێن ڕۆژێک یان کەمتر، یان ئەوانەیان کە دەڵێن مەگەر هەر خوا بزانێت چەندە خەوتووین).

نَّحْنُ نَقُصُّ عَلَيْكَ نَبَأَهُم بِالْحَقِّ ۚ إِنَّهُمْ فِتْيَةٌ آمَنُوا بِرَبِّهِمْ وَزِدْنَاهُمْ هُدًى (13) 

ئێمە بەڕاستی و درووستی هەواڵی بەسەرهاتی ئەو لاوانەت بۆ دەگێڕینەوە، بەڕاستی ئەوانە لاوانێک بوون باوەڕی دامەزراویان هێنابوو بە پەروەردگاریان، ئێمەش زیاتر لە نووری ئیمان و هیدایەت بەهرەوەرمان کردن.

وَرَبَطْنَا عَلَىٰ قُلُوبِهِمْ إِذْ قَامُوا فَقَالُوا رَبُّنَا رَبُّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ لَن نَّدْعُوَ مِن دُونِهِ إِلَٰهًا ۖ لَّقَدْ قُلْنَا إِذًا شَطَطًا (14) 

ئێمەش دڵەکانیانمان دامەزراو کرد و ترسمان تێدا نەهێشت (بڕیاریان دا کۆمەڵگەی نەفامی بەجێ بهێڵن) کاتێک هەستان و وتیان: پەروەردگاری ئێمە پەروەردگاری ئاسمانەکان و زەوییە، هەرگیز هانا و هاوار بۆ هیچ خوایەکی تر نابەین جگە لەو، ئەگەر لەو ڕاستییە لا بدەین، سوێند بە خوا ئەوە بێگومان ئێمە لەو کاتەدا قسەی نابەجێ و نادرووستمان کردووە.

هَٰؤُلَاءِ قَوْمُنَا اتَّخَذُوا مِن دُونِهِ آلِهَةً ۖ لَّوْلَا يَأْتُونَ عَلَيْهِم بِسُلْطَانٍ بَيِّنٍ ۖ فَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَىٰ عَلَى اللَّهِ كَذِبًا (15) 

ئا ئەوانە قەومەکەی خۆمانن (لە ڕێبازی ڕاست لایان داوە لەجیاتیی خواناسی) شتی تریان کردووە بە خوای خۆیان، دەبا بەڵگەیەکی ئاشکراش بهێنن لەسەریان، جا کێ ستەمکارترە لەوەی کە درۆ بۆ خوا هەڵدەبەستێت؟!

وَإِذِ اعْتَزَلْتُمُوهُمْ وَمَا يَعْبُدُونَ إِلَّا اللَّهَ فَأْوُوا إِلَى الْكَهْفِ يَنشُرْ لَكُمْ رَبُّكُم مِّن رَّحْمَتِهِ وَيُهَيِّئْ لَكُم مِّنْ أَمْرِكُم مِّرْفَقًا (16) 

(هەندێکیان وتیان) جا ئێستە کە ئێوە بڕیارتان داوە خۆتان دوورەپەرێز بگرن لەم خەڵکە و لەو شتانە کە لەجیاتیی خوا دەیانپەرستن، تەنها خواپەرستی بکەن، دە پەنا بەرنە ئەشکەوتەکە، ئەو کاتە پەروەردگارتان ڕەحمەت و میهرەبانیی خۆیتان بەسەردا پەخش دەکاتەوە و هۆکاری حەوانەوەتان بۆ دابین دەکات.

وَتَرَى الشَّمْسَ إِذَا طَلَعَت تَّزَاوَرُ عَن كَهْفِهِمْ ذَاتَ الْيَمِينِ وَإِذَا غَرَبَت تَّقْرِضُهُمْ ذَاتَ الشِّمَالِ وَهُمْ فِي فَجْوَةٍ مِّنْهُ ۚ ذَٰلِكَ مِنْ آيَاتِ اللَّهِ ۗ مَن يَهْدِ اللَّهُ فَهُوَ الْمُهْتَدِ ۖ وَمَن يُضْلِلْ فَلَن تَجِدَ لَهُ وَلِيًّا مُّرْشِدًا (17) 

کاتێکیش کە خۆر هەڵدێت، تیشکەکەی دەبینیت لەلای ڕاستی ئەشکەوتەکەوە دەدات و تێپەڕ دەبێت، کاتێکیش کە ئاوا دەبێت لەلای چەپی دەدات و تیشکەکەیان بەسەردا تێپەڕ دەبێت، لەو کاتەدا ئەو لاوانە لەناو بۆشاییی فراوانی ئەشکەوتەکەدا ڕاکشاون، ئەوە هەمووی بەڵگە و نیشانەیەکە لە بەڵگە و نیشانەکانی خوا، ئەوەی خوا هیدایەتی بدات هەر ئەو هیدایەتدراوە و ڕێنمووییی وەرگرتووە، ئەوەش خوا گومڕای بکات، ئەوە هەرگیز کەسێکت دەست ناکەوێت کە پشتیوانیی بکات و ڕێنمووییی بکات.

وَتَحْسَبُهُمْ أَيْقَاظًا وَهُمْ رُقُودٌ ۚ وَنُقَلِّبُهُمْ ذَاتَ الْيَمِينِ وَذَاتَ الشِّمَالِ ۖ وَكَلْبُهُم بَاسِطٌ ذِرَاعَيْهِ بِالْوَصِيدِ ۚ لَوِ اطَّلَعْتَ عَلَيْهِمْ لَوَلَّيْتَ مِنْهُمْ فِرَارًا وَلَمُلِئْتَ مِنْهُمْ رُعْبًا (18) 

(پاشان دیمەنیان دەهێنێتە بەرچاو و دەفەرمێت): وا دەزانیت بەخەبەرن لە کاتێکدا بەخەوتوویی ڕاکشاون، ئێمە ئەم دیو و ئەو دیویان پێ دەکەین و بەلای ڕاست و چەپیاندا هەڵیان دەگێڕینەوە (بۆ ئەوەی زەوی جەستەیان نەخوات و هەوای پاک لێیان بدات)، سەگەکەشیان چەمۆڵەی داداوە لە بەردەم کەلەبەری ئەشکەوتەکەدا، ئەگەر تۆ (ئەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم، ئەی ئیماندار) سەرێکت بکێشایە بۆ سەر دیمەنیان، ئەوە بەپەلە هەڵدەهاتیت و ترسێکی زۆر لە دیمەنیان دەچووە دڵتەوە.

وَكَذَٰلِكَ بَعَثْنَاهُمْ لِيَتَسَاءَلُوا بَيْنَهُمْ ۚ قَالَ قَائِلٌ مِّنْهُمْ كَمْ لَبِثْتُمْ ۖ قَالُوا لَبِثْنَا يَوْمًا أَوْ بَعْضَ يَوْمٍ ۚ قَالُوا رَبُّكُمْ أَعْلَمُ بِمَا لَبِثْتُمْ فَابْعَثُوا أَحَدَكُم بِوَرِقِكُمْ هَٰذِهِ إِلَى الْمَدِينَةِ فَلْيَنظُرْ أَيُّهَا أَزْكَىٰ طَعَامًا فَلْيَأْتِكُم بِرِزْقٍ مِّنْهُ وَلْيَتَلَطَّفْ وَلَا يُشْعِرَنَّ بِكُمْ أَحَدًا (19) 

هەر بەو شێوەیەش کە بە دەسەڵاتی خۆمان خەومان لێ خستن، خەبەرمان کردنەوە، بۆ ئەوەی (لە ماوەی خەوتنەکەیان) لە یەکتر بپرسن، یەکێکیان وتی: باشە ئەوە ئێوە وا دەزانن چەندە خەوتوون، هەندێکیان وتیان: ڕۆژێک یان کەمتر لە ڕۆژێک خەوتووین، هەندێکی تریان وتیان: مەگەر پەروەردگارتان خۆی بزانێت چەندە خەوتوون، دیارە هەستیان بە برسێتی کردووە، بۆیە لاوێکیان پێشنیاری کرد و وتی: دە یەکێکتان بنێرن با ئەم پارە زیوەتان ببات بۆ شار، جا سەرنج بدات، بزانێت کێ خۆراکی خاوێن تری هەیە، با لەو خۆراکەتان بۆ بکڕێت و بۆتان بهێنێت، با وریا و نەرمونیان و لەسەرخۆش بێت، با کەسیش ئاگادار نەکات بە کاروبارتان.

إِنَّهُمْ إِن يَظْهَرُوا عَلَيْكُمْ يَرْجُمُوكُمْ أَوْ يُعِيدُوكُمْ فِي مِلَّتِهِمْ وَلَن تُفْلِحُوا إِذًا أَبَدًا (20) 

چونکە بەڕاستی ئەو بتپەرستانە ئەگەر پێتان بزانن، ئەوە بەردبارانتان دەکەن، یان دەتانگێڕنەوە بۆ ناو ئایینی خۆیان، ئەو کاتە ئیتر هەرگیز سەرفراز نابن.

وَكَذَٰلِكَ أَعْثَرْنَا عَلَيْهِمْ لِيَعْلَمُوا أَنَّ وَعْدَ اللَّهِ حَقٌّ وَأَنَّ السَّاعَةَ لَا رَيْبَ فِيهَا إِذْ يَتَنَازَعُونَ بَيْنَهُمْ أَمْرَهُمْ ۖ فَقَالُوا ابْنُوا عَلَيْهِم بُنْيَانًا ۖ رَّبُّهُمْ أَعْلَمُ بِهِمْ ۚ قَالَ الَّذِينَ غَلَبُوا عَلَىٰ أَمْرِهِمْ لَنَتَّخِذَنَّ عَلَيْهِم مَّسْجِدًا (21) 

(وا دیارە کە یەکێکیان ناردووە بۆ کڕینی خواردەمەنی و پارە زیوەکەی دەرهێناوە، کابرای دووکاندار خەڵکی لە دەور کۆ دەکاتەوە، چونکە مێژووی سکەی پارەکە زۆر کۆن بوو، ئەوسا بۆیان دەرکەوت، ئەم لاوە یەکێکە لەوانەی کە چەند سەدەیەک لەمەوبەر لە دەست پاشای بتپەرست و ستەمکار هەڵاتوون، خەڵکەکە لەگەڵ لاوەکەدا بەرەو ئەشکەوتەکە بۆ سەردانی ئەوانی تر چون)، تا بەو شێوەیەش خەڵکیمان ڕێنموویی کرد تا بیاندۆزنەوە و بزانن و دڵنیا بن کە بەڕاستی بەڵێنی خوا لە زیندووکردنەوەی مردووەکاندا حەق و ڕاستە و بێگومان قیامەتیش هەر دێت و هیچ گومانی تێدا نییە (لەوێ کە بە دیداریان شاد بوون)، لاوەکان خەوی یەکجارییان لێکەوت لە کاتێکدا ئەو خەڵکە کێشەیان بوو لەسەر مەسەلەی زیندووبوونەوە، ئینجا هەندێکیان وتیان: با چەند خانوویەکیان لەسەر درووست بکەن، پەروەردگاریان زانایە پێیان، بەڵام ئەوانەی کە دەسەڵاتیان هەبوو بەسەر کاروباریاندا، وتیان: بێگومان مزگەوتێکیان بەسەرەوە درووست دەکەین (کە ئەمەش شتێکی داهێنراو بوو لە ئایینی گاوریدا کە لەسەر گۆڕی پیاوچاکان پەرستگایان درووست دەکرد).

سَيَقُولُونَ ثَلَاثَةٌ رَّابِعُهُمْ كَلْبُهُمْ وَيَقُولُونَ خَمْسَةٌ سَادِسُهُمْ كَلْبُهُمْ رَجْمًا بِالْغَيْبِ ۖ وَيَقُولُونَ سَبْعَةٌ وَثَامِنُهُمْ كَلْبُهُمْ ۚ قُل رَّبِّي أَعْلَمُ بِعِدَّتِهِم مَّا يَعْلَمُهُمْ إِلَّا قَلِيلٌ ۗ فَلَا تُمَارِ فِيهِمْ إِلَّا مِرَاءً ظَاهِرًا وَلَا تَسْتَفْتِ فِيهِم مِّنْهُمْ أَحَدًا (22) 

جا (دەربارەی ژمارەی یارانی ئەشکەوت) لە داهاتوودا دەڵێن: سیانن و چوارەمیان سەگەکەیانە، هەندێکی تر دەڵێن: پێنجن و شەشەمیان سەگەکەیانە، کە هەموو ئەمانە قسەیەکی بێبەڵگەن و چێو لە تاریکی کوتانە، هەندێکی تر دەڵێن حەوتن و هەشتەمیان سەگەکەیانە، ئەی موحەممەد صلی الله علیه و سلم پێیان بڵێ: هەر پەروەردگارم خۆی دەزانێت ژمارەیان چەندە، تەنها کەمێک نەبێت کەس ژمارەیان نازانێت، لەبەر ئەوە موجادەلە مەکە لەبارەی ئەوانەوە جگە لە موجادەلەیەکی ئاشکرا و ئاسان نەبێت، دەربارەشیان لە هیچ کەسێک لە خاوەنانی کتێب مەپرسە، (چونکە ئەوەی بە وەحی بە تۆ گەییوە بەسە لەو بارەیەوە).

وَلَا تَقُولَنَّ لِشَيْءٍ إِنِّي فَاعِلٌ ذَٰلِكَ غَدًا (23) 

هەرگیز دەربارەی هیچ شتێک و هیچ کارێک مەڵێ؛ من بەڕاستی سبەینێ ئەنجامدەری ئەو کارەم...

إِلَّا أَن يَشَاءَ اللَّهُ ۚ وَاذْكُر رَّبَّكَ إِذَا نَسِيتَ وَقُلْ عَسَىٰ أَن يَهْدِيَنِ رَبِّي لِأَقْرَبَ مِنْ هَٰذَا رَشَدًا (24) 

مەگەر بڵێیت: ئەگەر خوا بیەوێت و ویستی پەروەردگاری لەسەر بێت، یادی پەروەردگاریشت بکە کاتێک کە لەبیرت چوو بڵێیت (ان شاء الله) لە ئەنجامدانی هەر کارێکدا بڵێ: ئومێدەوارم پەروەردگارم ڕێنمووییم بکات بۆ بەڵگەیەکی نزیکتر لەمە تا بەو شێوەیەی کە پێی چاکە و لای پەسەندە جێبەجێی بکەم.

وَلَبِثُوا فِي كَهْفِهِمْ ثَلَاثَ مِائَةٍ سِنِينَ وَازْدَادُوا تِسْعًا (25) 

ئەوسا ئیتر یارانی ئەشکەوت سێسەد ساڵی تەواوی (هەتاوی) لە ئەشکەوتەکەیاندا مانەوە (ئەگەر بە ساڵی مانگی حسابی بکەیت) نۆ دانە ساڵی تریشیان خستە سەر (واتە دەکاتە 309 ساڵ خەویان لێ کەوت).

قُلِ اللَّهُ أَعْلَمُ بِمَا لَبِثُوا ۖ لَهُ غَيْبُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ أَبْصِرْ بِهِ وَأَسْمِعْ ۚ مَا لَهُم مِّن دُونِهِ مِن وَلِيٍّ وَلَا يُشْرِكُ فِي حُكْمِهِ أَحَدًا (26) 

پێیان بڵێ: خوا خۆی دەزانێت بە ماوەی مانەوەیان لە ئەشکەوتەکەدا، هەر بۆ خوایە زانینی نهێنیی ئاسمانەکان و زەوی، ئای کە چەندە بینەر و بیسەرە خوای گەورە! هیچ کەس نییە جگە لەو زاتە پشتوپەنای خەڵکی بێت، بێگومان ئەو خوایە لە کار و فەرمانڕەوایەتییەکەیدا هیچ کەس ناکات بە هاوتا و هاوبەشی خۆی.

وَاتْلُ مَا أُوحِيَ إِلَيْكَ مِن كِتَابِ رَبِّكَ ۖ لَا مُبَدِّلَ لِكَلِمَاتِهِ وَلَن تَجِدَ مِن دُونِهِ مُلْتَحَدًا (27) 

(ئەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم) ئەوەی بە وەحی ڕەوانە کراوە بۆ تۆ، لە قورئانی پەروەردگارت دەوری بکەرەوە، هیچ کەس نییە فەرموودە و گوفتاری ئەو زاتە بگۆڕێت، دڵنیاش بە کە هەرگیز پەناگا و یاریدەدەرێکی وەکوو ئەو زاتەت دەست ناکەوێت.

وَاصْبِرْ نَفْسَكَ مَعَ الَّذِينَ يَدْعُونَ رَبَّهُم بِالْغَدَاةِ وَالْعَشِيِّ يُرِيدُونَ وَجْهَهُ ۖ وَلَا تَعْدُ عَيْنَاكَ عَنْهُمْ تُرِيدُ زِينَةَ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا ۖ وَلَا تُطِعْ مَنْ أَغْفَلْنَا قَلْبَهُ عَن ذِكْرِنَا وَاتَّبَعَ هَوَاهُ وَكَانَ أَمْرُهُ فُرُطًا (28) 

ئارام بگرە و خۆت ڕابگرە لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە خواپەرستی دەکەن و یادی پەروەردگاریان ویردی سەر زاریانە لە بەرەبەیان و دەمەوئێواراندا، مەبەستیانە و دەیانەوێت کە ئەو زاتە لە خۆیان ڕازی بکەن، ڕوو لەوان وەرمەگێڕە و (ڕوو مەکە دنیاپەرستان و دەوڵەمەندان) لە کاتێکدا تۆ زینەت و ڕازاوەییی ژیانی دنیات بوێت و بەگوێی ئەو جۆرە کەسە مەکە کە دڵیمان غافڵ کردووە لە یادی خۆمان (بەهۆی دنیاپەرستییەوە) شوێنی ئارەزووی خۆی کەوتووە و هەر چی کاروباری هەیە بێسەروبنە و لە سنوور دەرچووە.

وَقُلِ الْحَقُّ مِن رَّبِّكُمْ ۖ فَمَن شَاءَ فَلْيُؤْمِن وَمَن شَاءَ فَلْيَكْفُرْ ۚ إِنَّا أَعْتَدْنَا لِلظَّالِمِينَ نَارًا أَحَاطَ بِهِمْ سُرَادِقُهَا ۚ وَإِن يَسْتَغِيثُوا يُغَاثُوا بِمَاءٍ كَالْمُهْلِ يَشْوِي الْوُجُوهَ ۚ بِئْسَ الشَّرَابُ وَسَاءَتْ مُرْتَفَقًا (29) 

پێیان بڵێ: حەق هەر ئەوەیە کە لەلایەن پەروەردگارتانەوە بۆتان ڕەوانە کراوە، جا ئەوەی دەیەوێت با باوەڕ بهێنێت و ئەوەی دەیەوێت با کافر و بێباوەڕ بێت، بێگومان ئێمە دۆزەخێکمان ئامادە کردووە بۆ ستەمکاران کە لە هەموو لایەکەوە دەورەیان دەدات و دیواری بڵێسەی ئابڵوقەی داون، خۆ ئەگەر هاوار بکەن لە ئازار و تینوویەتیدا، ئەوە ئاو دەدرێن بە ئاوێکی گەرمی پیس و بۆنناخۆش کە وەکوو خڵتەی کانزاییی توواوە وایە، ئەوەندەش گەرمە دەموچاویان هەڵدەکووڕووزێنێت و دەیبرژێنێت، ئای کە چەند خواردنەوەیەکی تاڵ و ناخۆشە، چەندە جێگە و ڕێگەیەکی پڕ لە ئازارە.

إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ إِنَّا لَا نُضِيعُ أَجْرَ مَنْ أَحْسَنَ عَمَلًا (30) 

لەو لاشەوە، بۆ ئەوانەی کە بەڕاستی ئیمان و باوەڕیان هێناوە و کار و کردەوە چاکەکانیان ئەنجام داوە، با دڵنیا بن ئێمە پاداشتی ئەو کەسە بەزایە نادەین کە کردار و ڕەفتاری جوان و پەسەندە...

أُولَٰئِكَ لَهُمْ جَنَّاتُ عَدْنٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهِمُ الْأَنْهَارُ يُحَلَّوْنَ فِيهَا مِنْ أَسَاوِرَ مِن ذَهَبٍ وَيَلْبَسُونَ ثِيَابًا خُضْرًا مِّن سُندُسٍ وَإِسْتَبْرَقٍ مُّتَّكِئِينَ فِيهَا عَلَى الْأَرَائِكِ ۚ نِعْمَ الثَّوَابُ وَحَسُنَتْ مُرْتَفَقًا (31) 

ئا ئەوانە باخەکانی بەهەشتی «عەدن» بۆیان ئامادەیە، کە چەندەها ڕووبار بە بەردەمیاندا جاری و ڕەوانە، بازن و دەستەبەند و (سەعاتی) ئاڵتوونییان لە دەست دەکرێت، پۆشاکی سەوزی جوان دەپۆشن کە دووتوێیە، چینی ژێرەوە ئاوریشمی ئەستوورە، چینی سەرەوە ئاوریشمی تەنکە، (جا بە کەماڵی شادییەوە) لەسەر کورسی و قەنەفە ڕازاوەکان شانیان داداوە، بەڕاستی ئەو بەختەوەرانە چاکترین و جوانترین و خۆشترین پاداشتیان دەست کەوتووە، هاوڕێ لەگەڵ خۆشترین و سازگارترین جێگە و ڕێگەدا.

وَاضْرِبْ لَهُم مَّثَلًا رَّجُلَيْنِ جَعَلْنَا لِأَحَدِهِمَا جَنَّتَيْنِ مِنْ أَعْنَابٍ وَحَفَفْنَاهُمَا بِنَخْلٍ وَجَعَلْنَا بَيْنَهُمَا زَرْعًا (32) 

(دەربارەی دۆزەخییان و بەهەشتییان) ئەی موحەممەد صلی الله علیه و سلم، نموونەیان بۆ بهێنەرەوە بە دوو پیاو کە یەکێکیانمان کردووە بە خاوەنی دوو باخی ڕەز و دەوری هەر دوو باخەکەمان بە دارخورما تەنیوە و لە نێوانیاندا باخ و بێستانمان فەراهەم هێناوە...

كِلْتَا الْجَنَّتَيْنِ آتَتْ أُكُلَهَا وَلَمْ تَظْلِم مِّنْهُ شَيْئًا ۚ وَفَجَّرْنَا خِلَالَهُمَا نَهَرًا (33) 

هەر دوو باخەکەش میوەی چاکیان بەرهەم هێناوە و هیچیان لێ خەسار نەبووە و لە نێوان هەر دوو باخەکەشدا ڕووبارێکمان هەڵقوڵاندووە...

وَكَانَ لَهُ ثَمَرٌ فَقَالَ لِصَاحِبِهِ وَهُوَ يُحَاوِرُهُ أَنَا أَكْثَرُ مِنكَ مَالًا وَأَعَزُّ نَفَرًا (34) 

جا ئەو خاوەنباخە، زۆر سەروەت و سامانی تری هەبوو، (کابرای خاوەنباخ غەڕڕا بوو بە سامانەکەی) بۆیە بە هاوەڵە هەژارە ئیماندارەکەیی وت کاتێک گفتوگۆی لەگەڵدا دەکرد: من سامانی زۆر زیاترم هەیە لە تۆ، ماڵ و منداڵیشم بەهێزترە لەوانەی تۆ.

وَدَخَلَ جَنَّتَهُ وَهُوَ ظَالِمٌ لِّنَفْسِهِ قَالَ مَا أَظُنُّ أَن تَبِيدَ هَٰذِهِ أَبَدًا (35) 

ڕۆژێک چوو بۆ سەردانی یەکێک لە باخەکانی (لەگەڵ هاوەڵەکەیدا) لە کاتێکدا کە ستەمکار بوو لە خۆی (بەهۆی لەخۆباییبوونییەوە)، بۆیە لەبەر خۆیەوە وتی: گومان نابەم کە ئەم باخ و باخاتە هەرگیز لەناو بچێت...

وَمَا أَظُنُّ السَّاعَةَ قَائِمَةً وَلَئِن رُّدِدتُّ إِلَىٰ رَبِّي لَأَجِدَنَّ خَيْرًا مِّنْهَا مُنقَلَبًا (36) 

واش نازانم قیامەت بەرپا دەبێت، سوێند بە خوا ئەگەر بمگێڕنەوە بۆ لای پەروەردگارم دوای مردنم، ئەوە دڵنیام کە لای ئەویش جێگە و ڕێگە و چەندەها باخی ڕازاوەی لەمە باشترم بۆ ئامادە کراوە.

قَالَ لَهُ صَاحِبُهُ وَهُوَ يُحَاوِرُهُ أَكَفَرْتَ بِالَّذِي خَلَقَكَ مِن تُرَابٍ ثُمَّ مِن نُّطْفَةٍ ثُمَّ سَوَّاكَ رَجُلًا (37) 

هاوەڵە ئیماندارەکەی لە کاتێکدا کە گفتوگۆی لەگەڵدا دەکرد پێی وت: ئایا باوەڕت نەماوە بەو زاتەی کە سەرەتا تۆی لە خاک درووست کردووە؟! لەوەودوا نوفتەیەک بوویت، پاشان کردیتی بە پیاو؟!

لَّٰكِنَّا هُوَ اللَّهُ رَبِّي وَلَا أُشْرِكُ بِرَبِّي أَحَدًا (38) 

بەڵام من دەڵێم کە: الله (بەدیهێنەری هەموو بوونەوەر)، هەر ئەو پەروەردگارمە، هیچ جۆرە هاوەڵ و شەریکێک بۆ ئەو پەروەردگارەم بڕیار نادەم.

وَلَوْلَا إِذْ دَخَلْتَ جَنَّتَكَ قُلْتَ مَا شَاءَ اللَّهُ لَا قُوَّةَ إِلَّا بِاللَّهِ ۚ إِن تَرَنِ أَنَا أَقَلَّ مِنكَ مَالًا وَوَلَدًا (39) 

دەبوا کاتێک چوویتە ناو باخەکەتەوە، بتوتایە: ما شاء الله، هەر چی خوا ویستی لەسەر بێت هەر ئەوە پێش دێت ئەم هەموو ناز و نیعمەتە بەخششی خوایە و بە هەر کەس بیەوێت دەیبەخشێت، هیچ هێز و توانایەک بۆ هیچ کەس نییە تەنها بەهۆی خواوە نەبێت، ئەگەر تۆ من دەبینیت ماڵ و سامان و نەوەم لە تۆ کەمترە...

فَعَسَىٰ رَبِّي أَن يُؤْتِيَنِ خَيْرًا مِّن جَنَّتِكَ وَيُرْسِلَ عَلَيْهَا حُسْبَانًا مِّنَ السَّمَاءِ فَتُصْبِحَ صَعِيدًا زَلَقًا (40) 

ئەوە نزیکە و ئومێدەوارم پەروەردگارم لەو باخەی تۆ چاکترم پێ ببەخشێت (لە دنیادا یان لە قیامەتدا) بەڵایەکیش لە ئاسمانەوە بۆ باخەکەت بنێرێت و بیکاتە زەوییەکی ڕووت و خلیسک و وشک...

أَوْ يُصْبِحَ مَاؤُهَا غَوْرًا فَلَن تَسْتَطِيعَ لَهُ طَلَبًا (41) 

یاخود (دوور نییە) ئاوی باخەکە ڕۆ بچێت و هەرگیز نەتوانیت بەدەستی بهێنیت.

وَأُحِيطَ بِثَمَرِهِ فَأَصْبَحَ يُقَلِّبُ كَفَّيْهِ عَلَىٰ مَا أَنفَقَ فِيهَا وَهِيَ خَاوِيَةٌ عَلَىٰ عُرُوشِهَا وَيَقُولُ يَا لَيْتَنِي لَمْ أُشْرِكْ بِرَبِّي أَحَدًا (42)

(سەرەنجام پێشبینیی هاوەڵی خواناسی هاتە دی) سەروەت و سامانی بەبا درا و لەناو برا، ئینجا (بەدەم ئاخ و داخ و هەناسەی ساردەوە)، دەستی دەدا بە یەکدا و لەسەر ئەو مەسرەفەی کە تێدا کردبوو، لە کاتێکدا باخەکە بەسەر یەکدا تەپیبوو، لە جێی خۆیدا کاول بوو، ئەوسا دەیوت: خۆزگە من هیچ جۆرە هاوەڵێکم بۆ خوا بڕیار نەدایە (باوەڕی دامەزراوم تەنها بەو هەبوایە).

وَلَمْ تَكُن لَّهُ فِئَةٌ يَنصُرُونَهُ مِن دُونِ اللَّهِ وَمَا كَانَ مُنتَصِرًا (43) 

ئیتر هیچ دەستە و تاقمێک نەبوو جگە لە خوا فریای بکەوێت و لە خەشمی خوا دەربازی بکات، سەرکەوتووش نەبوو.

هُنَالِكَ الْوَلَايَةُ لِلَّهِ الْحَقِّ ۚ هُوَ خَيْرٌ ثَوَابًا وَخَيْرٌ عُقْبًا (44) 

ئا لەو کاتانەدا و لەو جۆرە حاڵانەدا یارمەتی و کۆمەک تەنها لە خوا، پەروەردگاری حەق و ڕاست و درووست وەردەگیرێت، هەر خۆی چاکترین پاداشتی ئامادە کردووە، چاکترین سەرەنجامیش چاوەڕێی بەختەوەرانە.

وَاضْرِبْ لَهُم مَّثَلَ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا كَمَاءٍ أَنزَلْنَاهُ مِنَ السَّمَاءِ فَاخْتَلَطَ بِهِ نَبَاتُ الْأَرْضِ فَأَصْبَحَ هَشِيمًا تَذْرُوهُ الرِّيَاحُ ۗ وَكَانَ اللَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ مُّقْتَدِرًا (45) 

(ئەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم) نموونەیان بۆ بهێنەرەوە کە ژیانی دنیا وەک ئەو ئاوی بارانە وایە کە لە ئاسمانەوە دەیبارێنین و ڕووەکی زەوی بەهۆیەوە بەیەکدا دێن، لە دوای ماوەیەکی کەم (هەموو ئەو ڕووەک و گژوگیایە) دەبێتە پووشوپەڵاشێکی وردوخاش، ڕەشەبا بەم لا و ئەو لادا بڵاوی دەکاتەوە، خوای گەورەش هەمیشە و بەردەوام دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێکدا هەیە.

الْمَالُ وَالْبَنُونَ زِينَةُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا ۖ وَالْبَاقِيَاتُ الصَّالِحَاتُ خَيْرٌ عِندَ رَبِّكَ ثَوَابًا وَخَيْرٌ أَمَلًا (46) 

ماڵ و سامان و وەچە، زینەت و جوانین بۆ ژیانی دنیا، بەڵام دڵنیا بن کردەوە چاکەکان کە بەرهەمیان دەمێنێتەوە پاداشتیان چاکترە لای پەروەردگارت و ئومێد و هیوای چاکتریشی لێ دەکرێت بۆ خاوەنەکانیان.

وَيَوْمَ نُسَيِّرُ الْجِبَالَ وَتَرَى الْأَرْضَ بَارِزَةً وَحَشَرْنَاهُمْ فَلَمْ نُغَادِرْ مِنْهُمْ أَحَدًا (47) 

ڕۆژێک دێت کە کێوەکان لە جێگەی خۆیان هەڵدەکەنین و گۆشە و کەناری زەوی بەزەقی دەبینیت، لە کاتێکدا هەموو خەڵکیشمان کۆ کردۆتەوە و کەسیشمان لێ بەجێ نەهێشتوون.

وَعُرِضُوا عَلَىٰ رَبِّكَ صَفًّا لَّقَدْ جِئْتُمُونَا كَمَا خَلَقْنَاكُمْ أَوَّلَ مَرَّةٍ ۚ بَلْ زَعَمْتُمْ أَلَّن نَّجْعَلَ لَكُم مَّوْعِدًا (48) 

ئەو ڕۆژە سەرجەم نەوەی ئادەم، ڕیز کراون لە بەردەم پەروەردگارا، خوای گەورە ڕوو بە کافران دەفەرمێت: سوێند بێت وا هاتنەوە بۆ لامان هەر وەک لە سەرەتادا درووستمان کردوون (بەڕووتی بێماڵوسامان و... هتد) لە حاڵێکدا کە ئێوە گومانتان وا بوو، واشتان دەوت کە هەرگیز کاتێکمان دیاری نەکردووە بۆ لێپرسینەوەتان.

وَوُضِعَ الْكِتَابُ فَتَرَى الْمُجْرِمِينَ مُشْفِقِينَ مِمَّا فِيهِ وَيَقُولُونَ يَا وَيْلَتَنَا مَالِ هَٰذَا الْكِتَابِ لَا يُغَادِرُ صَغِيرَةً وَلَا كَبِيرَةً إِلَّا أَحْصَاهَا ۚ وَوَجَدُوا مَا عَمِلُوا حَاضِرًا ۗ وَلَا يَظْلِمُ رَبُّكَ أَحَدًا (49) 

نامەی کردەوەی هەر کەس دادەنرێت، (ئیمانداران دڵخۆشن) بەڵام تاوانباران دەبینیت دڵەلەرزێ و دڵەڕاوکێیانە لە کار و کردەوەی ناپەسەندی تۆمارکراویان، بۆیە دەڵێن: هاوار لە ئێمە ئەم نامە و دۆسییەیە چییە؟! هیچ گوناهێکی ورد و درشت بەجێ ناهێڵێت بەڵکوو هەمووی تۆمار کردووە، ئەو خەڵکە هەر چییان کردووە (بە دەنگ و ڕەنگەوە) ئامادەیە، بێگومان پەروەردگاری تۆ ستەم لە هیچ کەس ناکات.

وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآدَمَ فَسَجَدُوا إِلَّا إِبْلِيسَ كَانَ مِنَ الْجِنِّ فَفَسَقَ عَنْ أَمْرِ رَبِّهِ ۗ أَفَتَتَّخِذُونَهُ وَذُرِّيَّتَهُ أَوْلِيَاءَ مِن دُونِي وَهُمْ لَكُمْ عَدُوٌّ ۚ بِئْسَ لِلظَّالِمِينَ بَدَلًا (50) 

ئێمە کاتێک بە فریشتەکانمان وت سوژدە بەرن بۆ ئادەم، هەر هەموو سوژدەیان برد جگە لە ئیبلیس کە لە دەستەی پەرییەکان بوو بەهۆی ئەوەوە لە فەرمانی پەروەردگاری یاخی بوو، ئایا ڕەوایە کە ئەو و نەوەکەی بکەنە پاڵپشت و یار و یاوەری خۆتان لەجیاتیی من، لە حاڵێکدا ئەوان دوژمنی هەمیشەییی ئێوەن، ئای کە چەندە کارێکی خراپ و ناڕەوایە بۆ ستەمکاران کە لەجیاتیی خوا دوژمنێکی وەک شەیتانیان داناوە و گوێڕایەڵیی دەکەن.

مَّا أَشْهَدتُّهُمْ خَلْقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَلَا خَلْقَ أَنفُسِهِمْ وَمَا كُنتُ مُتَّخِذَ الْمُضِلِّينَ عَضُدًا (51) 

ئەوە نەبێت من لەکاتی درووستکردنی ئاسمانەکان و زەویدا ئەوانم ئامادە کردبێت، بگرە هەتا لە درووستبوونی خۆشیان ئاگادار نین، بەڕاستی من هەرگیز ئەوانەی خەڵک گومڕا دەکەن نەمکردووە بە یارمەتیدەری خۆم و پشتم پێ نەبەستوون.

وَيَوْمَ يَقُولُ نَادُوا شُرَكَائِيَ الَّذِينَ زَعَمْتُمْ فَدَعَوْهُمْ فَلَمْ يَسْتَجِيبُوا لَهُمْ وَجَعَلْنَا بَيْنَهُم مَّوْبِقًا (52) 

ڕۆژێک دێت کە خوا لە هاوەڵگەران دەپرسێت و پێیان دەڵێت: کوا ئەو شەریک و هاوەڵانەی کە بۆ منتان بڕیار دەدا، جا بانگیان لێ دەکەن و هاواریان لێ دەکەن، (بەڵام بێسوودە) هەر وەڵامیشیان نادەنەوە، ئیتر بۆ هەمیشە سزای سەخت دەخەینە نێوانیانەوە.

وَرَأَى الْمُجْرِمُونَ النَّارَ فَظَنُّوا أَنَّهُم مُّوَاقِعُوهَا وَلَمْ يَجِدُوا عَنْهَا مَصْرِفًا (53) 

(ئا لەو گیرخواردنەدا) تاوانباران دۆزەخ دەبینن و دڵنیان بێگومان دەچنە ناوی و تێکەڵی دەبن، هیچ پەناگا و کەلێنێکیش نییە کە لێی دەرباز بن.

وَلَقَدْ صَرَّفْنَا فِي هَٰذَا الْقُرْآنِ لِلنَّاسِ مِن كُلِّ مَثَلٍ ۚ وَكَانَ الْإِنسَانُ أَكْثَرَ شَيْءٍ جَدَلًا (54) 

سوێند بە خوا بێگومان ئێمە لەم قورئانەدا لە هەموو جۆرە نموونەیەکمان هێناوەتەوە بۆ خەڵکی (تا پەند و ئامۆژگاریی لێ وەربگرن) لە کاتێکدا ئینسان لە هەموو شتێک زیاتر موجادەلە دەکات و لە شت دەکۆڵێتەوە.

وَمَا مَنَعَ النَّاسَ أَن يُؤْمِنُوا إِذْ جَاءَهُمُ الْهُدَىٰ وَيَسْتَغْفِرُوا رَبَّهُمْ إِلَّا أَن تَأْتِيَهُمْ سُنَّةُ الْأَوَّلِينَ أَوْ يَأْتِيَهُمُ الْعَذَابُ قُبُلًا (55) 

خەڵکی خوانەناس هیچ شتێک نەبووەتە کۆسپ لە ڕێیاندا تا باوەڕ بهێنن کاتێک کە هیدایەتیان بۆ ڕەوانە کراوە و داوای لێخۆشبوون بکەن لە پەروەردگاریان، مەگەر تەنها ئەوە نەبێت کە یاسای پێشینان بەسەریاندا بسەپێت (بە لەناوبردنیان) یاخود سزا ڕووبەڕوویان بێتەوە (لە قیامەتدا).

وَمَا نُرْسِلُ الْمُرْسَلِينَ إِلَّا مُبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَ ۚ وَيُجَادِلُ الَّذِينَ كَفَرُوا بِالْبَاطِلِ لِيُدْحِضُوا بِهِ الْحَقَّ ۖ وَاتَّخَذُوا آيَاتِي وَمَا أُنذِرُوا هُزُوًا (56) 

ئێمە پێغەمبەران تەنها بە مژدەدەر و ترسێنەر نەبێت نانێرین کەچی ئەوانەی کافر و بێباوەڕ بوون هەر موجادەلە و دەمبازی دەکەن بە بەڵگەی پڕوپووچ، بۆ ئەوەی حەق و ڕاستی بەتاڵ بکەنەوە و بیترازێنن، هەر وەها ئایەت و فەرمانەکانی من و ئەوەی ئەوانی پێ هۆشیار کراوەتەوە کردوویانە بە گاڵتە.

وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّن ذُكِّرَ بِآيَاتِ رَبِّهِ فَأَعْرَضَ عَنْهَا وَنَسِيَ مَا قَدَّمَتْ يَدَاهُ ۚ إِنَّا جَعَلْنَا عَلَىٰ قُلُوبِهِمْ أَكِنَّةً أَن يَفْقَهُوهُ وَفِي آذَانِهِمْ وَقْرًا ۖ وَإِن تَدْعُهُمْ إِلَى الْهُدَىٰ فَلَن يَهْتَدُوا إِذًا أَبَدًا (57) 

کێ لەوە ستەمکارترە کە یاداوەری کرابێت بە ئایەت و فەرمانەکانی پەروەردگاری، کەچی ڕووی لێ وەرگێڕاون و لووتی بەرز گرتووە و ئەوەشی لەیاد کردووە کە چ دەستپێشکەرییەکی کردووە لە گوناهـ و تاوان، ئێمە بەڕاستی پەردەمان هێناوە بەسەر دڵیاندا تا لە ئایەتەکانی ئێمە تێ نەگەن و قورسی و کەڕیشمان کردۆتە گوێیانەوە، خۆ ئەگەر بانگیان بکەیت بۆ ڕێبازی هیدایەت و دینداری، ئەوە هەرگیز ئەوانە ئەو هیدایەتە وەرناگرن.

وَرَبُّكَ الْغَفُورُ ذُو الرَّحْمَةِ ۖ لَوْ يُؤَاخِذُهُم بِمَا كَسَبُوا لَعَجَّلَ لَهُمُ الْعَذَابَ ۚ بَل لَّهُم مَّوْعِدٌ لَّن يَجِدُوا مِن دُونِهِ مَوْئِلًا (58) 

پەروەردگاری تۆ لێخۆشبووە و خاوەنی ڕەحمەت و میهرەبانییە، ئەگەر بە کردەوەی ئەو خەڵکە بکات هەموویان بەخێرایی دەپێچێتەوە و بە سزای سەخت دایان دەگرێت، بەڵکوو کاتی دیاریکراویان بۆ هەیە (هەر کاتێک یەخەی پێ گرتن) هەرگیز پەنایەکیان دەست ناکەوێت بێجگە لە پەنای خوا.

وَتِلْكَ الْقُرَىٰ أَهْلَكْنَاهُمْ لَمَّا ظَلَمُوا وَجَعَلْنَا لِمَهْلِكِهِم مَّوْعِدًا (59) 

ئەوەتە ئەو شار و شارۆچکانە (کە باسیانتان بیستووە، یاخود بە چاوی خۆتان دەیبینن) لەناومان بردوون و کاولمان کردوون کاتێک کە (دانیشتووانی) ستەمیان کردووە و بۆ لەناوبردنیان کاتی دیاریکراومان بڕیار داوە.

وَإِذْ قَالَ مُوسَىٰ لِفَتَاهُ لَا أَبْرَحُ حَتَّىٰ أَبْلُغَ مَجْمَعَ الْبَحْرَيْنِ أَوْ أَمْضِيَ حُقُبًا (60) 

(یادیان بێنە) کاتێک مووسا بە هاوەڵانی لاوی خۆیی وت: من کۆڵ نادەم و دەڕۆم، ئەگەر چەندەها ڕۆژم پێ بچێت تا دەگەمە ئەو شوێنەی کە دوو دەریاکە یەک دەگرن یان دەگەمە ئەنجام، یاخود ماوەیەکی زۆر دەڕۆم و دەگەڕێم (خوای گەورە ویستوویەتی مووسا پێغەمبەر علیه السلام تێ بگەیەنێت کە بەندەی هەیە لە بوواری تردا شارەزان، لەبەر ئەوە ڕێنمووییی کردووە تا بگەڕێت بەشوێن ئەو جۆرە کەسانەدا و لەوانیش سوود وەربگرێت).

فَلَمَّا بَلَغَا مَجْمَعَ بَيْنِهِمَا نَسِيَا حُوتَهُمَا فَاتَّخَذَ سَبِيلَهُ فِي الْبَحْرِ سَرَبًا (61) 

کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی کە دوو دەریاکە بە یەک دەگەن، ماسییەکان کە لەگەڵ خۆیاندا هەڵیان گرتبوو بۆ توێشووی سەفەر، فەرامۆشیان کردبوو، ئەویش هەڵبەزیبۆوە و ڕێگەی ناو دەریای بۆ خۆی گرتە بەر.

فَلَمَّا جَاوَزَا قَالَ لِفَتَاهُ آتِنَا غَدَاءَنَا لَقَدْ لَقِينَا مِن سَفَرِنَا هَٰذَا نَصَبًا (62) 

جا کاتێک تێ پەڕین (لەو شوێنە و لە جێیەکی تر لایان دا) مووسا بە هاوەڵەکەیی وت: ئادەی خواردنەکەمان بهێنە، چونکە بەڕاستی لەم سەفەرەماندا زۆر هیلاک و ماندوو بووین.

قَالَ أَرَأَيْتَ إِذْ أَوَيْنَا إِلَى الصَّخْرَةِ فَإِنِّي نَسِيتُ الْحُوتَ وَمَا أَنسَانِيهُ إِلَّا الشَّيْطَانُ أَنْ أَذْكُرَهُ ۚ وَاتَّخَذَ سَبِيلَهُ فِي الْبَحْرِ عَجَبًا (63) 

لاوەکە وتی: ئەگەر لەبیرت بێت ئەو کاتەی کە چووینە سەر بەردە گەورەکە (بۆ حەوانەوە) من بیرم چوو باسی ماسییەکەت بۆ بکەم، کەسیش لەبیری نەبردمەوە شەیتان نەبێت، کە بۆتی باس بکەم، لە ڕاستیدا ئەو ماسییە (زیندوو بۆوە و) بەشێوەیەکی زۆر سەیر خۆیی کرد بەناو دەریادا.

قَالَ ذَٰلِكَ مَا كُنَّا نَبْغِ ۚ فَارْتَدَّا عَلَىٰ آثَارِهِمَا قَصَصًا (64) 

مووسا علیه السلام وتی: هەر ئەوە بوو کە ئێمە دەمانویست (واتە: دەبوو ئا لەو شوێنەدا چاوەڕێ بووینایە) ئیتر بەناچاری گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنەی کە بەجێیان هێشتبوو.

فَوَجَدَا عَبْدًا مِّنْ عِبَادِنَا آتَيْنَاهُ رَحْمَةً مِّنْ عِندِنَا وَعَلَّمْنَاهُ مِن لَّدُنَّا عِلْمًا (65) 

لەوێ بە بەندەیەک لە بەندەکانی ئێمە ئاشنا بوو کە لە ڕەحمەتی تایبەتی خۆمان بەهرەوەرمان کردبوو و زانست و زانیاریی تایبەتی خۆمانمانمان پێ بەخشیبوو، مووسا علیه السلام پێی وت: ئایا مۆڵەتم دەدەیت کە شوێنت بکەوم تا لەو زانست و زانیارییەی پێت بەخشراوە منیش بەهرەدار بکەیت؟

قَالَ لَهُ مُوسَىٰ هَلْ أَتَّبِعُكَ عَلَىٰ أَن تُعَلِّمَنِ مِمَّا عُلِّمْتَ رُشْدًا (66) 

مووسا (علیه السلام) پێی گوت: ئاخۆ مۆڵتم دەدەیت شوێنت بکەوم؟ تا لەو زانستەی لەلایەن پەروەردگارتەوە فێر کراویت، منیش فێر بکەیت و نیشانمی بدەی، بەڵکوو کەڵکی لێ وەرگرم لە کاروبارمدا.

قَالَ إِنَّكَ لَن تَسْتَطِيعَ مَعِيَ صَبْرًا (67) 

زاناکە وتی: بەڕاستی تۆ هەرگیز ناتوانیت لەگەڵ مندا خۆڕاگر بیت (بێدەنگ بیت بەرانبەر ڕەفتار و کردارم، چونکە من شتی سەرسووڕهێنەر دەکەم و تۆ لە نهێنییەکەی تێ ناگەیت).

وَكَيْفَ تَصْبِرُ عَلَىٰ مَا لَمْ تُحِطْ بِهِ خُبْرًا (68) 

جا چۆن خۆ دەگریت لە بەرانبەر شتێکەوە کە هەواڵت لێی نییە و ئەم سەر و ئەو سەری نازانیت.

قَالَ سَتَجِدُنِي إِن شَاءَ اللَّهُ صَابِرًا وَلَا أَعْصِي لَكَ أَمْرًا (69) 

مووسا وتی: دەمبینیت ئەگەر خوا ویستی لەسەر بێت خۆڕاگر دەبم و لە هیچ فەرمانێکت دەرناچم.

قَالَ فَإِنِ اتَّبَعْتَنِي فَلَا تَسْأَلْنِي عَن شَيْءٍ حَتَّىٰ أُحْدِثَ لَكَ مِنْهُ ذِكْرًا (70) 

زاناکە وتی: جا ئەگەر شوێنم کەوتیت ئەوە پرسیارم لە هیچ شتێک لێ مەکە، هەتا خۆم لە نهێنییەکەی ئاگادارت نەکەم.

فَانطَلَقَا حَتَّىٰ إِذَا رَكِبَا فِي السَّفِينَةِ خَرَقَهَا ۖ قَالَ أَخَرَقْتَهَا لِتُغْرِقَ أَهْلَهَا لَقَدْ جِئْتَ شَيْئًا إِمْرًا (71) 

هەتا کاتێک پێکەوە دەرچوون و سواری کەشتییەکە بوو‌ن، زاناکە دەستی کرد بە کونکردن و عەیبدارکردنی، مووسا (خۆی پێ نەگیرا و) وتی: باشە، ئاخر، ئەوە تۆ ئەم کەشتییە کون دەکەیت، دەتەوێت هەر چی سەرنشینەکانی هەیە نوقمی بکەیت، سوێند بە خوا بەڕاستی کارێکی ناشایستی گەورەت کرد!

قَالَ أَلَمْ أَقُلْ إِنَّكَ لَن تَسْتَطِيعَ مَعِيَ صَبْرًا (72) 

زاناکە وتی: نەموت: تۆ هەرگیز ناتوانیت لەگەڵ مندا خۆڕاگر بیت!

قَالَ لَا تُؤَاخِذْنِي بِمَا نَسِيتُ وَلَا تُرْهِقْنِي مِنْ أَمْرِي عُسْرًا (73) 

مووسا وتی: لێم مەگرە چونکە مەرجەکەم فەرامۆش کرد و فێربوونی ئەم زانیارییەی کە دەمەوێت لە تۆوە فێر بم لەسەرم قورس و گران مەکە.

فَانطَلَقَا حَتَّىٰ إِذَا لَقِيَا غُلَامًا فَقَتَلَهُ قَالَ أَقَتَلْتَ نَفْسًا زَكِيَّةً بِغَيْرِ نَفْسٍ لَّقَدْ جِئْتَ شَيْئًا نُّكْرًا (74) 

(دوایی دابەزینە سەر وشکانی) کەوتنە ڕێ، هەتا گەیشتنە منداڵێک، زاناکە گرتی و کوشتی، مووسا وتی: سەیرە، ئەوە بۆ چی کەسێکی بێگوناهت کوشت بێ ئەوەی ئەو تاوانێکی وای کردبێت و (شایستەی کوشتن بێت) سوێند بە خوا بەڕاستی کارێکی ناپەسەند و ناڕەوات ئەنجام دا!

قَالَ أَلَمْ أَقُل لَّكَ إِنَّكَ لَن تَسْتَطِيعَ مَعِيَ صَبْرًا (75) 

زاناکە وتی: پێم نەوتیت کە بەڕاستی تۆ هەرگیز ناتوانیت لەگەڵ مندا ئارام بگریت و دان بە خۆتدا بگریت.

قَالَ إِن سَأَلْتُكَ عَن شَيْءٍ بَعْدَهَا فَلَا تُصَاحِبْنِي ۖ قَدْ بَلَغْتَ مِن لَّدُنِّي عُذْرًا (76) 

مووسا وتی: ئەگەر دوای ئەمە پرسیاری هەر شتێکی ترم لێ کردیت، ئەوە هاوڕێیەتیم مەکە، بەڕاستی بەڕای من مافی خۆتە و لەلایەن منەوە لێبوردراویت (چونکە من بەئاسانی لە هەڵسوکەوتی تۆ تێ ناگەم).

فَانطَلَقَا حَتَّىٰ إِذَا أَتَيَا أَهْلَ قَرْيَةٍ اسْتَطْعَمَا أَهْلَهَا فَأَبَوْا أَن يُضَيِّفُوهُمَا فَوَجَدَا فِيهَا جِدَارًا يُرِيدُ أَن يَنقَضَّ فَأَقَامَهُ ۖ قَالَ لَوْ شِئْتَ لَاتَّخَذْتَ عَلَيْهِ أَجْرًا (77) 

پاشان دەرچوون و ڕۆشتن هەتا گەیشتنە ناو خەڵکی شارۆچکەیەک (برسییان بوو) داوای خۆراکیان لە خەڵکەکە کرد، کەچی دەستیان نا بە ڕوویانەوە و میواندارییان لێ نەکردن، ئەوسا لەناو شارەکەدا دیوارێکیان بەدی کرد خەریک بوو دەڕووخا، بەڵام زاناکە هەڵیچنییەوە و چاکی کردەوە و بەرزی کردەوە، مووسا وتی: ئەگەر بتویستایە، ئەوە کرێیەکت بەرانبەر ئەم کارە وەردەگرت (دەماندا بە خۆراک پێی تێر دەبووین).

قَالَ هَٰذَا فِرَاقُ بَيْنِي وَبَيْنِكَ ۚ سَأُنَبِّئُكَ بِتَأْوِيلِ مَا لَمْ تَسْتَطِع عَّلَيْهِ صَبْرًا (78) 

زاناکە وتی: ئیتر ئالێرە بەدواوە کاتی جیابوونەوەی نێوانی من و تۆیە، من تاوێکی تر تۆ ئاگادار دەکەم لە حەقیقەت و سەرەنجامی ئەو شتانەی کە نەتتوانی ئارام بگریت لە بەرانبەریانەوە.

أَمَّا السَّفِينَةُ فَكَانَتْ لِمَسَاكِينَ يَعْمَلُونَ فِي الْبَحْرِ فَأَرَدتُّ أَنْ أَعِيبَهَا وَكَانَ وَرَاءَهُم مَّلِكٌ يَأْخُذُ كُلَّ سَفِينَةٍ غَصْبًا (79) 

ئەو کەشتییەی (عەیبدارم کرد چەند هەژارێک خاوەنی بوون لە دەریادا کاریان دەکرد، جا منیش ویستم عەیبداری بکەم، لە کاتێکدا لەو ناوەدا پاشایەک هەبوو کە هەموو کەشتییەکی (چاک و ڕێکوپێکی) داگیر دەکرد.

وَأَمَّا الْغُلَامُ فَكَانَ أَبَوَاهُ مُؤْمِنَيْنِ فَخَشِينَا أَن يُرْهِقَهُمَا طُغْيَانًا وَكُفْرًا (80) 

منداڵەکەش (کە کوشتم) دایک و باوکێکی ئیمانداری هەبوو، ترساین لەوەی کە بە سەرکەشی و بێدینی و خوانەناسی هیلاک و ماندوویان بکات (چونکە هەر لە ئێستاوە سەرکەشی و لاسارییی پێوە دیار بوو).

فَأَرَدْنَا أَن يُبْدِلَهُمَا رَبُّهُمَا خَيْرًا مِّنْهُ زَكَاةً وَأَقْرَبَ رُحْمًا (81) 

(بەو کارەمان) ویستمان کە پەروەردگاریان (لەجیاتیی ئەو) پاکتر و چاکتریان پێ ببەخشێت و بە منداڵێکی خاوەنبەزەیی و میهرابانتر بەهرەوەریان بکات (منداڵەکەش بەهەشتی بێت).

وَأَمَّا الْجِدَارُ فَكَانَ لِغُلَامَيْنِ يَتِيمَيْنِ فِي الْمَدِينَةِ وَكَانَ تَحْتَهُ كَنزٌ لَّهُمَا وَكَانَ أَبُوهُمَا صَالِحًا فَأَرَادَ رَبُّكَ أَن يَبْلُغَا أَشُدَّهُمَا وَيَسْتَخْرِجَا كَنزَهُمَا رَحْمَةً مِّن رَّبِّكَ ۚ وَمَا فَعَلْتُهُ عَنْ أَمْرِي ۚ ذَٰلِكَ تَأْوِيلُ مَا لَمْ تَسْطِع عَّلَيْهِ صَبْرًا (82) 

دیوارەکەش کە چاکم کردەوە، خاوەنەکەی دوو منداڵی هەتیوی شارۆچکەکە بوون، لەژێریدا گەنجینەیەکی (زێڕ و زیویان) هەبوو (کە باوکیان بۆی شاردبوونەوە، ئەگەر گوێمان پێ نەدایە، باران و لافاو دەری دەخست و ئەو خەڵکە ڕەزیلەی کە میواندارییان لێ نەکردین‌، دەستیان دەکەوت)، باوکی ئەو دوو منداڵەش خواناس و چاک بوو، جا پەروەردگارت ویستی کاتێک گەنجینەکەیان دەست بکەوێت کە گەورە و بەهێز بن، ئەوسا دەری بهێنن، ئەمەش وەکوو ڕەحمەتێکی تایبەتی لەلایەن پەروەردگارتەوە (لەبەر خاتری باوکیان)، دڵنیاش بە کە هەموو ئەو کارانەم لە خۆوە نەکردووە، ئیتر ئەوە بوو ڕاز و نهێنیی ئەو شتانەی کە خۆت بۆ نەدەگیرا کاتێک ئەنجامم دەدان.

وَيَسْأَلُونَكَ عَن ذِي الْقَرْنَيْنِ ۖ قُلْ سَأَتْلُو عَلَيْكُم مِّنْهُ ذِكْرًا (83) 

دەربارەی «ذو القرنین» ـیش پرسیارت لێ دەکەن، پێیان بڵێ: گۆشەیەک لە بەسەرهاتی ئەوتان بۆ باس دەکەم.

إِنَّا مَكَّنَّا لَهُ فِي الْأَرْضِ وَآتَيْنَاهُ مِن كُلِّ شَيْءٍ سَبَبًا (84) 

ئێمە توانا و دەسەڵاتمان لە زەویدا پێ بەخشیبوو، بۆ هەر شتێکی پێویستی ئەو سەردەمە هۆکارەکەیمان بۆ ڕەخساندبوو.

فَأَتْبَعَ سَبَبًا (85) 

ئەویش کەڵکی تەواوی لە هۆکارەکان وەردەگرت.

حَتَّىٰ إِذَا بَلَغَ مَغْرِبَ الشَّمْسِ وَجَدَهَا تَغْرُبُ فِي عَيْنٍ حَمِئَةٍ وَوَجَدَ عِندَهَا قَوْمًا ۗ قُلْنَا يَا ذَا الْقَرْنَيْنِ إِمَّا أَن تُعَذِّبَ وَإِمَّا أَن تَتَّخِذَ فِيهِمْ حُسْنًا (86) 

(خۆی و لەشکرەکەی) کەوتە ڕێ هەتا کاتێک گەیشتە ناوچەکانی خۆراوا، (کە وا دەهاتە بەرچاو) لە گۆمێکی قوڕاودا، ڕۆژ، ئاوا دەبێت، لەو ناوەدا ڕێی کەوت لە قەومێکی (خوانەناس و بێدین)، ئێمەش پێمان وت: ئەی «ذو القرنین» یان ئەوەیە بە سزا لەناویان دەبەیت (ئەگەر لەسەر کوفر و تاوانیان بەردەوام بوون) یان چاکەیان لەگەڵدا دەکەیت (ئەگەر شوێنی ئیمان و چاکە نەکەوتن).

قَالَ أَمَّا مَن ظَلَمَ فَسَوْفَ نُعَذِّبُهُ ثُمَّ يُرَدُّ إِلَىٰ رَبِّهِ فَيُعَذِّبُهُ عَذَابًا نُّكْرًا (87) 

(ذو القرنین) وتی: بێگومان ئەوەی ستەمکار بێت ئێمە سزای دەدەین، لەوەودوایش کە گەڕایەوە بۆ لای پەروەردگاری سزایەکی زۆر سەخت و گرانی دەدات.

وَأَمَّا مَنْ آمَنَ وَعَمِلَ صَالِحًا فَلَهُ جَزَاءً الْحُسْنَىٰ ۖ وَسَنَقُولُ لَهُ مِنْ أَمْرِنَا يُسْرًا (88) 

بەڵام ئەوەی ئیمان و باوەڕ بهێنێت و کار و کردەوەی چاکە ئەنجام بدات، ئەوە پاداشتی چاک بۆ ئەوە، لەمەودوا قسەی خۆش و فەرمانی ئاسان و کاری سووکی دەدەین بەسەردا.

ثُمَّ أَتْبَعَ سَبَبًا (89) 

لەوەودوا کەڵکی تەواوی لە هۆکارەکان وەرگرت و بەشوێنیاندا گەڕا.

حَتَّىٰ إِذَا بَلَغَ مَطْلِعَ الشَّمْسِ وَجَدَهَا تَطْلُعُ عَلَىٰ قَوْمٍ لَّمْ نَجْعَل لَّهُم مِّن دُونِهَا سِتْرًا (90) 

هەتا کاتێک گەیشتە ناوچەی خۆرهەڵاتی (دوور)، بینیی خۆر هەڵدێت لەسەر قەومێک کە پەناگایەکیان نییە تا لە تینی خۆیان بپارێزن.

كَذَٰلِكَ وَقَدْ أَحَطْنَا بِمَا لَدَيْهِ خُبْرًا (91) 

هەر بەو شێوەیە ڕەفتاری کرد، کە لەگەڵ خەڵکی خۆراوادا کردی، بێگومان ئێمە بەتەواویی ئاگادار بووین لەو کار و کردەوانەی کە ئەنجامی دەدا.

ثُمَّ أَتْبَعَ سَبَبًا (92) 

لەوەودوا هەر دەستبەرداری هۆکارەکان نەبوو، بەشوێنیاندا گەڕا.

حَتَّىٰ إِذَا بَلَغَ بَيْنَ السَّدَّيْنِ وَجَدَ مِن دُونِهِمَا قَوْمًا لَّا يَكَادُونَ يَفْقَهُونَ قَوْلًا (93) 

هەتا کاتێک گەیشتە نێوان هەر دوو بەربەستەکە، کە لە نێوانیاندا قەومێک هەبوو کە لە هیچ قسەیەک تێ نەدەگەیشتن (مەگەر زۆر بەدەگمەن).

قَالُوا يَا ذَا الْقَرْنَيْنِ إِنَّ يَأْجُوجَ وَمَأْجُوجَ مُفْسِدُونَ فِي الْأَرْضِ فَهَلْ نَجْعَلُ لَكَ خَرْجًا عَلَىٰ أَن تَجْعَلَ بَيْنَنَا وَبَيْنَهُمْ سَدًّا (94) 

کاتێک دەسەڵاتی (ذو القرنین) ـیان بینی وتیان: ئەی «ذو القرنین» بەڕاستی یەئجووج و مەئجووج تۆوی خراپە و تاوان دەچێنن لە زەویدا، تا بەربەستێک لە نێوان ئێمە و ئەواندا درووست بکەیت؟

قَالَ مَا مَكَّنِّي فِيهِ رَبِّي خَيْرٌ فَأَعِينُونِي بِقُوَّةٍ أَجْعَلْ بَيْنَكُمْ وَبَيْنَهُمْ رَدْمًا (95) 

(ذو القرنین) وتی: ئەو دەسەڵات و زانیاری و شتانەی پەروەردگارم پێی بەخشیوم چاکترە بۆ من (لە پارە و سامان) جا ئێوە بە هێزی بازوو یارمەتیم بدەن تا بەربەستێکی بەهێز لە نێوان ئێوە و ئەواندا درووست بکەم.

آتُونِي زُبَرَ الْحَدِيدِ ۖ حَتَّىٰ إِذَا سَاوَىٰ بَيْنَ الصَّدَفَيْنِ قَالَ انفُخُوا ۖ حَتَّىٰ إِذَا جَعَلَهُ نَارًا قَالَ آتُونِي أُفْرِغْ عَلَيْهِ قِطْرًا (96) 

پارچەئاسنم بۆ بهێنن و (کەڵەکەی بکەن) هەتا ئەمبەر و ئەوبەری هەر دوو کێوەکەی پڕ کرد، ئەوسا فەرمانی دا، تا بە (مووشەدەمە) فوو بکەن لەو ئاگرەی کە لە ژێریدا کرابۆوە، هەتا کاتێک هەمووی کرد بە ئاگر، ئینجا (ذو القرنین) وتی: ئادەی مسی توواوەم بۆ بهێنن تا بیکەم بەسەریدا (مس لەگەڵ ئاسندا تێکەڵ بکرێت پێکهاتەیەکی بەهێزی لێ درووست دەبێت).

فَمَا اسْطَاعُوا أَن يَظْهَرُوهُ وَمَا اسْتَطَاعُوا لَهُ نَقْبًا (97) 

ئەو‌سا ئیتر (یەئجووج و مەئجووج) نە توانییان سەر بکەون، نە توانییان کوناودەری بکەن.

قَالَ هَٰذَا رَحْمَةٌ مِّن رَّبِّي ۖ فَإِذَا جَاءَ وَعْدُ رَبِّي جَعَلَهُ دَكَّاءَ ۖ وَكَانَ وَعْدُ رَبِّي حَقًّا (98) 

(ئەوسا ذو القرنین) وتی: درووستکردنی ئەم بەربەستە ڕەحمەتێک بوو لەلایەن پەروەردگارمەوە، ئینجا کاتێک پەروەردگارم بڕیاری تێکدانی بدات، وردوخاشی دەکات، بێگومان بەڵێنی پەروەردگارم حەقیقەت و ڕاستەقینەیە.

وَتَرَكْنَا بَعْضَهُمْ يَوْمَئِذٍ يَمُوجُ فِي بَعْضٍ ۖ وَنُفِخَ فِي الصُّورِ فَجَمَعْنَاهُمْ جَمْعًا (99) 

لەو ڕۆژە بەدواوە وازمان لێ هێنان تا وەک شەپۆل بەناو یەکدا بێن، یاخود وازمان لێ هێنان بۆ ئەو ڕۆژەی (کە بەربەستەکە دەشکێت و بەپەلە) وەکوو لێشاو دێنە دەرێ و شەپۆل دەدەن بەناو یەکدا (کە یەکێکە لە نیشانەکانی کۆتاییهاتنی دنیا)، ئەوسا فوو دەکرێت بە «صور» ـدا، بەو هۆیەوە هەر هەموو خەڵکی بەتەواوی کۆ دەکەینەوە (بۆ موحاسەبە و لێپرسینەوە).

وَعَرَضْنَا جَهَنَّمَ يَوْمَئِذٍ لِّلْكَافِرِينَ عَرْضًا (100) 

ئیتر ئەو ڕۆژە دۆزەخ نیشانی کافران دەدەین و بەتەواوی دەری دەخەین (هەمووشیانی تیادا کۆ دەکەینەوە).

الَّذِينَ كَانَتْ أَعْيُنُهُمْ فِي غِطَاءٍ عَن ذِكْرِي وَكَانُوا لَا يَسْتَطِيعُونَ سَمْعًا (101) 

ئەوانەی کە پەردە بەسەر چاویاندا هاتبوو (نەیاندەویست نیشانەکانی دەسەڵاتداری ئێمە ببینن) و یادی ئێمە بکەن و توانای بیستنی (قورئانی ئێمەیان نەبوو، حەزیان لێ نەدەکرد).

أَفَحَسِبَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَن يَتَّخِذُوا عِبَادِي مِن دُونِي أَوْلِيَاءَ ۚ إِنَّا أَعْتَدْنَا جَهَنَّمَ لِلْكَافِرِينَ نُزُلًا (102) 

ئایا ئەوانەی کافر و بێباوەڕ بوون وا دەزانن کە هەر وا بۆیان دەچێتە سەر و چاوپۆشییان لێ دەکەین لە کاتێکدا کە ئەوان بەندەکانی ئێمە دەکەنە یار و یاوەری خۆیان و پشت بەوان دەبەستن و ئێمە فەرامۆش دەکەن، ئەوانە با بزانن کە بەڕاستی ئێمە دۆزەخمان ئامادە کردووە بۆ بێباوەڕان کە لەوێ دادەبەزن و نیشتەجێ دەبن.

قُلْ هَلْ نُنَبِّئُكُم بِالْأَخْسَرِينَ أَعْمَالًا (103) 

ئەی موحەممەد (صلی اللە علیە و سلم) پێیان بڵێ: ئایا هەواڵی ئەو کەسانەتان بدەمێ کە لە کار و کردەوەیاندا زۆر زەرەرمەند و خەسارەتمەندن؟!

الَّذِينَ ضَلَّ سَعْيُهُمْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَهُمْ يَحْسَبُونَ أَنَّهُمْ يُحْسِنُونَ صُنْعًا (104) 

(ئەوانە) ئەو کەسانەن کە هەوڵ و کۆششیان لە ژیانی دنیادا، بەزایە و بەهەدەر چووە بەمەرجێک وایان دەزانی کە بەڕاستی کاری چاک دەکەن و کردەوەی ڕەوا ئەنجام دەدەن.

أُولَٰئِكَ الَّذِينَ كَفَرُوا بِآيَاتِ رَبِّهِمْ وَلِقَائِهِ فَحَبِطَتْ أَعْمَالُهُمْ فَلَا نُقِيمُ لَهُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَزْنًا (105) 

ئەوانە کەسانێکن کە باوەڕیان بە بەڵگە و نیشانەکانی پەروەردگاریان نەبووە و بەنیازی ئامادەبوونی بەردەم بارەگای خوایی نەبوون، ئیتر هەموو کار و کردەوەکانیان بێنرخ و پووچ بووەوە، لە ڕۆژی قیامەتیشدا هیچ جۆرە بایەخ و نرخێکیان بۆ دانانێین.

ذَٰلِكَ جَزَاؤُهُمْ جَهَنَّمُ بِمَا كَفَرُوا وَاتَّخَذُوا آيَاتِي وَرُسُلِي هُزُوًا (106) 

ئەوانە پاداشتیان ئاگری دۆزەخە بەهۆی ئەوەی کە باوەڕیان نەبوو و گاڵتەجاڕییان بە بەڵگە و نیشانەکان و پێغەمبەرانی ئێمە کرد.

إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ كَانَتْ لَهُمْ جَنَّاتُ الْفِرْدَوْسِ نُزُلًا (107) 

بەڕاستی ئەوانەی کە ئیمان و باوەڕیان هێناوە و کردەوە چاکەکانیان ئەنجام داوە، ئێمە هەر لە زووەوە بەهەشتی فیردەوسمان بۆ ئامادە کردوون، تا لەوێ دابەزن و ژیانی کامەرانی تیایدا بەرنە سەر.

خَالِدِينَ فِيهَا لَا يَبْغُونَ عَنْهَا حِوَلًا (108) 

ژیانیان تیایدا بەردەوام و نەبڕاوەیە، نایانەوێت بگوێزرێنەوە بۆ شوێنێکی تر (لە بەرچاویان ناکەوێت).

قُل لَّوْ كَانَ الْبَحْرُ مِدَادًا لِّكَلِمَاتِ رَبِّي لَنَفِدَ الْبَحْرُ قَبْلَ أَن تَنفَدَ كَلِمَاتُ رَبِّي وَلَوْ جِئْنَا بِمِثْلِهِ مَدَدًا (109)

پێیان بڵێ: ئەگەر دەریا هەمووی مرەکەب بێت و زانست و زانیاریی پەروەردگارمی پێ بنووسرایە، دەریا تەواو دەبوو پێش ئەوەی زانست و زانیاریی پەروەردگارم تەواو ببێت، ئەگەر چەندەها ئەوەندەی تر دەریاش بهێنن و بیکەنە مرەکەب، چونکە زانست و زانیاریی پەروەردگار کۆتاییی نایە و بێسنوورە.

قُلْ إِنَّمَا أَنَا بَشَرٌ مِّثْلُكُمْ يُوحَىٰ إِلَيَّ أَنَّمَا إِلَٰهُكُمْ إِلَٰهٌ وَاحِدٌ ۖ فَمَن كَانَ يَرْجُو لِقَاءَ رَبِّهِ فَلْيَعْمَلْ عَمَلًا صَالِحًا وَلَا يُشْرِكْ بِعِبَادَةِ رَبِّهِ أَحَدًا (110) 

(ئەی پێغەمبەر صلی اللە علیە و سلم پێیان) بڵێ: بەڕاستی من تەنها ئادەمیزادێکم وەک ئێوە، بەڵام ئەوەندە هەیە وەحی و نیگام بۆ دێت (ئەم ڕاستییەتان تێ بگەیەنم) کە: بێگومان خوای ئێوە خوایەکی تاک و تەنهایە، جا ئەوەی دەیەوێت بە دیداری پەروەردگاری شاد ببێت، بە خۆ‌شنوودییەوە با کار و کردەوەی چاک و درووست ئەنجام بدات و بە هیچ شێوەیەک لە پەرستندا هیچ کەسێک نەکاتە هاوەڵ و شەریک بۆی.

بەڕێوەبەر: عیمران حسەینی - Îmran Huseynî سه شنبه بیست و پنجم اردیبهشت ۱۳۹۷ |