بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِیمِ
حم (1)
چەند پیتێک لە سەرەتای هەندێ لە سووڕەتەکانی قورئاندا هاتوون کە ژمارەیان «14» پیتە. نیوەی کۆی پیتەکانی زمانی عەرەبین؛ بۆ سەلماندنی «اعجاز» و مەزنی و گرنگیی قورئان کە لە توانای هیچ کەسدا نییە بەو پیتانە کتێبێکی ئاوا بێوێنە دابنێت؛ بەڕادەیەک کە ئەگەر هەمووی گرۆی ئادەمیزاد و پەری کۆ ببنەوە بۆ ئەو مەبەستە بێگومان ناتوانن. هەر وەها چەندەها نهێنیی تریشی تیایە، زاناکان لە هەندێکی دوواون، هەندێکیشیان وتوویانە: هەر خوا خۆی زانایە بە نهێنیی ئەو پیتانە.
تَنزِيلٌ مِّنَ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ (2)
ئەم قورئانە دابەزێنراوە لەلایەن پەروەردگاری خاوەنبەزەیی و میهرەبانەوە.
كِتَابٌ فُصِّلَتْ آيَاتُهُ قُرْآنًا عَرَبِيًّا لِّقَوْمٍ يَعْلَمُونَ (3)
کتێبێکە؛ ئایەت و فەرمانەکانی بەش کراوە و جیا کراوەتەوە (ئیمان و کوفر، حەڵاڵ و حەرام چاکە و خراپە... هتد)، قورئانێکە بە عەرەبییەکی ڕەوان بۆ کەسانێک کە دەیزانن و شارەزایییان هەیە (لە زمانەوانی و زانستەکان).
بَشِيرًا وَنَذِيرًا فَأَعْرَضَ أَكْثَرُهُمْ فَهُمْ لَا يَسْمَعُونَ (4)
هەر ئەم قورئانە مژدەبەخشە بە ئیمانداران، ترسێنەری کافرانە، کەچی زۆربەی موشریکان پشتیان تێ کرد و بەرهەڵستییان کرد و نایبیستن.
وَقَالُوا قُلُوبُنَا فِي أَكِنَّةٍ مِّمَّا تَدْعُونَا إِلَيْهِ وَفِي آذَانِنَا وَقْرٌ وَمِن بَيْنِنَا وَبَيْنِكَ حِجَابٌ فَاعْمَلْ إِنَّنَا عَامِلُونَ (5)
وتیشیان: ئێمە دڵەکانمان داپۆشراوە لە ئاستی ئەم بەرنامەیەدا کە تۆ بانگی ئێمە دەکەیت بۆ لای، گوێشمان کەڕ و قورسە لە ئاستیدا، لە نێوان ئێمە و تۆدا پەردە و بەربەست هەیە، تۆ هەوڵ و کۆششی خۆت بدە، بێگومان ئێمەش هەوڵ و کۆششی خۆمان دەدەین.
قُلْ إِنَّمَا أَنَا بَشَرٌ مِّثْلُكُمْ يُوحَىٰ إِلَيَّ أَنَّمَا إِلَٰهُكُمْ إِلَٰهٌ وَاحِدٌ فَاسْتَقِيمُوا إِلَيْهِ وَاسْتَغْفِرُوهُ وَوَيْلٌ لِّلْمُشْرِكِينَ (6)
ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم)، پێیان بڵێ: دڵنیا بن کە من هەر بەشەرێکم وەک ئێوە، (جیاوازییەکە تەنها ئەوەیە): من وەحی و نیگام بۆ دەکرێت کە بێگومان خوای ئێوە خوایەکی تاک و تەنهایە، کە وا بوو ئێوەش ڕووی تێ بکەن، بەڕاستی بیپەرستن؛ لە ڕێبازەکەی لا مەدەن، داوای لێخۆشبوونی لێ بکەن و چاک بزانن کە وەیل و سزای سەخت بۆ موشریک و هاوەڵگەران ئامادەیە.
الَّذِينَ لَا يُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَهُم بِالْآخِرَةِ هُمْ كَافِرُونَ (7)
ئەوانەی کە زەکات نادەن و ئەوانەش کە بێباوەڕن بە ڕۆژی قیامەت.
إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَهُمْ أَجْرٌ غَيْرُ مَمْنُونٍ (8)
بەڕاستی ئەوانەی کە ئیمان و باوەڕیان هێناوە و کار و کردەوە چاکەکانیان ئەنجام داوە پاداشتی نەبڕاوەیان بۆ هەیە...
قُلْ أَئِنَّكُمْ لَتَكْفُرُونَ بِالَّذِي خَلَقَ الْأَرْضَ فِي يَوْمَيْنِ وَتَجْعَلُونَ لَهُ أَندَادًا ذَٰلِكَ رَبُّ الْعَالَمِينَ (9)
ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) پێیان بڵێ: باشە ئاخر ئێوە باوەڕتان بەو زاتە نییە کە زەویی لە دوو ڕۆژدا دوروست کردووە؟ (ئاڵبەتە ئەو ڕۆژانە مەگەر خوا خۆی بزانێت درێژیی ماوەکەیان چەندە)، چەند هاوەڵێکیشی بۆ بڕیار دەدەن؟! ئەو بەدیهێنەر و درووستکارە پەروەردگاری هەر هەموو جیهانیان و بوونەوەرە.
وَجَعَلَ فِيهَا رَوَاسِيَ مِن فَوْقِهَا وَبَارَكَ فِيهَا وَقَدَّرَ فِيهَا أَقْوَاتَهَا فِي أَرْبَعَةِ أَيَّامٍ سَوَاءً لِّلسَّائِلِينَ (10)
لەسەر ڕووکاری زەوی كێوەکانی دامەزراندووە (کە کار دەکەنە سەر ئاو و هەوا، دیمەنی جوان دەسازێنن، لەنگەری دەگرن، ڕووبەری فراوانتر دەکەن... هتد) بەرەکەتی زۆری تێدا دابین کردووە (وەک نەوت و جۆرەها کانزا، سەرەڕای جیهانی ڕووەک و... هتد)، هەموو ڕزق و ڕۆزییەکانی تیادا بڕیار داوە هەمووی لە ماوەی چوار ڕۆژدا بە دوو ڕۆژەکەی پێشووشەوە (قەبارە و ڕەنگ و تام و بۆن و وەرز و شوێنی هەر میوە و دەغڵ و دانێک، هەر وەها گیانداران و باڵندەکانیش) تا نیاز و داخوازییەکانی ئادەمیزاد جێبەجێ بکات.
ثُمَّ اسْتَوَىٰ إِلَى السَّمَاءِ وَهِيَ دُخَانٌ فَقَالَ لَهَا وَلِلْأَرْضِ ائْتِيَا طَوْعًا أَوْ كَرْهًا قَالَتَا أَتَيْنَا طَائِعِينَ (11)
ئینجا ویستی ئاسمان ڕێک بخات و درووستی بکات لە کاتێکدا کە دووکەڵ بوو، جا بە ئاسمان و زەویی فەرموو: فەرمانبەردار و ملکەچ بن، بە خۆشی خۆتان یان بە زۆر بتانخەمە ژێر دەسەڵاتی خۆمەوە؟! هەر دوو لا خێرا وتیان: ملکەچی تۆین و چۆن دەفەرمیت وا دەکەین، (بێگومان کارێکی ئاسانە بۆ خوای بەدەسەڵات، زەوی و ئاسمان بێنێتە قسە، چونکە ئادەمیزاد جۆرەها ئامێری هێناوەتە قسە، دەم و زمان و لێویشیان نییە!).
فَقَضَاهُنَّ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ فِي يَوْمَيْنِ وَأَوْحَىٰ فِي كُلِّ سَمَاءٍ أَمْرَهَا وَزَيَّنَّا السَّمَاءَ الدُّنْيَا بِمَصَابِيحَ وَحِفْظًا ذَٰلِكَ تَقْدِيرُ الْعَزِيزِ الْعَلِيمِ (12)
لە ماوەی دوو ڕۆژدا (لەو ڕۆژانەی کە هەر خۆی ماوەیان دەزانێت) ئاسمانی کردە حەوت چین و فەرمانی بۆ هەر چینێکیش دەرکرد، ئینجا دەفەرمێت: ئاسمانی دنیاشمان ڕازاندەوە بە ئەستێرە و کردمانە چراخان و کردمانە هۆی پاڕاستن، (لە شەڕی شەیتانەکان)، ئا ئەو شتانە هەمووی بە ویست و فەرمانی زاتێکە کە باڵادەست و زانایە.
فَإِنْ أَعْرَضُوا فَقُلْ أَنذَرْتُكُمْ صَاعِقَةً مِّثْلَ صَاعِقَةِ عَادٍ وَثَمُودَ (13)
جا ئەگەر لەگەڵ ئەم هەموو باسی دەسەڵات و توانایی و زاناییی خوای گەورەدا پشتیان هەڵکرد و گوێیان نەگرت، پێیان بڵێ: من ئاگادارتان دەکەم لەوەی کە شریخە و برووسکە و کارەساتێکتان بەسەر بێت، وەک ئەوەی کە بەسەر «عاد» و «ثمود» هات...
إِذْ جَاءَتْهُمُ الرُّسُلُ مِن بَيْنِ أَيْدِيهِمْ وَمِنْ خَلْفِهِمْ أَلَّا تَعْبُدُوا إِلَّا اللَّهَ قَالُوا لَوْ شَاءَ رَبُّنَا لَأَنزَلَ مَلَائِكَةً فَإِنَّا بِمَا أُرْسِلْتُم بِهِ كَافِرُونَ (14)
کاتێک پێغەمبەرانیان بۆ ڕەوانە کرا لە پێشتر و دواتریشدا، بەم فەرمانە پیرۆزە کە؛ جگە لە خوا کەسی تر مەپەرستن، کەچی وتیان: ئەگەر پەروەردگارمان بیویستایە ڕێنمووییمان بکات ئێوەی نەدەنارد؛ بەڵکوو فریشتەی دادەبەزان! کە وا بوو ئێمە بێگومان بڕوا ناکەین بەو پەیامەی کە بە ئێوەدا ڕەوانە کراوە.
فَأَمَّا عَادٌ فَاسْتَكْبَرُوا فِي الْأَرْضِ بِغَيْرِ الْحَقِّ وَقَالُوا مَنْ أَشَدُّ مِنَّا قُوَّةً أَوَلَمْ يَرَوْا أَنَّ اللَّهَ الَّذِي خَلَقَهُمْ هُوَ أَشَدُّ مِنْهُمْ قُوَّةً وَكَانُوا بِآيَاتِنَا يَجْحَدُونَ (15)
ئەوسا قەومی "عاد" بەناحەق خۆیان بە زل و گەورە زانی لە زەویدا و وتیان: کێ هەیە بەئەندازەی ئێمە هێز و دەسەڵاتی هەبێت؟ باشە ئایا ئەوە نەیانزانی بەڕاستی ئەو خوایەی کە درووستی کردوون، ئەو لەوان هێزی زۆر زیاترە (بەڵکوو هەر بەراورد ناکرێت) و ئەوانە هەر ئینکاری ئایەت و موعجیزەکانی ئێمەیان دەکرد.
فَأَرْسَلْنَا عَلَيْهِمْ رِيحًا صَرْصَرًا فِي أَيَّامٍ نَّحِسَاتٍ لِّنُذِيقَهُمْ عَذَابَ الْخِزْيِ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَلَعَذَابُ الْآخِرَةِ أَخْزَىٰ وَهُمْ لَا يُنصَرُونَ (16)
ئەوسا ئیتر ئێمە بایەکی توند و زۆر ساردمان هەڵکردە سەریان لە چەند ڕۆژێکی شوومدا، تا هەر لە ژیانی دنیادا بە سزای سەرشۆڕییان بگەیەنین و تاڵاو بکەین بە گەروویاندا، بێگومان سزای قیامەت زیاتر سەرشۆڕکەر و تاڵترە و ئەوانە سەرفراز و ڕزگار نابن.
وَأَمَّا ثَمُودُ فَهَدَيْنَاهُمْ فَاسْتَحَبُّوا الْعَمَىٰ عَلَى الْهُدَىٰ فَأَخَذَتْهُمْ صَاعِقَةُ الْعَذَابِ الْهُونِ بِمَا كَانُوا يَكْسِبُونَ (17)
هۆزی "ثمود" ـیشمان ڕێنموویی کرد بۆ ئیمان و چاکە؛ کەچی حەزیان بە کوێری کرد، تا چاوساغی و هیدایەت و ئیمان، هەر بۆیە ئەوانیش سزای سەرشۆڕکەر و سەرگەردانکەر یەخەی پێ گرتن بەهۆی ئەو کار و کردەوانەی کە دەیانکرد.
وَنَجَّيْنَا الَّذِينَ آمَنُوا وَكَانُوا يَتَّقُونَ (18)
ئەوسا ئەوانەی کە ئیمان و باوەڕیان هێنابوو ڕزگارمان کردن، کەسانێکی بەتەقوا و خواناسیش بوون.
وَيَوْمَ يُحْشَرُ أَعْدَاءُ اللَّهِ إِلَى النَّارِ فَهُمْ يُوزَعُونَ (19)
ڕۆژێک دێت دوژمنانی خوا تێکرا کۆ دەکرێنەوە و کێش دەکرێن بەرەو ئاگری دۆزەخ، بەر و دوایان پاڵەپەستۆیانە.
حَتَّىٰ إِذَا مَا جَاءُوهَا شَهِدَ عَلَيْهِمْ سَمْعُهُمْ وَأَبْصَارُهُمْ وَجُلُودُهُم بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ (20)
هەتا کاتێک دەگەنە ئاستی ئاگرەکە گوێیان و چاوەکانیان و پێستەکانیان شایەتیان لەسەر دەدات کە چ کار و کردەوەیەکی نادرووست و خراپیان ئەنجام دەدا.
وَقَالُوا لِجُلُودِهِمْ لِمَ شَهِدتُّمْ عَلَيْنَا قَالُوا أَنطَقَنَا اللَّهُ الَّذِي أَنطَقَ كُلَّ شَيْءٍ وَهُوَ خَلَقَكُمْ أَوَّلَ مَرَّةٍ وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ (21)
ئەوسا بەغەمبارییەوە بە پێستی خۆیان دەڵێن: بۆ چی شایەتیتان لەسەر داین خۆ زەرەرتانە؟ لە وەڵامدا دەڵێن، ئەو خوایە ئێمەی هێناوەتە گوفتار کە دەتوانێت هەموو شتێک بهێنێتە قسە و گفتوگۆ، هەر ئەو زاتەشە کە یەکەم جار بەدیی هێناون و هەر بۆ لای ئەویش دەبرێنەوە (بێگومان کارێکی ئاسانە بۆ خوا چونکە ئادەمیزاد جۆرەها ئامێری هێناوەتە قسە، دەم و زمان و لێویشیان نییە!).
وَمَا كُنتُمْ تَسْتَتِرُونَ أَن يَشْهَدَ عَلَيْكُمْ سَمْعُكُمْ وَلَا أَبْصَارُكُمْ وَلَا جُلُودُكُمْ وَلَٰكِن ظَنَنتُمْ أَنَّ اللَّهَ لَا يَعْلَمُ كَثِيرًا مِّمَّا تَعْمَلُونَ (22)
ئێوە کاتی خۆی ئەوندە غەڕڕا بوون، گوناهـ و تاوانەکانتان نەدەشاردەوە، چونکە مەترسیتان نەبوو کە گوێتان و چاوتان و پێستتان شایەتیتان لەسەر بدات، بەڵام گومانتان وا بوو کە بەڕاستی خوا زۆر ئاگادار نییە بەو کار و کردەوانەی کە ئەنجامی دەدەن.
وَذَٰلِكُمْ ظَنُّكُمُ الَّذِي ظَنَنتُم بِرَبِّكُمْ أَرْدَاكُمْ فَأَصْبَحْتُم مِّنَ الْخَاسِرِينَ (23)
ئا ئەوە بوو گومانی ناپەسەندتان کە بووتان بەرانبەر پەروەردگارتان؛ ئێستا بوو بەهۆی داخزان و تیاچوونتان و بەو هۆیەوە چوونە ڕیزی زەرەرمەندانەوە.
فَإِن يَصْبِرُوا فَالنَّارُ مَثْوًى لَّهُمْ وَإِن يَسْتَعْتِبُوا فَمَا هُم مِّنَ الْمُعْتَبِينَ (24)
جا ئەگەر بەناچاری خۆگری بنوێنن، ئەوە ئاگر جێگەیانە، ئەگەر داوای لێبووردن و چاوپۆشی بکەن چاوپۆشییان لێ ناکرێت و داوایان لێ وەرناگیرێت.
وَقَيَّضْنَا لَهُمْ قُرَنَاءَ فَزَيَّنُوا لَهُم مَّا بَيْنَ أَيْدِيهِمْ وَمَا خَلْفَهُمْ وَحَقَّ عَلَيْهِمُ الْقَوْلُ فِي أُمَمٍ قَدْ خَلَتْ مِن قَبْلِهِم مِّنَ الْجِنِّ وَالْإِنسِ إِنَّهُمْ كَانُوا خَاسِرِينَ (25)
ئەوانە بەهۆی تاوان و سەرکەشییانەوە کەسانێکمان کردە هاوەڵیان کە کار و کردەوەی ڕابردوو و داهاتوویان بۆ بڕازێننەوه، تا سەرەنجام بڕیاری تۆڵە ئەمانیشی گرتەوە وەک کۆمەڵانی پێش ئەمان لە پەری و ئینسانەکان، بەڕاستی هەر هەموویان زەرەرمەند و دۆڕاون.
وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لَا تَسْمَعُوا لِهَٰذَا الْقُرْآنِ وَالْغَوْا فِيهِ لَعَلَّكُمْ تَغْلِبُونَ (26)
بێباوەڕان دەیانوت: گوێ مەگرن بۆ ئەم قورئانە و بیکەن بە گاڵە و هەرا و هوریا (لەم سەردەمەدا ئەو ڕاگەیاندنەی بەدەست ناحەزانەوەیە ئەو ڕۆڵە دەبینێت) بۆ ئەوەی ئێوە زاڵ ببن و بیبەنەوە.
فَلَنُذِيقَنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا عَذَابًا شَدِيدًا وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَسْوَأَ الَّذِي كَانُوا يَعْمَلُونَ (27)
(ئەو جۆرە کەسانە بۆ کوێ دەچن) کە وا بوو سوێند بە خوا هەر دەبێت تاڵاوی سزای سەخت بکەین بە گەرووی ئەوانەی کە بێباوەڕ بوون، لە داهاتووشدا بە خراپتر لەو کار و کردەوانەی کە دەیانکرد تۆڵەیان لێ دەستێنین.
ذَٰلِكَ جَزَاءُ أَعْدَاءِ اللَّهِ النَّارُ لَهُمْ فِيهَا دَارُ الْخُلْدِ جَزَاءً بِمَا كَانُوا بِآيَاتِنَا يَجْحَدُونَ (28)
ئا ئەوەیە پاداشتی دوژمنانی خوا هەر ئاگرەکەی دۆزەخە، کە ماڵ و نیشتەجێی هەمیشەیییانە، لە تۆڵەی ئەوەی کە سەرسەختانە بەرەنگاری ئایەتەکانی ئێمەیان دەکرد.
وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا رَبَّنَا أَرِنَا اللَّذَيْنِ أَضَلَّانَا مِنَ الْجِنِّ وَالْإِنسِ نَجْعَلْهُمَا تَحْتَ أَقْدَامِنَا لِيَكُونَا مِنَ الْأَسْفَلِينَ (29)
لە قیامەتدا ئەوانەی بێباوەڕ بوون وتیان: پەروەردگارا! ئەو دوو دەستەیەمان نیشان بدە لە پەری و ئادەمیزاد کە گومڕایان کردین بیانخەینە ژێر پێمانەوە، تا هەر لە ژێرەوە بن.
إِنَّ الَّذِينَ قَالُوا رَبُّنَا اللَّهُ ثُمَّ اسْتَقَامُوا تَتَنَزَّلُ عَلَيْهِمُ الْمَلَائِكَةُ أَلَّا تَخَافُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَبْشِرُوا بِالْجَنَّةِ الَّتِي كُنتُمْ تُوعَدُونَ (30)
ئەوانەی بەڕاستی وتیان: پەروەردگارمان (الله) ـیە، لەوەو دوا بەردەوام پابەندی ئەو ڕێبازە ڕاستە بوون، ئەوە لە سەرەمەرگدا دەستە دەستە فریشتە دادەبەزن بۆ لایان، پێیان دەڵێن: هیچ ترس و بیمێکتان نەبێت لە داهاتوو، هیچ غەم و پەژارەیەکتان نەبێت بۆ ڕابردوو، مژدەتان لێ بێت بەو بەهەشتەی کە لە کاتی خۆی بەڵێنتان پێ دەدرا...
نَحْنُ أَوْلِيَاؤُكُمْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَفِي الْآخِرَةِ وَلَكُمْ فِيهَا مَا تَشْتَهِي أَنفُسُكُمْ وَلَكُمْ فِيهَا مَا تَدَّعُونَ (31)
(خوای گەورە و فریشتەکانیش دەفەرموون): ئێمە یار و یاوەر و هاوکار و پشتیوانی ئێوەین لە ژیانی دنیا و قیامەتیشدا مژدەتان لێ بێت لە بەهەشتدا هەر چی ئارەزووی دەکەن و داوای دەکەن بۆتان ئامادەیە...
نُزُلًا مِّنْ غَفُورٍ رَّحِيمٍ (32)
ئەو بەهرەیەش لەلایەن پەروەردگارێکەوە پێشکەشتان دەکرێت کە لێبووردە و میهرەبانە.
وَمَنْ أَحْسَنُ قَوْلًا مِّمَّن دَعَا إِلَى اللَّهِ وَعَمِلَ صَالِحًا وَقَالَ إِنَّنِي مِنَ الْمُسْلِمِينَ (33)
جا کێ لەو کەسە جوانگفتارتر و قسەیبەجێترە کە بانگەوازی کردووە بۆ لای خوا، کار و کردەوەی چاکیشی ئەنجام داوە، وتووشیەتی: بەڕاستی من لە ڕیزی موسوڵماناندام.
وَلَا تَسْتَوِي الْحَسَنَةُ وَلَا السَّيِّئَةُ ادْفَعْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ فَإِذَا الَّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ (34)
بێگومان چاکە و خراپە وەک یەک نین، (تۆ ئەی باوەڕدار) بە جوانترین و چاکترین شێوە بەرەنگاری خراپە و نادرووستی بکە، ئەو کاتە ئیتر دەبینیت ئەوەی کە لە نێوان تۆ و ئەودا دوژمنایەتی و ساردییەک هەیە؛ دەبێتە دۆستێکی دڵسۆز و گیانیبەگیانی.
وَمَا يُلَقَّاهَا إِلَّا الَّذِينَ صَبَرُوا وَمَا يُلَقَّاهَا إِلَّا ذُو حَظٍّ عَظِيمٍ (35)
جا کەسیش ناتوانێت بەو ڕەفتارە هەستێت جگە لەوانەی کە ئارامیان گرتووە، هەر وەها کەسیش ناتوانێت هەڵوێستی وا بنوێنێت جگە لە کەسێک نەبێت کە خاوەنی بەهرەیەکی گەورە بێت.
وَإِمَّا يَنزَغَنَّكَ مِنَ الشَّيْطَانِ نَزْغٌ فَاسْتَعِذْ بِاللَّهِ إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ (36)
ئەی ئیماندار؛ ئەگەر لەلایەن شەیتانەوە خەتەرە و خەیاڵی نادرووست لە دڵ و دەروونتدا درووست بوو، ئەوە تۆ داوای یارمەتی لە خوا بکە و پەنای پێ بگرە، چونکە بەڕاستی ئەو زاتە بیسەر و زانایە.
وَمِنْ آيَاتِهِ اللَّيْلُ وَالنَّهَارُ وَالشَّمْسُ وَالْقَمَرُ لَا تَسْجُدُوا لِلشَّمْسِ وَلَا لِلْقَمَرِ وَاسْجُدُوا لِلَّهِ الَّذِي خَلَقَهُنَّ إِن كُنتُمْ إِيَّاهُ تَعْبُدُونَ (37)
لە نیشانە و بەڵگەکانی دەسەڵاتی پەروەردگار شەو و ڕۆژ و خۆر و مانگە، هەرگیز نەکەن سوژدە بۆ خۆر، یان مانگ ببەن، بەڵکوو سوژدە تەنها بۆ ئەو خوایە ببەن کە درووستی کردوون، ئەگەر ئێوە خۆتان بە بەندەی ڕاستەقینەی ئەو دەزانن و هەر ئەو دەپەرستن.
فَإِنِ اسْتَكْبَرُوا فَالَّذِينَ عِندَ رَبِّكَ يُسَبِّحُونَ لَهُ بِاللَّيْلِ وَالنَّهَارِ وَهُمْ لَا يَسْأَمُونَ ۩ (38)
جا ئەگەر بێبڕواکان خۆیان بە زل و گەورە بزانن، (ئەوە وازیان لێ بهێنە) چونکە ئەو فریشتانەی لە خزمەت پەروەردگاری تۆدان شەو و ڕۆژ سەرگەرمی تەسبیحات و ستایشن، هەرگیز بێزاری ڕوویان تێ ناکات خۆیان بە گەورە نازانن.
وَمِنْ آيَاتِهِ أَنَّكَ تَرَى الْأَرْضَ خَاشِعَةً فَإِذَا أَنزَلْنَا عَلَيْهَا الْمَاءَ اهْتَزَّتْ وَرَبَتْ إِنَّ الَّذِي أَحْيَاهَا لَمُحْيِي الْمَوْتَىٰ إِنَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ (39)
لە بەڵگە و نیشانەکانی خوا ئەوەیە کە دەبینیت زەوی کشوماتە، جا کاتێک باران بەسەریدا دەبارێنین دەخرۆشێت و گەشە و نەش و نما دەکات، چونکە بەڕاستی ئەو زاتەی کە زەویی زیندوو کردەوه، مردووانیش زیندوو دەکاتەوە، بێگومان ئەو خوایە دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێکدا هەیە..
إِنَّ الَّذِينَ يُلْحِدُونَ فِي آيَاتِنَا لَا يَخْفَوْنَ عَلَيْنَا أَفَمَن يُلْقَىٰ فِي النَّارِ خَيْرٌ أَم مَّن يَأْتِي آمِنًا يَوْمَ الْقِيَامَةِ اعْمَلُوا مَا شِئْتُمْ إِنَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ (40)
بەڕاستی ئەوانەی کە سەرسەخت و بێبڕوان و دژایەتیی ئایەت و فەرمانەکانی ئێمە دەکەن و لێی لا دەدەن. خۆیان ناشارنەوە لە ئێمە، باشە، ئەوەی فڕێ بدرێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە چاکترە یان ئەو کەسەی کە بەدڵنیایی و ئارامی و هێمنییەوە دێت لە ڕۆژی قیامەتدا و بەرەو بەهەشت بە ڕێزەوە بەڕێ دەکرێت؟! ئەی بێباوەڕان هەر چیتان لە دەست دێت بیکەن، چونکە لە دەستی خوا دەرناچن، دڵنیاش بن خوا بینایە بەو کردەوانەی دەیکەن.
إِنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا بِالذِّكْرِ لَمَّا جَاءَهُمْ وَإِنَّهُ لَكِتَابٌ عَزِيزٌ (41)
بەڕاستی ئەوانەی کە باوەڕیان نەبووە بەو قورئانە لە کاتێکدا بۆیان هات، بێگومان ئەو قورئانەش کتێبێکی زۆر بەنرخ و ناوازە و سەرکەوتووە...
لَّا يَأْتِيهِ الْبَاطِلُ مِن بَيْنِ يَدَيْهِ وَلَا مِنْ خَلْفِهِ تَنزِيلٌ مِّنْ حَكِيمٍ حَمِيدٍ (42)
هیچ ناحەقی و نادرووستی و ناتەواوییەک ڕووی تێ ناکات لە هیچ کاتێکدا و لە هیچ لایەکەوە ڕەوانەکراو و نێردراوی زاتێکە کە خاوەنی حیکمەت و دانایییە و شایانی سوپاس و ستایشە.
مَّا يُقَالُ لَكَ إِلَّا مَا قَدْ قِيلَ لِلرُّسُلِ مِن قَبْلِكَ إِنَّ رَبَّكَ لَذُو مَغْفِرَةٍ وَذُو عِقَابٍ أَلِيمٍ (43)
ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) شتێک بە تۆ ناوترێت، کە بە پێغەمبەرانی پێش تۆ نەوترابێت، بەڕاستی پەروەردگاری تۆ خاوەنی لێبووردن و لێخۆشبوونە بۆ باوەڕداران و تۆڵەسێنەری بەئازار و ئێشە لە بێباوەڕان.
وَلَوْ جَعَلْنَاهُ قُرْآنًا أَعْجَمِيًّا لَّقَالُوا لَوْلَا فُصِّلَتْ آيَاتُهُ أَأَعْجَمِيٌّ وَعَرَبِيٌّ قُلْ هُوَ لِلَّذِينَ آمَنُوا هُدًى وَشِفَاءٌ وَالَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ فِي آذَانِهِمْ وَقْرٌ وَهُوَ عَلَيْهِمْ عَمًى أُولَٰئِكَ يُنَادَوْنَ مِن مَّكَانٍ بَعِيدٍ (44)
ئەگەر ئەم قورئانەمان بەزمانی گەلانی تر بناردایە، ئەوە بێباوەڕان دەیانوت: ئایا نەدەبوو ئایەتەکانی ڕوون و ئاشکرا بوایە و زمانی خۆمان بوایە، چۆن دەبێت قورئان بە زمانی بێگانە بێت؟ لە کاتێکدا موحەممەد (صلی الله علیه و سلم) بە عەرەبی دەدوێت؟! ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) پێیان بڵێ: ئەم قورئانە بۆ ئەوانەی باوەڕیان هێناوە هیدایەت و ڕێنموویی و شیفایە و چارەسەری هەموو دەرد و نەخۆشییەکان دەکات، جا ئەوانەی کە باوەڕ ناهێنن گوێچکەیان کەڕە و بە شتی تر ئاخنراوە، هەر وەها کوێرن لە ئاستیدا، ئەوانە هەر وەک لە دوورەوە بانگیان لی بکرێت وایە (نە دەنگەکە بە چاکی دەبیسن، نە ڕەنگەکە بە ڕوونی دەبینن)
وَلَقَدْ آتَيْنَا مُوسَى الْكِتَابَ فَاخْتُلِفَ فِيهِ وَلَوْلَا كَلِمَةٌ سَبَقَتْ مِن رَّبِّكَ لَقُضِيَ بَيْنَهُمْ وَإِنَّهُمْ لَفِي شَكٍّ مِّنْهُ مُرِيبٍ (45)
سوێند بە خوا بەڕاستی تەوراتمان بەخشی بە مووسا، کەچی ناکۆکی تیادا کرا، خۆ ئەگەر بڕیارێکی پێشتر لە لایەن پەروەردگارتەوە نەبوایە، (کە تۆڵە لە کافران بخاتە قیامەت) ئەوە لەناوی دەبردن، بێگومان ئەوان هەر لە شک و گومانێکی بێسەروبندان کە خەڵکیش دەخاتە گومانەوە.
مَّنْ عَمِلَ صَالِحًا فَلِنَفْسِهِ وَمَنْ أَسَاءَ فَعَلَيْهَا وَمَا رَبُّكَ بِظَلَّامٍ لِّلْعَبِيدِ (46)
ئەوەی چاکە بکات پاداشتی چاکەکەی بۆ خۆیەتی، ئەوەش کە خراپە و تاوان بکات هەر لەسەر خۆی دەکەوێت، دڵنیا بە کە پەروەردگاری تۆ بچووکترین ستەم لە بەندەکانی ناکات.
إِلَيْهِ يُرَدُّ عِلْمُ السَّاعَةِ وَمَا تَخْرُجُ مِن ثَمَرَاتٍ مِّنْ أَكْمَامِهَا وَمَا تَحْمِلُ مِنْ أُنثَىٰ وَلَا تَضَعُ إِلَّا بِعِلْمِهِ وَيَوْمَ يُنَادِيهِمْ أَيْنَ شُرَكَائِي قَالُوا آذَنَّاكَ مَا مِنَّا مِن شَهِيدٍ (47)
زانینی بەرپابوونی ڕۆژی قیامەت تەنها لای خوایە و بۆ لای ئەو دەبرێتەوە، هەر چی بەروبووم تۆوێک لە خونچە و چرۆکەیەوە چەکەرە دەکات خوا ئاگادارە لێی، هیچ مێینەیەک سکی نابێت و بەچکە و بەرهەمەکەی دانانێت تەنها بە ئاگاداری خوا نەبێت، (ئا بەو شێوەیە خوا دەسەڵاتەکانی خۆی دەخاتە بەر چاو)، کەچی زۆربەی خەڵکی قەدری نازانن، ئەو ڕۆژەش کە بانگیان دەکات و لێیان دەپرسێت: کوان هاوەڵ و هاوتاکانم؟! ئەوانەیش لە وەڵامدا دەڵێن: پەروەردگارا! ئێمە هەواڵت دەدەینێ و جاڕ دەدەین کە کەسمان هەڵەی وا نایەت بە دەمماندا و شایەتی لەسەر شتی وا نادەین.
وَضَلَّ عَنْهُم مَّا كَانُوا يَدْعُونَ مِن قَبْلُ وَظَنُّوا مَا لَهُم مِّن مَّحِيصٍ (48)
ئیتر ئەوەی کە جاران دەیانپەرست و هانا و هاواریان بۆ دەبرد و جێگەی ئومێدیان بوو لێیان ون بوو و نرخی نەما، دڵنیاش بوون کە ئیتر هیچ چارە و ڕزگاربوونێکیان نییە.
لَّا يَسْأَمُ الْإِنسَانُ مِن دُعَاءِ الْخَيْرِ وَإِن مَّسَّهُ الشَّرُّ فَيَئُوسٌ قَنُوطٌ (49)
ئادەمیزاد هەرگیز بێزار نابێت لە داخوازیی چاکە و خۆشی و ئاسوودەیی بۆ خۆی، خۆ ئەگەر ناخۆشییەکی تووش بێت، ئەوە نائومێد و بێهیوایە.
وَلَئِنْ أَذَقْنَاهُ رَحْمَةً مِّنَّا مِن بَعْدِ ضَرَّاءَ مَسَّتْهُ لَيَقُولَنَّ هَٰذَا لِي وَمَا أَظُنُّ السَّاعَةَ قَائِمَةً وَلَئِن رُّجِعْتُ إِلَىٰ رَبِّي إِنَّ لِي عِندَهُ لَلْحُسْنَىٰ فَلَنُنَبِّئَنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا بِمَا عَمِلُوا وَلَنُذِيقَنَّهُم مِّنْ عَذَابٍ غَلِيظٍ (50)
سوێند بە خوا ئەگەر ئادەمیزاد خێر و خۆشی بەسەردا بڕێژین و پێ بچێژین، لە دوای ئەو تەنگانەیەی کە تووشی هاتبوو، بە متمانەیەکی زۆرەوە دەڵێت: ئەمە بە ڕەنجی شانی خۆم پەیدام کردووە و خوا خۆشی دەوێم، وا بزانم قیامەت زۆر دوورە و ڕەنگە هەر نەشبێت، خۆ ئەگەر بمگێڕنەوە بۆ لای پەروەردگارم، ئەوە دڵنیام کە خۆش و ناز و نیعمەتم لای ئەو بۆ ئامادەیە، بێگومان ئەوانەی کە بێباوەڕ بوون ئەو کار و کردەوە ناشیرینانەیان دەخەینە ڕوو و هەواڵیان پێ دەدەین، هەر وەها سزای سەخت و دژوار و ناخۆشیان پێ دەچەژین لە ناو دۆزەخدا.
وَإِذَا أَنْعَمْنَا عَلَى الْإِنسَانِ أَعْرَضَ وَنَأَىٰ بِجَانِبِهِ وَإِذَا مَسَّهُ الشَّرُّ فَذُو دُعَاءٍ عَرِيضٍ (51)
زۆربەی ئادەمیزاد کاتێک ناز و نیعمەتی بەسەردا بڕێژین پشت هەڵدەکات و سەرپێچی دەکات و ملکەچی ڕاستی نابێت و خۆ بەزل و گەورە دەزانێت و بەلای خۆیدا دای دەتاشێت، کاتێکیش ناخۆشی و نەهامەتیی تووش هات، ئەوە دۆعا و نزا و پاڕانەوەی زۆر بەگەرموکوڵ و پانوپۆڕە!
قُلْ أَرَأَيْتُمْ إِن كَانَ مِنْ عِندِ اللَّهِ ثُمَّ كَفَرْتُم بِهِ مَنْ أَضَلُّ مِمَّنْ هُوَ فِي شِقَاقٍ بَعِيدٍ (52)
ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) پێیان بڵێ: هەواڵم بدەنێ، باشە: ئەگەر ئەم قورئانە لەلایەن خواوە بێت، پاشان ئێوەش بڕواتان پێیی نەبێت، دەزانن چ سەرەەنجامێکی سامناک چاوەڕێتانە؟ جا ئیتر کێ هەیە لە ئێوە سەرسەختتر و لاڕێتر لەوەی کە ڕێگەی جیا و دوور لە ڕاستی گرتبێتە بەر.
سَنُرِيهِمْ آيَاتِنَا فِي الْآفَاقِ وَفِي أَنفُسِهِمْ حَتَّىٰ يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ أَوَلَمْ يَكْفِ بِرَبِّكَ أَنَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ (53)
ئێمە لە داهاتوودا بەڵگە و نیشانەی سەرسوڕهێننەریان نیشان دەدەین لە ئاسۆکانی بوونەوەردا و لە خودی خۆیشیاندا (بێگومان ئاشکرایە کە لە سەردەمی زانستیدا چەندە نهێنییەکانی بوونەوەر ئاشكرا بووە... زاناکان بە گشتی و زاناکانی ئەستێرەناسی سەرگەردانن لە وردەکاری و دامەزراوی و گەورەیی و فراوانیی ئەم گەردوونە، هەر وەها لە ئاڵۆزی جەستەیی و عەقڵی و دەروونی ئادەروونی ئادەمیزاد)، ئەمەش بۆ ئەوەی تا چک بۆیان ڕوون بێت و دڵنیا بن کە ئەو زاتە حەق و ڕاست و ڕەوایە، ئایا شایەتی پەرورەردگارت بەس نییە کە بێگومان ئاگا و زانایە بە هەموو شتێک؟!
أَلَا إِنَّهُمْ فِي مِرْيَةٍ مِّن لِّقَاءِ رَبِّهِمْ أَلَا إِنَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ مُّحِيطٌ (54)
(لەگەڵ هەموو بەڵگە و نیشانانەدا) ئاگادار بن بەڕاستی ئەوانە هەر گومانیان هەیە لە بەیەکگەیشتن و ئامادەبوونی بەردەم پەروەرردگاریان، ئاگادار بە و دڵنیا بە کە ئەو زاتە بە هەموو شتێک زانایە و بە هەموو شتێک ئاگادارە و دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێکدا هەیە و هیچ شتێک لەو یاخی نابێت.