بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِیمِ

 

يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِذَا طَلَّقْتُمُ النِّسَاءَ فَطَلِّقُوهُنَّ لِعِدَّتِهِنَّ وَأَحْصُوا الْعِدَّةَ وَاتَّقُوا اللَّهَ رَبَّكُمْ لَا تُخْرِجُوهُنَّ مِن بُيُوتِهِنَّ وَلَا يَخْرُجْنَ إِلَّا أَن يَأْتِينَ بِفَاحِشَةٍ مُّبَيِّنَةٍ وَتِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ وَمَن يَتَعَدَّ حُدُودَ اللَّهِ فَقَدْ ظَلَمَ نَفْسَهُ لَا تَدْرِي لَعَلَّ اللَّهَ يُحْدِثُ بَعْدَ ذَٰلِكَ أَمْرًا (1)

ئەی پێغەمبەر «صلی الله علیه و سلم» (بە ئوممەتت ڕابگەیەنە) کاتێک ژنانتان تەڵاق دەدەن لەکاتی دیاریکراویاندا تەڵاقیان بدەن (کە بریتییە لەو کاتەی کە ئافرەت لە عادەی مانگانە پاک بۆتەوە)، حسابی ئەو کاتەش بەوردی ڕابگرن، لە پەروەردگاریشتان بترسن و ماوەکەیان بۆ درێژ مەکەنەوە (ئەگەر لەو کاتە دیاریکراوانەدا یەکجار تەڵاقتان دان، ئەوە با ئەو ئافرەتە لە ماڵەکەی خۆیدا بمینێتەوە و) دەریان مەکەن لە ماڵەکانی خۆیاندا، ئافرەتەکانیش با لە ماڵ دەرنەچن، مەگەر کارێکی ناشیرین و ناڕەوای ئاشکرا ئەنجام بدەن، (ئەو کاتە با لە ماڵ نەمێنن و بچن بۆ ماڵی مەحرەمێکیان)، ئا ئەوەیە سنووری خوا لەبارەی تەڵاقەوە، ئەوەی لە سنووری خوا بترازێت ئەوە ستەم لە خۆی دەکات، ئەی ئیماندار! تۆ نازانیت لەوانەیە دوای ئەو (تێکچوون و ساردییە) خوای گەورە بارودۆخێک پێش بهێنێت (کە ئاشت ببنەوە و ڕێک بکەونەوە و بۆیە نابێت لە ماڵ دەرچن).

فَإِذَا بَلَغْنَ أَجَلَهُنَّ فَأَمْسِكُوهُنَّ بِمَعْرُوفٍ أَوْ فَارِقُوهُنَّ بِمَعْرُوفٍ وَأَشْهِدُوا ذَوَيْ عَدْلٍ مِّنكُمْ وَأَقِيمُوا الشَّهَادَةَ لِلَّهِ ذَٰلِكُمْ يُوعَظُ بِهِ مَن كَانَ يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَل لَّهُ مَخْرَجًا (2)

کاتێک گەیشتنە ماوەی دیاریکراوی خۆیان (دوای یەک یان ئەو دوو تەڵاقە کە خواردوو‌یانە)، ئینجا یان بیانهێڵنەوە لای خۆتان هاوڕێ لەگەڵ ڕەفتار و هەڵسوکەوتی چاکدا، یاخود وازیان لێ بهێنن و لێیان جیا ببنەوە (لە سێیەم جاردا کە تەڵاقتان خوارد) بەشێوەیەکی جوان کە مافیان پارێزراو بێت، لە کاتی جیابوونەوەی یەکجاریدا با دوو شایەتی دادپەروەر و خواناس لە خۆتان لە نێواندا هەبێت و ئامادەی شایەتی ببن و بیپارێزن بۆ خوا و لەبەر خوا، بەوەی کە باس کرا ئامۆژگاری دەکرێت ئەو کەسەی باوەڕ بە خوا و ڕۆژی دوایی دەهێنیت، جا ئەوەی لە خوا بترسێت و پارێزکار بێت، ئەوە خوا دەرووی لێ دەکاتەوە...

وَيَرْزُقْهُ مِنْ حَيْثُ لَا يَحْتَسِبُ وَمَن يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ إِنَّ اللَّهَ بَالِغُ أَمْرِهِ قَدْ جَعَلَ اللَّهُ لِكُلِّ شَيْءٍ قَدْرًا (3)

لە شوێنێکەوە ڕزقوڕۆزیی پێ دەبەخشێت کە حسابی بۆ نەکردبێت و خۆی پێی نازانێت، جا ئەوەی پشت بە خوا ببەستێت، ئەو زاتەی بەسە، بۆ ئەوەی یاریدەدەری بێت، چونکە بەڕاستی خوا کار و فەرمانی خۆی بەئەنجام دەگەیەنێت، بێگومان خوا بۆ هەموو شتێک نەخشەیەکی دیاریکراوی بڕیار داوە (کە دەبێت پەیڕەوی بکرێت).

وَاللَّائِي يَئِسْنَ مِنَ الْمَحِيضِ مِن نِّسَائِكُمْ إِنِ ارْتَبْتُمْ فَعِدَّتُهُنَّ ثَلَاثَةُ أَشْهُرٍ وَاللَّائِي لَمْ يَحِضْنَ وَأُولَاتُ الْأَحْمَالِ أَجَلُهُنَّ أَن يَضَعْنَ حَمْلَهُنَّ وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَل لَّهُ مِنْ أَمْرِهِ يُسْرًا (4)

ئەو ئافرەتانەی کە نائومێد بوون لە عادەتی مانگانە لە هاوسەرەکانتان، ئەگەر کەوتنە گومانەوە کە ئاخۆ عادەتی مانگانەیان مابێت یان نا، ئەوە سێ مانگ چاوەڕێ بکەن، هەر وەها ئەوانەش کە بەهۆی کەمتەمەنییوە هێشتا نەکەوتونەتە عادەوە، ئەوانیش سێ مانگ چاوەڕێ بکەن، ئەو ئافرەتانەش کە سکیان هەیە ماوەکەیان ئەوەندەیە تا سکەکەیان دادەنێن، جا ئەوەی کە لە خوا بترسێت و پارێزکار بێت، ئەوە خوا کاری بۆ ئاسان دەکات.

ذَٰلِكَ أَمْرُ اللَّهِ أَنزَلَهُ إِلَيْكُمْ وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يُكَفِّرْ عَنْهُ سَيِّئَاتِهِ وَيُعْظِمْ لَهُ أَجْرًا (5)

ئا ئەوە فەرمان و سنووری خوایە کە ناردوویەتییە خوارەوە بۆتان، ئەوەی لە خوا بترسێت و پارێزکار بێت، خوا گوناهەکانی دەسڕێتەوە و چاوپۆشیی لێ دەکات و پاداشتەکەی بۆ گەورە و بێسنوور دەکات.

أَسْكِنُوهُنَّ مِنْ حَيْثُ سَكَنتُم مِّن وُجْدِكُمْ وَلَا تُضَارُّوهُنَّ لِتُضَيِّقُوا عَلَيْهِنَّ وَإِن كُنَّ أُولَاتِ حَمْلٍ فَأَنفِقُوا عَلَيْهِنَّ حَتَّىٰ يَضَعْنَ حَمْلَهُنَّ فَإِنْ أَرْضَعْنَ لَكُمْ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ وَأْتَمِرُوا بَيْنَكُم بِمَعْرُوفٍ وَإِن تَعَاسَرْتُمْ فَسَتُرْضِعُ لَهُ أُخْرَىٰ (6)

ئەو ئافرەتانەی کە تەڵاقێک یان دووانیان ماوە، بەگوێرەی تواناتان جێگە و ڕێگەیان بۆ دا‌بین بکەن لەلای خۆتان، نەکەن ئازاریان بدەن و تەنگەتاویان بکەن و زۆریان بۆ بهێنن، خۆ ئەگەر سکیان هەبوو، (ئەگەر سێتەڵاقەش درابوون) هەر بەخێوان بکەن و مەسرەفیان بکێشن هەتا سکەکەیان دادەنێن، خۆ ئەگەر هات و منداڵەکەیان بە شیر گۆش کرد و بەخێویان کرد ئەوە حەقی خۆیان بدەنێ، دەکرێت بەشێوەیەکی جوان و چاک ڕاوێژ لەناو یەکدا بکەن بۆ بەخێوکردنی منداڵەکە، خۆ ئەگەر پێک نەهاتن و ناکۆک بوون، ئەوە دەکرێت ئافرەتێکی تر منداڵەکەی بۆ بەخێو بکات و شیری پێ بدات.

لِيُنفِقْ ذُو سَعَةٍ مِّن سَعَتِهِ وَمَن قُدِرَ عَلَيْهِ رِزْقُهُ فَلْيُنفِقْ مِمَّا آتَاهُ اللَّهُ لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا مَا آتَاهَا سَيَجْعَلُ اللَّهُ بَعْدَ عُسْرٍ يُسْرًا (7)

جا ئەوەی دەوڵەمەندە با بەگوێرەی دەوڵەمەندییەکەی بەخشندە بێت، ئەوەیش کە کەمدەستە و هەژارە، با لەوە ببەخشێت کە خوا پێی بەخشیوە، چونکە خوا بەگوێرەی داراییی هەر کەسێک داوای بەخشین دەکات، دڵنیاش بن کە خوا دوای تەنگانە هەرزانی دەهێنێت، دوای ناخۆشی خۆشی دەهێنێت.

وَكَأَيِّن مِّن قَرْيَةٍ عَتَتْ عَنْ أَمْرِ رَبِّهَا وَرُسُلِهِ فَحَاسَبْنَاهَا حِسَابًا شَدِيدًا وَعَذَّبْنَاهَا عَذَابًا نُّكْرًا (8)

لە سەدەکانی پێشوودا چەندەها شار و شارۆچکە یاخی بوون لە فەرمانی پەروەردگاریان و فرستادەکانی، ئێمە زۆر بەتوندی حسابمان بۆ کردن و سزایەکی توند و پڕئێشمان بۆ پێش هێنان.

فَذَاقَتْ وَبَالَ أَمْرِهَا وَكَانَ عَاقِبَةُ أَمْرِهَا خُسْرًا (9)

ئیتر گیرۆدەی بەڵای خۆیان بوون و ئەو سزایەیان چەشت کە خۆیان دەستپێشکەرییان بۆ کردبوو، سەرەنجامی کار و کردەوەی خەڵکی ئەو شوێنانەش زیانێکی گەورە بوو. (ئەویش ئەمەیە کە)...

أَعَدَّ اللَّهُ لَهُمْ عَذَابًا شَدِيدًا فَاتَّقُوا اللَّهَ يَا أُولِي الْأَلْبَابِ الَّذِينَ آمَنُوا قَدْ أَنزَلَ اللَّهُ إِلَيْكُمْ ذِكْرًا (10)

لە قیامەتیشدا خوا سزای بەئێشی لەناو دۆزەخدا بۆ ئامادە کردوون، دەی کە واتە ئەی ڕۆشنبیرەکان، ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە! لە خوا بترسن پارێزکار بن دڵنیا بن خوای گەورە قورئانی بۆ ئێوە دابەزاندووە...

رَّسُولًا يَتْلُو عَلَيْكُمْ آيَاتِ اللَّهِ مُبَيِّنَاتٍ لِّيُخْرِجَ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ وَمَن يُؤْمِن بِاللَّهِ وَيَعْمَلْ صَالِحًا يُدْخِلْهُ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَدًا قَدْ أَحْسَنَ اللَّهُ لَهُ رِزْقًا (11)

هەر وەها پێغەمبەرێک کە ئایەتە ڕوونەکانی خواتان بەسەردا دەخوێنێتەوە، تا ئەوانەی کە باوەڕیان هێناوە و کردەوە چاکەکانیان ئەنجام داوە لە تاریکییەکان دەریان بهێنێت و ڕزگاریان بکات و بیانخاتە ناو نوور و ڕووناکییەوە، جا ئەوەی باوەڕ بهێنێت بە خوا و کردەوەی چاک ئەنجام بدات، ئەوە دەیخاتە باخەکانی بەهەشتەوە کە چەندەها ڕووبار بە ژێر درەخت و بەردەم کۆشکەکانیدا دەڕوات و لەوێ ژیانی هەمیشەیی و هەتاهەتایی دەبنە سەر، بێگومان خوا ڕزقوڕۆزیی چاک و پاک و فرە و فراوانی بۆ ئامادە کردوون.

اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ وَمِنَ الْأَرْضِ مِثْلَهُنَّ يَتَنَزَّلُ الْأَمْرُ بَيْنَهُنَّ لِتَعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ وَأَنَّ اللَّهَ قَدْ أَحَاطَ بِكُلِّ شَيْءٍ عِلْمًا (12)

خوا ئەو زاتەیە کە حەوت چین ئاسمانی درووست کردووە و فەرمانی خوا لە نێوانیاندا دادەبەزێت، هەر وەها بەوینەی ئەوان فەرمانی خوا بۆ زەویش دادەبەزێت و جێبەجێ دەکرێت، بۆ ئەوەی بزانن کە بەڕاستی خوا دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێکدا هەیە، بێگومان خوا بە زانست و زانیاریی خۆی گەمارۆی هەموو شتێکی داوە.

بەڕێوەبەر: عیمران حسەینی - Îmran Huseynî سه شنبه هجدهم اردیبهشت ۱۳۹۷ |